چی لەسەر تابلێتەكانی مۆزەخانەی شارستانی هەولێر دەزانن

:: PM:05:09:28/06/2017 ‌

تابلێت پارچە خشتێكی سوركراوەی دەستی مرۆڤی پێشینیانە كە بەهۆی بوونی نووسینی بزماری لەسەری بە بەڵگەیەكی گرنگی شوێنەواری دادەنرێت. لەبەر ئەوەی نووسراوی سەر ئەو تابلێتە باس لە ژیان و بارودۆخی سەردەمی سایتە شوێنەوارییەكان دەكات.

زۆر جار ئەم تابلێتانە تایبەت كراون بە نووسین و تۆمار كردنی بوارێكی تایبەت بەو سەردەمە كە پەیوەستن پێیەوە. یەكێك لەو شەش تابلێتەی كە لە هۆڵی ژمارە 1ی مۆزەخانەی شارستانی هەولێر دانراوە تایبەتە بە فێركردن و پێدەچێت بۆ فێربوونی خوێندن و نووسین بەكار هاتبێت، ئەم تابلێتە كە رەنگی بێجییەكی كاڵە، مێژووەكەی بۆ سەردەمی بابلی كۆن دەگەڕێتەوە.

لەناو هەمان ئەو تابلێتانەدا، تابلێتێكی قەبارە بچووكی قاوەیی هەیە كە شوێنەوارناسان پێیان وایە وەكو پاداشت بەكار هاتووە.

گرنگیدان بە بازرگانی و بواری ئابووری لە سەردەمی دەسەڵاتدارانی ئاشوورییەكاندا زۆر پڕ بایەخ بووە، ئەویش لە دوو دانە لەو 10 تابلێتەی كە لە هۆلی ژمارە 2ی هەمان مۆزەخانە نمایش كراون دەردەكەوێت، لە سەر ئەم تابلێتانە كە رەنگیان زەرد و بێجییە و نووسینی بزماری لەسەرە، باس لە بواری بازرگانی و كڕین و فرۆشتن لەگەڵ ناوی شایەتەكان كراوە.

زیاتر لە 16 تابلێت لە مۆزەخانەی شارستانی هەولێر هەیە كە مێژوویان بۆ سەردەمە جیاوازەكان دەگەڕێتەوە و هەر یەكەو باس لە بوار و سەردەمێكی تایبەت دەكات.

هەولێر/سارا سەردار









وشە - ڕێبین فه‌تاح