ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیاران ڕوویان لە هەرێمی كوردستان كردووە بەمەبەستی بەسەر بردنی كاتێكی خۆش و سەردانی كردنی ناوچە مێژوویی و گەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان، شەوانەش بازاڕەكان تا سەعات دووی شەو پڕبووە لە جموجۆڵی گەشتیاران.
ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی حوزەیران، نادر ڕۆستی گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ژمارەیەكی زۆری گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان كەبەشی زۆری لەخوار و ناوەڕستی عێراقن.
گوتەبێژی دەستەی گەشوگوزار دەڵێت، تاوەكو 27ی حوزەیران زیاتر لە 140 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی كوردستان پێشبینی دەكرێت ئەم ڕێژەیەش بەرز بێتەوە و ژمارەكەش زیاتر بێت، چونكە هاتنی گەشتیاران بەردەوامە.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، بەردەوامن لە پەرەپێدان و بوژاندنەوەی كەرتی گەشتوگوزار لە سەر بنەمای جێبەكردنی پلانی ستراتیژی دەستەی گەشتوگوزار بە پاڵپشتی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و سەرپەرشتی راستەوخۆی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ جێبەكردنی ژمارەیەك پرۆژەی گەشتیاری لە ناوچەكانی بێخاڵ، كانی ماران، گەلی عەلی بەگ و چەند پڕۆژەیەكی تر لە ئایندەیەكی نزیك لە چەند ناوچەیەكی تر جێبەجێ دەكرێت وەك ئەحمەدئاوا و سەرسەنگ.
زۆرینەی گەشتیارانی هەرێمی كوردستان لە پارێزگاكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراقەوە دێن، ساڵانە لەگەڵ وەرزی گەرمادا ژمارەیەكی زۆر لە گەشتیار بەرەو ناوچە سروشتییەكانی هەرێمی كوردستان و هاوینە هەوارەكان دێن.
فۆتۆ/ رامیار جەواد