ئەوانەی لە دەرزی دەترسن چارەسەرێكی نوێ‌ داهێنرا

:: PM:12:23:29/06/2017 ‌

زانایان لەزگەیەكیان پەرەپێداوە كە بە ئاسانی بە پێستدا دەنووسێت و لە رێگەی دەرزییە زۆر وردەكانەوە، ڤاكسینی دژبە پەتاكان دەگەیەنێتە ناو لەشی مرۆڤ بەتایبەت بۆ ئەو كەسانەی لە دەرزی دەترسن.

بە پێی ئەو لێكۆڵینەوەیەی لە گۆڤاری ''لانسێت''دا بڵاوكراوەتەوە، ئەو لەزگەیە بە تایبەت بۆ ئەو كەسانە بەرهەمهێنراوە كە لە دەرزی دەترسن و دەبێتە رێگەخۆشكەر بۆ ئەوەی ژمارەیەكی زۆر لەو كەسانە بتوانن ڤاكسیدانی دژبە پەتا وەربگرن.

ئەو زانایەی كە لێكۆڵینەوەكەی ئەنجامداوە، پرۆفیسۆر دكتۆر مارك پرۆسنیتز لە پەیمانگەی تەكنەلۆجیی جۆرجیا، رایگەیاندووە، لەزگەكە دەرزیلەی ورد لە خۆدەگرێت كە بێ ئەوەی ببنە مایەی هیچ جۆرە ئێش و ئازارێك، كونی ورد لە پێستدا دەكەنەوە و ڤاكسینەكە دەگەیەننە لەش.

لای خۆیشییەوە دكتۆر نادین رۆفڵ لە زانكۆی ئێمرۆی رای گەیاندووە، بە هۆی لەزگەكەوە دەتوانن بێ ئەوەی بچنە هیچ بنكەیەكی تەندروستی لە ماڵەوە یان لەسەر كار، ڤاكسینی دژبە پەتا وەربگرن.

لەزگەكە لەسەر ١٠٠ خۆبەخش تاقیكراوەتەوە و تێستی سەلامەتی تێپەڕاندووە.

ئەو لەزگەیە كە هاوشێوەی ڤاكسینەكانی دیكە، پێویست ناكات لە ساردكەرەوەدا هەڵبگیرێت، بە هۆی ئەو تایبەتمەندییەشییەوە دەبێتە مایەی ئاسانكاریی زیاتر.

سەرچاوە/ ئەنادۆڵ



وشە - رامیار جەواد