ژنێكی دانیشتوی شاری هەولێر دوای ئەوەی هاوسەرگیری لەگەڵ كوڕێكی هاوشاری خۆیدا دەكات، بەهۆی و دڵ پیسی و هەموو ئەو توندووتیژیانەی لەلایەن پیاوەكەیەوە بەرامبەری دەكرێت چەند جارێك لەنەخۆشخانە دەخەوێندرێت، دواتر بەهۆی پلانێكی هاوسەرەكەیەوە دەگەڕێتەوە بەڵام ئەمجارە خراپتری بەرامبەر دەكرێت و فەقەراتی پشتی دەشكێنرێت و دواتر بە هەڕەشەی ئابڕو بردن ناچاری قبوڵكردنی تەڵاق دەكرێت.
هێرۆ ژنێكی تەمەن ٣٣ ساڵە، ماوەی حەوت ساڵە هاوسەرگیری لەگەڵ ئاسۆدا كردووە، بەڵام بەهۆی خراپی دڵ پیسی ئاسۆ و تێكەڵ بوونی ماڵی زۆری لەگەڵ ماڵی باوكیەوە ژیانی هاوسەریان كۆتای پێدێت، لەماوەی ئەو ساڵانەدا هێرۆ چەند جارێك زۆر بەتوندی لەلایەن ئاسۆ وە لێی دەدرێت لێدانێك كەبەچەند بەڵگەیەكی پزیشكی لەلای هێرۆ سەلمێنراون، هێرۆ كە ساڵانێكی زۆری لە توندوتژی نزیكترین پیاو لەخۆیەوە بەرامبەر كراوە ئاوا باسی ژیانی خۆی لەگەڵ ئاسۆدا بۆ "وشە" كرد، ئاسۆ لە دەرەوەی وڵات دەژیا، لەڕێگەی هاوڕێیەكمەوە یەكتیرمان ناسی هەر لەرێگەی ئینتەرنێتەوە قسەمان كرد، ماوەی چەند مانگ پەیوەندیەكی زۆرباشمان هەبوو بەڵێنی ئەوەی پیدام بمبات بۆ دەرەوەی وڵات، بەڵام كاتێك گەڕایەوە بەقسەی دایك و خوشكەكەی كردوو بڕیاریدا نەگەڕایەوەی بۆ دەرەوەی وڵات دا.
ئاسۆ ناگەڕێتەوەو بەڵێن بە هێرۆ دەدات لە باشترین ژیاندا لە هەولێر بیژیەنێت بێئەوەی ڕێگە بدات هیچ كەس تێكەڵیان ببێت، هێرۆ و ئاسۆ هاوسەرگیری دەكەن لەشەوی مارەكردندا خوشكەكانی لەگەڵ هێرۆدا دەیكەن بەشەر، چونكە هێرۆ لەچكی لەسەر نەكردووە و جلەكانی داپۆشراونیە، كێشەكانی هێرۆ لەگەڵ ماڵی خەسویدا لە رۆژی مارەكردن دەست پێ دەكات ولە دادگا كۆتای دێت، هێرۆ كە ماوەی چەند مانگێك بەوپەڕی ناخۆشی لەگەڵ مالی خەسویدا تێدەپەڕێنێت، دواتر ئاسۆ ڕازی دەكات ماڵی خۆیان بكەن، مالی باوكی هێرۆ خانوو بۆ كچەكەیان دەكڕن بەڵام ئاسۆ بەو مەرجە ڕازی دەبێت ماڵی جیابكاتەوە لە نزیكی ماڵی باوكی بێت، بۆیە كاتێك هێرۆ وئاسۆ جیا دەبنەوە جیاوازیەكی ئەو تۆیی نابێت، چونكە لەهەمان كۆڵاندا دەژین، هێرۆ كە تاڵاوی زۆری لەو چەند ساڵەدا چەشتوە ئاوا باسی لە خراپیەكەنی ئاسۆ كرد، ئاسۆ لەدوای هاوسەرگیری بوو بە پیاوێكی دیكە، وەك منداڵێك وابوو دایكی وخوشكەكانی چیان پێ بگوتبایە ئەوەی دەكرد، هەموو شتێكی لەمن تەرك كردبوو هاتوچۆی ماڵی خزم و خوشك و براكانم، تەنیا بۆم هەبوو مانگی جارێك بچمە مالی باوكم لەگەڵ خۆی و لەگەڵ خۆی بێمەوە، ئەگەر هەر شتێكیشم بگوتبایە ئەوە وەك درندە دەكەوتە سەرموو لێی دەدام، لێدانی ئەو جارێك و دوان نەبوو بەڵام من قبوڵم دەكرد دەمگوت بەزۆری شوم پێكرد با شەرمەزاری باوكم و برام نەبم.
هێرۆ جارێك بەهۆی لێدانی مێردەكەیەوە منداڵی لەبار دەچێت، بۆ دووەم جار كە دووگیان دەبێت و كورێكی دەبێت، ئیدی ئومێدێك دێتە دڵێ هێرۆوە بۆ ئەوەی هەم ماڵی خەسوی هەم ئاسۆش لەگەڵی باشببێت، بەڵام هیچ ناگۆڕێ ئاسۆ رۆژ بەڕۆژ خراپتر دەبێت و قسەو كردای مالی خەسوشی زیاتردەبێت، هێرۆ دەڵێت جارێكیان لە ئاهەنگی خوشكی گەڕاینەوە، بیانوی بە تەسكی جلەكانمەوە گرت، هەرچی وت من لەبەر كورەكەم بێدەنگ بووم، بەڵام ئەو هەر درێژەی پێدا ، تا گەشتینەوە ماڵ ئەوەیندەی لێدام سەری بەدوو شوێن شكاند دەموچاوی كردم بەخوێن، منیش تەلەفۆنم بۆ براكەم كرد هاتن بردایانم بۆ فریاكەوتن، لەوێ بەڵگەی پزیشكیان بۆ كردم و من گوتم كە مێردەكەم لێی داوم، بۆ ڕۆژی دواتر لە دادگا شكاتم كردبەڵام پێش كاتی دادگاییەكە، ئاسۆ كە لەرێگەی پارێزەرەكەیەوە زانیبووی من هەموو مافێكم بەردەكەوێت، چونكە ئەو هێرشی كردۆتە سەرموو منیش بەڵگەم پێیە، ئیدی بەخۆیی و خێزانەكەیەوە كەوتنە پاڕانەوە و هەزار بەڵێنیانداو منیان گەڕاندەوە، مالەوەمان ڕازی نەبوون بەڵام من گوتم با ماڵم لێتێك نەچێ و ژیانی كورەكەم پارێزراوبێ لای باوكی.
هێرۆ لە دادگاییەكەی دەست هەڵدەگرێت و دەگەڕێتەوە ماڵەكەی ، لەو ماوەیەی كە هێرۆ داوای جیابوونەوەی كردووە، ئاسۆ ئۆتۆمبێل و ئەرزوو هەرچی هەیەتی دەیكات بەناوی خوشك و براكانیەوە بۆ ئەوەی لەكاتی جیابوونەوەی لە هێرۆ هیچ خەرجیەكی هێرۆ و كورەكەی نەكەوێتە ئەستۆیی، لە دوای گەڕانەوەی هێرۆش هەموو هەوڵێك دەدات تاوەكو خانوەكە بكات بەناوی ئاسۆوە، بەڵام هێرۆ ڕازی نابێت، هێرۆ دەڵێت، زۆری نەمابوو ڕازی ببم بەڵام براكەم ڕێگەی نەدا، دوای ئەوەی ئاسۆ بێهیوابوو لەوەی خانوەكەی بەناوەوە ناكەم ئیدی دووبارە نواندنەكەی كۆتای پێهێنا، هەموو شتێكی دەكرد بۆیی توڕەم بكات، ڕۆژێكیان زۆری لێدام چەنجار پشتمی بە زەویدادا دەستیخستە قورگم دەیویست بم خنكێنێت منیش لەتاو ڕۆحی خۆم بەرگریم كرد دەمووچاوی بە نینۆكم ڕوشا ئیدی هەر ئەو دەقەیە چو شكاتی كردوو گوتی ژنەكەم لێی داوم، دوای دوو ڕۆژ ئاگاداركردنەوە بۆهات ئیدی دووبارە كەوتینەوە دادگا.
هێرۆ سەرەتا ڕازی نابێت بەو جیابونەوەیە، بەڵام دواتر لەلایەن ئاسۆوە هەڕەشەی لێ دەكرێت ئەگەر ڕازی نەبێت ئەوا ئابڕووی دەباتوو بەهەر جۆرێك بێت كەیسێكی شەرەفی بۆ دروست دەكات و لە ناو كەسوكاری سەر شۆڕی دەكات، دواتر هێرۆ لەترسی ئابڕوو چونی خۆی ڕازی دبێت، هێرۆ جەخت لەوە دەكاتەوە كە ئاسۆ و دایكی دەیانتوانی چیرۆكی زۆر چاوەڕوان نەكراوی بۆ دروست بكەن، بۆیە لەهەموو مافی خۆی خۆش دەبێت تەنیا داوای كوڕەكەی دەكات و لە ئاسۆ جیا دەبێتەوە.
هەولێر/ ئیڤان