نرخی ئەمپێرەكانی كارەبی مۆلیدە دیاری كرا

:: PM:02:04:29/06/2017 ‌

قائیمقامیەتی قەزای ناوەندی پارێزگای سلێمانی نرخی  ئەمپێرێك كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكانی بۆ مانگی حوزەیران دیاری كرد كە بڕی دە هەزار دینارە.

ئەمڕۆ پێنجشەم 29ی حوزەیران، قائیمقامی قەزای ناوەندی سلێمانی و نوێنەرانی بەڕێوەبەری گشتی كارەبای سلێمانی و ئاسایشی ئابووری، كۆنترۆڵی كارەبا، وەرشەی ناوەندی و سەندیكای مۆلیدە ئەهلییەكان لە دیوانی قائیمقامیەت كۆبوەوە نرخی ئەمپێرێك كارەبایان دیاری كرد و پلانی مانگی تەمووزیان ئاشكرا كرد.

سیروان محەمەد گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی لەكۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، بەرنامەی كارپێكردنی مۆلیدە ئەهلیەكان لە مانگی تەمووزدا بەگوێرەی خشتەیەك بەكارەبای نیشتمانی و مۆلیدەی ئەهلی ٢٤ سەعات كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین دەكرێت، بۆیە پێویستە لەكاتی بڕانی كارەبای نیشتمانی دا مۆلیدە ئەهلیەكان كارەبا بۆ هاووڵاتیان دابین بكەن.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتی كارەبای سلێمانی دەڵێت، نرخی كارەبای مانگی حوزەیران نرخی سەعاتێك ئەمپێری مۆلیدەی ئەهلی بە 40 دینار و نیوە كە سەعاتی كارپێكردنی مۆلیدەكان لە گەرەكەكاندا جیاوازە، بەگشتی لەنێوان ٢٣٠ – ٢٧٠ سەعات بووە لە مانگێك، واتە ئەگەر مۆلیدەیەك ٢٥٠ سەعات كاری كردبێت ئەوا بڕی 10 هەزار دینار دەبێت بۆ ئەمپێرێك، بۆیە نرخی ئەمپێڕێك لە گەرەكێك بۆ گەرەكێكی تر جیاوازە.



وشە - رامیار جەواد