ماوەی زیاتر لە مانگێكە قوتابخانەكان و فەرمانگەكانی شاری سلێمانی، بەهۆی دواكەوتنی مووچەوە بایكۆتی دەوامیان كردووە، ئەمەش زیانی زۆری بە هاووڵاتییان گەیاندووە، بۆ جێبەجێكردن و راییكردنی مامەڵەكانیان، ناچارن بێنە هەولێر و ئەو رێگە دوورە ببڕن.
سیروان محەمەد سەرۆكی ژووری بازرگانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا، داوا لە فەرمانبەران دەكات بگەڕێنەوە سەر كارەكانیان، چونكە بەو هۆیەوە زیانی زۆر بە ئابووریی شارەكە كەوتووە و بازرگانان بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەكانیان و هاووڵاتییانیش بە هەمان شێوە، بەهۆی بایكۆتكردنی دەوامی فەرمانگەكانی سلێمانی ناچارن سەردانی هەولێر بكەن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست "وشە" كەوتوون، بازرگانانی شاری سلێمانی كە كاری بازرگانی لەگەڵ ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق دەكەن، بەهۆی بایكۆتی دەوامی فەرمانگەكانی سلێمانی، تا ئێستە چەندان ملیۆن دۆلار زیان بەر ئابووریی شارەكە كەوتووە.
زانیارییەكان ئاماژە بەوەش دەكەن، ئێستە بازرگانان و هاووڵاتییان بۆ جێبەجێكردنی مامەڵەكانیان كە پەیوەست بێ بە پرسی باج و سەرانە و كێشە بازرگانییەكانیان، ئەوا لە سلێمانییەوە ڕوو لە هەولێر دەكەن.
سەرچاوەیەك بە "وشە"ی ڕاگەیاند، لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مۆرێكی تایبەتیان دروست كردووە مامەڵەی بازرگان و هاووڵاتییانی شاری سلێمانی لە نێو وەزارەتەكە بەڕێ دەكەن.