ئێران لەجیاتی حكوومەتی بەغدا:
بۆ جەنگی مووسڵ عێراق پێویستی بە ئەمەریكا و توركیا نییە

:: PM:04:34:29/10/2016 ‌

حەسەن كازمی قومی باڵوێزی پێشووی ئێران لە عێراق دووپاتی دەكاتەوە كە ئەگەر ئەمەریكایییەكان دەست لە جەنگی مووسڵ وەرنەدەن، ئەوە چەكدارانی داعش توانای هەڵاتنیان لە شارەكە نابێت وەك لە فەلووجە رووی دا، دووپاتی دەكاتەوە كە قسەكانی سەرۆك وەزیرانی عێراق پەیامێكی روون بوو بۆ ئەمەریكا و توركیا كە عێراقییەكان لەو جەنگە پێویستیان بەوان نییە.

قومی لە دیمانەیەك لەگەڵ ئاژانسی تەسنیم رەخنەی لە شارەزایانی سەربازی ئەمەریكا گرت بەوەی دووپاتی دەكەنەوە كە ئازادكردنەوەی مووسڵ كاتی زۆری پێویستە، بۆیە داوای لێ كردن كە واز لە عێراقییەكان بێنن خۆیان مووسڵ ئازاد بكەنەوە.

ئەو بەرپرسەی ئێران ئاماژەی بۆ قسەكانی حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق كرد كە رای گەیاندووە ئەوان پێویستیان بە هێزی دەرەكی نییە بۆ جەنگی مووسڵ و ئەوەش پەیامێكی روونە بۆ ئەمەریكا و توركیا و بەڵگەی بەهێزی هێزەكانی عێراقییە و ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، ئەمەریكا دەیەوێت خۆی وەك پاڵەوان پێشان بدات و رێگریش لە بەشداری حەشدی شەعبی دەكات، بەڵام حكوومەتی عێراق رێگەی بە بەشداری حەشدی دا كە بەشداری لە جەنگەكە بكات.

روونی كردەوە كە بەرپرسانی ئەمەریكا دەیانەوێ جەنگی مووسڵ بەقورس پێشان بدەن بۆ ئەوەی عێراقییەكان بەناچاری و زیاتر پشت بەوان ببەستن، هەروەها بۆ مەبەستی هەڵبژاردنی ناوەخۆی ئەو وڵاتە سوودی لێ وەربگرن، بێجگە لەوەی دەیانەوێت شوێنپێیەك بۆخۆیان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بكەنەوە و بەپێی بەرژەوەندییان تەنگژەكان بەڕێوە ببەن.

قومی دووپاتی كردەوە كە جەنگی مووسڵ جیاوازە لەوەی فەلووجە كە ئەمەریكایییەكان رێگەیەكیان بۆ دەربازبوونی داعشەكان جێ هێشت، بەڵام ئەمڕۆ هێزەكانی عێراق، وەك ئاماژەیەك بۆ حەشدی شەعبی، لە چوار قۆڵەوە هێرشیان دەست پێ كرد بۆ داخستنی رێگەی هەڵاتنی چەكدارانی داعش بەرەو سووریا، بۆیە ئەگەر بابەتەكە بۆ عێراقیەكان جێ بهێڵدرێت و ئەمەریكا و هاوپەیمانانی دەستی تیادا وەرنەدەن، ئەوان نایەڵن داعشێك رزگاری بێت لە مووسڵ.

وەك دیارە كە ئێران دەیەوێت لە رێگەی حەشدی شەعبییەوە رۆڵێكی كاریگەر لە جەنگی مووسڵ بگێڕێت كە لەلایەن هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژ بەداعش بەسەرۆكایەتیی ئەمەریكا پاڵپشتی دەكرێت بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت كە ئەویش جەنگی تیرۆر دەكات، ئەوەش لەو كاتەی كە داعش لە سەردەمی فەرمانڕەوایی نووری مالیكی كە نزیكترین كەسایەتی عێراقی لە ئێران چەندان ناوچەی فرەوانی عێراقی داگیر كرد.

سەرچاوە: تەسنیم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل