"باوكی هەژاران" زەوییەكی 152 ملیۆن دۆلاری جێهێشت

:: AM:09:36:01/07/2017 ‌

گردی زەرگەتە كە بارەگای سەرەكیی بزووتنەوەی گۆڕانی تێدایە و ڕووبەرەكەی 122 دۆنم زەوییە و لە ساڵی 2008ـەوە نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان، دەستی بەسەردا گرتووە، دواجار گۆڕٍەكەیشی لەوێ جێگیر كرا. ئێستە لەو تەنگژە داراییەدا مەترێك زەوی لەو شوێنە 500 دۆلار دەكات و 122 دۆنم زەوییەكەش 152 ملیۆن دۆلار دەكات.

گردی زەرگەتەی شاری سلێمانی، كەوتووەتە ناوەڕاستی شار و لە گەڕەكەكانی زەرگەتە، كارێزەوشك و ئاشتی دەورە دراوە، ڕووبەرێكی سەوزایی گەورەیە، ئەو گردە دوای جیابوونەوەی گۆڕان لە یەكێتی لە ساڵی 2007دا، بوو بە بنكەی سەرەكیی ئەو حزبە و لە ساڵی 2008یشەوە لەسەر نەوشیروان مستەفا و ڕێكخەری پێشووی بزووتنەوەكە و كۆمپانیای "وشە" تاپۆ كراوە. ئەمە لە كاتێكدا نەوشیروان مستەفا و بزووتنەوەكەی، بەردەوام باسیان لە گەڕاندنەوەی موڵك و ماڵی حكوومی دەكرد و بە یەكێك لە بەهەدەردانە گەورەكانی كوردستان هەژماریان كردووە.

سەرچاوەیەك لە بەڕێوەبەرایەتیی تۆماركردنی خانووبەرەی سلێمانی "تاپۆ" كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكرێت، بە"وشە"ـی ڕاگەیاند، تاپۆی ئەو زەوییەی بە گردی زەرگەتە ناسراوە بە ناوی نەوشیروان مستەفا و كۆمپانیای وشەیە و لە ساڵی 2008دا چووەتە سەر ناوی ئەوان.

ئەو سەرچاوەیە گوتی، "زەوییەكە 122 دۆنمە و دەكاتە 305 هەزار مەتر دووجا زەوی كە پێشتر بۆ هیچ شتێك تەرخان نەكرابوو، لەبەرئەوەی زەوییەكی تەخت نەبوو، حكوومەت بیری لەوە نەكردبووەوە بۆ چ پڕۆژەیەك تەرخانی بكات و لەبەر گەورەییەكەیشی كەوتووەتە گەڕەكەكانی ئاشتی، دوورلئەمن، زەرگەتە، شەهیدانی زەرگەتە و كارێزەوشك".

بزووتنەوەی گۆڕان ساڵی 2007 لەلایەن نەوشیروان مستەفا جێگری سكرتێری گشتیی ئەوكاتی یەكێتی و چەند مەكتەب سیاسییەكی تر لە یەكێتی جیا بوونەوە و لە 2009 مۆڵەتی حزبیان وەرگرت گۆڕانیان دروست كرد، گردی زەرگەتەیان بە ناوی كۆمپانیای "وشە"ـەوە داگیر كرد و ئێستە گۆڕان لەناو پەرلەمانی كوردستاندا خاوەنی 24 كورسییە.

لەدوای كۆچكردنیەوە، هەڵسوڕاوانی گۆڕان ناسناوی "باوكی هەژاران"یان بە نەوشیروان مستەفا بەخشی، بەڵام هەر زوو لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی كاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا كە ناكرێت ئەو ناسناوەی پێ بدرێت لە كاتێكدا خاوەن زەوی و كارگە و گرووپی كۆمپانیایە.
گردەكەی زەرگەتەی سلێمانی 122 دۆنم زەوییە كە دەكاتە 305 هەزار مەتر دووجا مەتری زەوی، پێشتر هەر مەترێك زەوی لەو شوێنە لە هەزار دۆلار نزیك دەبووەوە، بەڵام خاوەن نووسینگەكانی كڕین و فرۆشتنی زەوی ئاماژە بەوە دەدەن كە "ئێستە بەهۆی تەنگژەی داراییەوە مەتری زەوی لەو شوێنە 500 دۆلار دەكات".

بەكر عیسامەدین خاوەن نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی زەوی ڕۆژهەڵات كە لەو نزیكانە نووسینگەی هەیە، بۆ "وشە"ـی ڕوون كردەوە، لە نزیكی گردەكەی زەرگەتە مەتری زەوی 500 دۆلار زیاتر دەكات، بەڵام پێ دەچێت گردەكەی زەرگەتە ئەگەر بفرۆشرێت پارەی زیاتر بكات.

ئەوەشی گوت، "پێش تەنگژەی دارایی مەتری زەوی لەو شوێنە لە هەزار دۆلاری زیاتر دەكرد، بەڵام ئێستە ئەو پارەیە ناكات و مەتری زەوی تا شەش وەرەقە دەڕوات لەو دەوروبەرە."

ئەگەر 500 دۆلار بۆ هەر مەترێكی زەوی لەو شوێنە دیاری بكرێت، ئەوا گردەكەی زەرگەتە 305 هەزار مەتر زەوییە و پارەكەی دەكاتە 152 ملیۆن و 500 هەزار دۆلار. 

بەڵام بزووتنەوەی گۆڕان ڕەتی دەكاتەوە تاپۆی گردەكەی زەرگەتە بە ناوی نەوشیروان مستەفاوە بێت و دەڵێن "هێزێكی سیاسیی وەك گۆڕان دەبێت شوێنێكی هەبێت كاری سیاسی و ڕێكخراوەیی خۆی تێدا بكات".

شۆڕش حاجی گوتەبێژی بزووتنەوەی گۆڕان، بە"وشە"ـی گوت، "ئەوە ڕوون و ئاشكرا و ڕاگەیەنراوە كە تاپۆی گردی زەرگەتە بە ناوی كۆمپانیای وشەیە، موڵكی شەخسی كاك نەوشیروان و هیچ كەسێكی تر نییە، وەك هێزیش دەبێت گۆڕان شوێنێكی هەبێت كاری سیاسی و ڕێكخراوەیی خۆی تێدا بكات".

بزووتنەوەی گۆڕان دروشمی سەرەكی دامەزراندنی گەڕانەوەی موڵكی گشتیی بوو بۆ حكوومەت، بەڵام مەبەستی لەمە لایەنەكانی تربووە نەك خۆی.







وشە - تایبه‌ت