دوو ئێرانی بە تۆمەتی كڕینی پارچە یەدەگی فڕۆكەی جەنگی گیران

:: PM:04:35:29/10/2016 ‌

دوو هاووڵاتیی ئێرانی بە تۆمەتی كڕینی پارچەی یەدەگی فڕۆكەی جەنگی و ناردنەوەی بۆ ئێران لە ئەمەریكا گیران، دادگەی لۆس ئەنجلس ئەو دوو ئێرانییەی بە پێشێلكردنی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش و دادگەی باڵای ئەمەریكا تۆمەتبار كرد.

ئەمڕۆ شەموو 29ی تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر ئاژانسی رۆیتەرز رای گەیاند، تاوانباران زاویك زەرگەریانی تەمەن 52 ساڵان و واچە نیرییانی تەمەن 57 ساڵان كە دانیشتووی لۆس ئەنجلسن، هەوڵیان داوە پارچەی یەدەگی فڕۆكەی جەنگی و كۆمەڵێك كەلوپەلی سەربازی بە بەهای سێ ملیۆن دۆلار بۆ ئێران بكڕن.

دادوەری گشتی ئەمەریكا ئەو هەوڵانەی بە "هەڕەشەی رژد بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیی ئەمەریكا" هەژمار كردووە و رای گەیاندووە، ئەو تاوانبارانە هەوڵی پێشێلكردنی بڕیاری دادوەری ئەمەریكا و ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییان داوە.

وەزارەتی دادی ئەمەریكا لە راگەیەنراوێكدا ئاشكرای كردووە، زاویك زەرگەرییان بۆ كڕینی پارچەی یەدەگی فرۆكەی جەنگی "F16" و "F18" بۆ كۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەندامێكی نهێنی دەزگەی هەواڵگریی ئەمەریكا كەوتووەتە دانوستاندن و واچە نیریان، هاووڵاتییەكەی تری ئێران هەوڵی داوە زیاد لە حەوت هەزار پارچەی یەدەگ كە بۆ فڕۆكەی جەنگی بەكار دێن، لە رێگەی قاچاخەوە، رەوانەی ئێران بكات.

دووپاتیش كراوەتەوە، ئەو كەیسە دوو تاوانباری ئێرانی تری هەیە بە ناوەكانی هینری ترمیناسیان و هورموز نەورۆزیان كە پێ دەچێت ئێستە لە ئێراندا بژین.

ئاژانسی رۆیتەرز روونی دەكاتەوە، ئەگەر ئەو تاوانانە بەسەر هاووڵاتییە ئێرانییەكاندا ساغ ببێتەوە، زاویك زەرگەریان بە 115 ساڵ گرتن و واچە نیرییان بە 95 ساڵ گرتن سزا دەدرێن و جیا لەمەیش، هەركامیان بە پێدانی سێ تا چوار ملیۆن دۆلاری ئەمەریكی سزا دەدرێن.

بڕیارە 20 تشرینی دووەم/ دیسەمبەر یەكەم دانیشتنی دادگە لەبارەی ئەو كەیسە لە ویلایەتی كالیفۆرنیای ئەمەریكا بەڕێوە بچێت. بەپێی یاسای  سەپاندنی سزای سەربازی ئەمەریكا دژ بە ئێران، فرۆشتنی هەموو جۆرە كەلوپەل و تەكنۆلۆژیا و خزمەتگوزارییەكی سەربازی بە ئێران قەدەغەیە.

سەرچاوە/ رادیۆ فەردا- VOA- دویچەوێلە- عەرەبیە فارسی


وشە - هیدایه‌ت جان