ئینتەرنێت بە خۆڕایی لە دنیا بڵاو دەكرێتەوە

:: PM:12:02:01/07/2017 ‌

كۆمپانیای فەیسبووك بڵاوی كردەوە كە بۆ یەكەم جار فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی دەستكردی كۆمپانیاكەی تاقی كردووەتەوە، كە بە وزەی خۆر كار دەكات و لە بیابانەكانی ئەریزۆنا یەكەم گەشتی پێ ئەنجام درا، بۆ گەیاندنی ئینتەرنێت بە ناوچە دواكەوتووەكانی دنیا.

فڕۆكەكە ماوەی سەعاتێك و 46 خولەك بە ئاسمانەوە بە سوود وەرگرتن لە وزەی خۆر هەڵفڕی و بە سەركەوتووییش لەسەر زەوی نیشتەوە، بە پێچەوانەی تاقیكردنەوەی پێشوو كە لە كاتی نیشتنەوەی فڕۆكەیەكی بێفڕۆكەوانی فەیسبووك بۆ هەمان ئامانج دروست كرابوو، باڵێكی بەر زەوی كەوت و بەوهۆیەوە فڕۆكەكە تێكشكا.

فەیسبووك ڤیدیۆی ساتی فڕین و نیشتنەوەی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكەی لە پەیجی فەرمی خۆی بڵاو كردووەتەوە كە لە بیابانەكانی ئەریزۆنا بەشێوەیەكی ئاسایی دەنیشێتەوە، فڕۆكەكە لە ماوەی خولەكێكدا 180 پێ لە زەوی بەرز دەبێتەوە، دوو هێندەی یەكەم فڕۆكەی بێفڕۆكەوانی فەیسبووك بەرز دەبێتەوە.

لە ئەنجامی تاقیكردنەوەی ئەم جارە فڕۆكەكە سێ هەزار پێ لە ئاسمان بەرز بووەوە بە بەراورد لەگەڵ فڕۆكەی پێشوو كە تەنیا دوو هەزار و 150 پێ بەرز بووەوە. ئامانجی فەیسبووك ئەوەیە فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی 60 تا 90 هەزار پێ لە زەوی بەرز بێتەوە، بۆ پەخشكردنی ئینتەرنێت بەخۆڕایی بەسەر ئەو ناوچانەی كە لە دنیا بەجێ ماون یان وڵاتان بەهۆی سیستەمی حوكمی دیكتاتۆریانەوە ڕێگرن لە گەیاندنی ئینتەرنێت بە هەموو ماڵێك.

سەرچاوە/RT.



وشە - باز ئه‌حمه‌د