كۆمەڵێك گەنج كتێب بۆ نابینایان دەخوێننەوە

:: PM:05:00:29/10/2016 ‌

لە پڕۆژەیەك كۆمەڵێك لە گەنجانی پارێزگای هەولێر و سلێمانی و كەركووك، هەوڵێكیان هەیە بۆ تۆماركردنی سەرجەم ئەو كتێبانەی كە ئێستە لە بازاڕەكان هەیە بۆ نابینایان ئەمەش لە ڕێگەی تۆماری دەنگی .

هەڵوێست خالید خاوەنی پڕۆژەكە بە"وشە"ی ڕاگەیاند، ئێمە ئەو هەوڵەمان دەست پێ كردووە بە هاوكاری خەڵكی بۆ ئەوەی نابینایانیش لە خوێندنەوە بێ‌ بەش نەبن و ئەو كتێبانەی كە چاپ دەكرێن بە دەنگیش تۆمار بكرێن.

هەروەها گوتی، ژمارەمان 38 كەسە تا ئێستە سێ‌ كۆبوونەوەمان كردووە و ئێستە كۆمەڵێك داواكاریمان ئامادە كردووە، بەم زوانە دەگەین بە وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان تا هەر كتێبێكی نوێ‌ بە چاپ بگەیەنرێت، ڕێگەی تۆماری دەنگیشی هەبێت كە هارد وێری  وەك CD یان میمۆری بێت.

ئاماژەی دا، كە  تا ئێستە 80 كتێب بە قەبارە و بابەتی جیاواز بە دەنگی جۆراوجۆر لە قەبارەی جیاواز تۆمارمان كردووە و ئێستەش خەریكی تۆماركردنی یەكێك لە گەورە ڕۆمانەكانین بە ناوی حەمەدۆك كە نووسەرەكەی یەشار كەمالە.

پڕۆژەی بە دەنگ تۆماركردنی كتێب لە زۆربەی وڵاتانی دنیا هەیە، ئێستەش ئەو گەنجانە دەیانەوێت، نابینایانی كوردستانیش بەشدار بكەن لە خوێندنەوە، بەم پڕۆژەیە دەیانەوێ هەم سوود بە نابینایان بگەیەنن، هەم ئەرشیڤێكی گەورەش بە دەنگ لە كتێبە كوردییەكان تۆمار دەكەن.


وشە - رامیار جەواد