قورئانخوێنە تایبەتەکەی خامنەیی تاوانی منداڵبازی ئەنجام داوە

:: PM:06:11:29/10/2016 ‌

سەعید تووسی، قورئانخوێنی تایبەتی نووسینگەی خامنەیی بە تاوانی دەستدرێژیکردنە سەر منداڵانی فێرخواز لە لایەن بنەماڵەی ئەو منداڵانەوە دراوەتە دادگە و دەسەڵاتی دادوەری هەوڵ بۆ پەردەپۆس کردنی تاوانەکە دەدات.

تا ئێستە ژمارەی ئەو منداڵانەی لەلایەن سەعید تووسی، قورئانخوێن و مامۆستای فێرکردنی قورئان لە نووسینگەی عەلی خسامنەیی، رێبەری کۆماری ئیسلامی ئێران، دیار نییە، بەڵام کەسوکاری چوار لەو منداڵانە بە فەرمی لە دادگە سکاڵایان لەسەر تۆمار کردووە.

چیرۆکی دەستدرێژی کردنی سەعید تووسی، باوەڕپێکراوی عەلی خامنەیی بۆسەر منداڵان زۆربەیان بە یەک شێوازن، سەعید یەک لە دەنگخۆش و قورئانخوێنە هەرە بەتواناکانی ئێرانە کە چەندین جار لەسەر ئاستی وڵاتانی ئیسلامیدا پلەی یەکەمی بەدەست هێناوە و بەوەش ناوبانگێکی زۆری لەناو ئێراندا پەیدا کردووە.

زۆربەی بنەماڵەکانی تاران ئاواتی ئەوەیان هەبووە منداڵەکانیان لە وانەکانی تووسیدا بەشداری بکەن و لەو کەسایەتییەوە فێری خوێندنەوە و ئەداکردنی قورئانی پیرۆز ببن، بەڵام چیرۆکەکە لەدوای ساڵی 2011 پێچەوانە بووەوە و بنەماڵەکان هەوڵیان دەدا منداڵەکانیان لەو متمانە پێکراوەی خامنەیی بشارنەوە.

ساڵی 2011 سێ بنەماڵە لە دادگەی تاران سکاڵا لە دژی سەعید تووسی تۆمار دەکەن بەوەی بەبیانووی فێرکردنی قورئان دەستدرێژی سێکسی کردووەتە سەر منداڵەکانیان و داوا لە دادگە دەکەن بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ ئەو کەیسە بکرێت.

دوابەدوای ئەو رووداوە و دەنگدانەوەی لەناو بەرپرسە باڵاکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، کۆمەڵێک لە قورئانخوێنە ناودارەکانی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی منداڵەکان قسە دەکەن و تۆبەنامەیەک بە سەعید تووسی دەنووسن و ژێرەکەی پێ واژوو دەکەن کە چیتر لەسەر ئەو کردارەی بەردەوام نەبێت.

ئەو تۆبەیە کەمتر لە ساڵێک دەخایەنێت و بنەماڵەیەکی تر سکاڵایەکی هاوشێوە لە دژی قورئانخوێنەکەی رێبەری ئیسلامی ئێران تۆمار دەکەن، لەگەڵ دەنگدانەوەی ئەو رووداوە، سێ بنەماڵەکەی تر سەرلەنوێ سکاڵاکانیان دەبەنەوە دادگە و داوای بە سزاگەیاندنی ئەو تاوانبارە دەکەن بە تۆمەتی ئەوەی قورئانی پیرۆزی بەکار هێناوە بۆ حەزە سێکسییەکانی خۆی.

دادگە بەڵێنی ئەوە بە بنەماڵەکان دەدات کە بەدواداچوون بۆ ئەو کەیسە بکات و تاوانبار بە سزای شیاو بگەیەنێت، بەڵام دوای دووساڵ بەسەر ئەو سکاڵایە نەک دادگە بەدواداچوون ناکات، بگرە بڕیاری راگرتن و هەڵوەشاندنەوەی ئەو کەیسە بە نهێنی دەدات و لە نامەکەدا کە سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری بۆ دادگەی تاران نووسیویەتی، ئاماژە بەوە دراوە کە ورووژاندنی ئەو کەیسە لە بەرژەوەندی کۆماری ئیسلامیدا نییە و بەردەوامبوونی بنەماڵەکان لەسەر سکاڵا و ناڕەزایەتییەکانیان بەردەوام بن، بە تاوانی ناوزڕاندن رووبەڕووی یاسایان بکەنەوە.

دوای ئەوەی چەندین جار هەڕەشە لە بنەماڵەی ئەو منداڵانە کرا کە لەلایەن سەعید تووسییەوە دەستدرێژییان کرابۆ سەر، ئەوان بڕیاریاندا دوای پێنج ساڵ ئەو بابەتە بە میدیایی بکەن و لەگەڵ ئاژانسی دەنگی ئەمەریکا پێوەندیان کردوە و سەرجەم رووداوەکەیان لە رێگەی ئەو میدیایەوە بڵاو کردەوە.

سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و دادگەی تاران دوای بڵاوبوونەوەی رووداوەکە سەرجەم بڕگە و بابەتەکانی پێوەست بەو دەستدرێژییەیان رەت کردەوە و بە بوختان و درۆ هەژماریان کرد، بەڵام بنەماڵەی منداڵە قوربانییەکان دەستبەرداری مافەکانیان نەبوون و بە بەڵگە هەموو بڕیار و سکاڵانامەکانی دادگەیان خستە بەردەست میدیاکان.

سەعید تووسی لە ئاژانسی فارسنیوزی سەر بە سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران ئەو تۆمەتانەی بە پیلانی ئەمەریکا لە دژی ئیسلام و ناوزڕاندنی ئەو وەک سەرکەوتووترین قورئانخوێنی سەردەم هەژمار کرد، بەڵام دوای ئەو لێدوانانەی بنەماڵەی قوربانیان تۆبەنامەکەی تووسیان بڵاو کردەوە کە ساڵی 2011 بە دەستنووسی خۆی نووسراوە و واژووی لەبن کردووە.

دوای بڵاوبوونەوەی بەڵگە و دۆکۆمینتەکان وەزارەتی دادی کۆماری ئیسلامی ئێران لەبری ئەوەی هەوڵ بۆ بەدواداچوون و سزادانی ئەو تاوانە بدات، لە راگەیەندراوێکدا فەرمانی ئەوەی دەرکرد هەر کەسێک لە بنەماڵە یان پارێزەرانی ئەو منداڵانە بۆ میدیاکانی دەرەوە دوان، پێویستە وەک دوژمن و بەکرێگیراوانی دوژمنی ئێران مامەڵەی لەگەڵ بکرێت.

لەدوای هەڕەشەی بەرپرسانی دەدوەری بۆسەر بنەماڵەی قوربانییەکان 15 بنەماڵەی تر لە میدیاکانی دەرەوە رایان گەیاند کە سەعید تووسی لەکاتی وانە گوتنەوە بە منداڵەکانیان، دەستدرێژی سێکسی کردوونەتە سەر و هەندێکیانی گرتووە و بەزۆر سێکسی لەگەڵ کردوون. بەمەیش ئێستە 19 منداڵ سکاڵایان لەسەر ناوبراو هەیە.

یەک لە منداڵە قوربانییەکان لە پێوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ تەلەڤزیۆنی دەنگی ئەمەریکا "فارسی" چیرۆکی دەستدرێژیکردنی ئەو قورئانخوێنە بەو شێوەیە دەگێڕێتەوە، "دوای ئەوەی بنەماڵەکەم منیان نارد بۆ خوێندنی وانەی قورئان لەلای سەعید تووسی، هەستم دەکرد کە ئەوە شانازییەکی گەورەیە خوا بەمنی بەخشیوە".

زیاتر دەڵێ: "دوای دوو مانگ تێپەرین بەسەر وانەکاندا، مامۆستا هەوڵی نزیکبوونەوەی دەدا لەگەڵم و منیش هەستم دەکرد کە ئەوە نیشانەی خاکەڕایی ئەوە و رۆژێک پێی گوتم با بچین بۆ مەلەوانگە، منیش قبوڵم کرد، بەڵام دەبوایە لەپێشدا حەمام بکەین و من گوتم دەچمەوە ماڵەوە و حەمام دەکەم و دوایی دەگەڕێمەوە "لە ئێران رێگە نادەن بەبێ حەمام کردن بچیتە ناو مەلەوانگە" بەڵام تووسی گوتی پێویست ناکا و هەر لە شوێنی وانە گوتنەوەکە حەمام هەیە و لەوێ خۆمان دەشۆین و دەچین بۆ مەلەوانگە".

"لە حەمامدا بووم سەعید تووسی هاتە ژوورەوە و گوتی بەتەواوەتی خۆت رووت بکەوە بەڵێن بێ سەیرت ناکەم، منیش تووشی شۆک بووم و تەنیا توانیم بڵێم نا، ئیتر زۆری هەوڵ دا بەڵام من تەنیا دەسەڵاتی گوتنی وشەی "نەخێر"م هەبوو، دواتر ویستی بەزۆر دەستدرێژی بکاتە سەرم، من رازی نەبووم و دوای ئەوە پێی گوتم بهێڵە با ماساژت بدەم، منی پاڵخست و ماساژی دام، دوای ئەوە بە منی گوت جاریکیتر نەیەوە بۆ وانەکان و تۆ دەر کراوی" قوربانییەکە وای گوت.

ئەو رووداوە لەسەر ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەیەکی زۆری لی درووست بووە و زۆربەی میدیاکانی جیهان بە گرنگییەوە رووماڵی دەکەن، بەڵام تا ئێستە دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر هەڵوێستەکەی خۆیان روونن بۆ پەردەپۆش کردنی کەیسی دەستدرێژی کردنەکانی سەعید تووسی.

وەزارەتی دادی کۆماری ئیسلامی و سەرۆکایەتی دادگەی تاران لە راگەیەندراوێکدا رەتیان کردەوە کە هەوڵی داخستنی کەیسەکەیان دابێت و بەڵێنیان دا کە جاریکیتر بەدواداچوون بۆ کەیسەکە بکەن، بەڵام تەنیا رۆژێک دوای ئەوە سەرلەنوێ هەڕەشە لە پاریزەرانی ئەو چوار منداڵە کرا کە 

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا- BBC- رادیۆ فەردا- عەرەبیە فارسی




وشە - هیدایه‌ت جان