گۆڕانخوازان: گۆڕی نەوشیروان لە كەعبە پیرۆزترە

:: AM:10:08:03/07/2017 ‌

لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی گرتەیەكی ڤیدیۆیی بڵاو بووەتەوە كە بۆ ساتی یادكردنەوەی 40 ڕۆژ بەسەر تێپەڕینی كۆچی دوایی نەوشیروان مستەفا ڕێكخەری گشتیی گۆڕان خەڵك سەردانی گۆڕەكەیان لە گردی زەرگەتە كردووە، ئەو پیاوەی سەردانی گۆڕی ناوبراو كردووە، بە چوونە حەج لە قەڵەمی دەدات و خەڵكەكەیش چەپڵەی بۆ لێ دەدەن، ئەمەش ناڕەزایی زۆری خەڵكی مسوڵمانی كوردستانی لێ كەوتووەتەوە.

ئەو پیاوە كە لە گرتە ڤیدیۆكەدا دەردەكەوێ دەڵێ: ئەمڕۆ من حەجم كرد، ئەمڕۆ من چوومە سەر مەزاری نەوشیروان مستەفا لای من موقەدەستترە لە كەعبە!

گرتە ڤیدیۆكە لە تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی بە چڕی بڵاو بووەتەوە و خەڵكی ناڕەزایی زۆر بەرامبەر سووكایەتیكردن بە كەعبە و ماڵی خودا لەلایەن گۆڕانخوازانەوە دەردەبڕن و لێكچوواندنی گۆڕی سیاسییەك بە كەعبە و ماڵی خودا بە كوفر و تاوان ناو دەبەن.

ئەوان دەپرسن و دەڵێن، هەموو كەس دەزانێ كە نەوشیروان كەسێكی ماركسی توندڕەو بووە و خەڵكەكەیشی بەو شێوەیە بیردەكەنەوە كە لە ڤیدیۆكە دەردەكەوێ، پرسیارەكە ئەوەیە ئیسلامییەكان كە باوەڕیان بە خودا و پێغەمبەرە، چۆن لەگەڵ حزبێكی وا مامەڵە دەكەن كە گۆڕی مرۆڤێك بە پیرۆزتر لە كەعبە و ماڵی خودا ناو ببات!.

هاوكات لە قسەكانیدا ئەو كەسە دەڵێ، ئەوەی هەستی هەبێ دەنگ بە "بەڵێ" لە ڕیفراندۆم نادات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە هەرچەندە گۆڕان بە فەرمی ڕای نەگەیاندووە كە بە "نەخێر" دەنگ لە ڕیفراندۆم دەدا، بەڵكو كێشەی لەسەر میكانیزمەكەی هەیە، بەڵام لەمەدا دەردەكەوێ ئەوان جەماوەری خۆیان هان داوە تا دەنگ بە نەخێر بۆ سەربەخۆیی كوردستان بدەن، لەو شارەی كە مولازم موحسین گەنجانی فەلاقە دەكرد، لە بڵندگۆكانەوە داوای دژایەتیی سەربەخۆیی كوردستان دەكرێ.






وشە - باز ئه‌حمه‌د