كۆمپانیاكانی میسر گەشبینن بە داهاتووی بەرهەمەكانیان له‌ كوردستان

:: AM:10:07:30/10/2016 ‌

لە پێنجشەمی رابردووەوە پێشانگەی تایبەت بە كۆمپانیاكانی میسر لە هەولێر دەستی پێ كردووە و تا ٢٩ی مانگ بەردەوام دەبێت، بەرهەمەكان لە كۆمەڵێك بواری جیادا خراونەتە ڕوو. ئەگەرچی بازاڕی ئەم جارەی پێشانگەكە لە هی ساڵی رابردوو سستترە، بەڵام كۆمپانیاكانی میسر دەڵێن كۆڵ نادەن و دڵنیان كوردستان گۆڕانكاری زۆری بەسەر دێت و زۆر لەبارە بۆ بەرهەمەكانیان.



ئەمە یەكەم جاری نییە ئەو وڵاتە لە كوردستان پێشانگەی تایبەتی دەكاتەوە، بەڵكو لە ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٥ەبش دوو پێشانگەی تری بەڕێوە برد. میسر یەكێكە لەو وڵاتە گرینگانەی ناوچەكە و هاوشێوەی وڵاتانی ئێران و توركیا دەیەوێت لە كوردستان بازاڕ بۆ بەرهەمەكانی خۆی بدۆزێتەوە. لە پێشانگەی ئەمساڵیدا ٧٠ كۆمپانیای میسر بەشدارییان كردووە.

پێشانگەكە بازاڕی قاهیرەی لە دانیشتووانی هەولێر نزیك كردووەتەوە و لە خۆراكەوە بگرە تا دەگاتە شووشەوات، جلوبەرگ، پێداویستییەكانی ماڵ، چەرەزات، مافوور و دەیان جۆر كەلوپەلی تر لە پێشانگەكە خراونەتە ڕوو.



پێشانگەی ئەمساڵی كۆمپانیاكانی میسر لە هەولێر لەگەڵ پێشانگەكەی ساڵی رابردوو جیاوازییەكی زۆری هەبوو، هەفتەنامەی "وشە" كە ساڵی رابردووش رووماڵی پێشانگەكەی كردبوو، لە بەدواداچوونی پێشانگەكەی ئەمساڵدا بۆی روون بووەتەوە كە ساڵی رابردوو زۆر گەرموگوڕتر بووە لە هی ئەمساڵ. ساڵی رابردوو پێشانگەكە لە خەڵك جمەی دەهات و لەبەر ئاپۆرای جەماوەر، بە ئاستەم دەمانتوانی بە رێڕەوەكاندا بسووڕێینەوە.

بەشێك لەو خاوەن كۆمپانیایانەی كە لە پێشانگەكەدا بەشدارییان كردبوو، ئەمەیان پشتڕاست كردەوە. كۆمپانیای شەرق كە جلوبەرگی خستبووە ڕوو لە بازاڕی ئەمساڵی رازی نەبوو. لە كۆمپانیاكە محەمەد ساڵح قسەی بۆ "وشە" كرد و گوتی، "بازاڕی پارساڵ لە هی ئەمساڵ زۆر باشتر بوو و نازانین بۆچی ئەمساڵ خەڵك دەست بۆ گیرفانیان نابەن تا شتێك لە بەرهەمەكانیان بكڕن".

هەر لە دراوسێی ئەو كۆمپانیایە ئەحمەد میسری لە كۆمپانیای "ئەندەلووس" گوتی ئەمساڵ لە بازاڕەكە رازی نین، خەڵكێكی زۆر پرسیاری بەرهەمەكانیان دەكەن، بەڵام ژمارەی كڕیار كەمە.



 هەڵبەت كەسانێكیش هەن كە لە بەرهەمەكان دەكڕن. ئافرەتێك كە تەمەنی نزیكەی ٤٠ ساڵ دەبوو و هەندێك شتومەكی لە كۆمپانیاكە كڕیبوو بۆ "وشە" روونی كردەوە، بۆیە بووەتە كڕیاری كۆمپانیاكە چونكە بەرهەمەكانی شازن و لە بازاڕی هەولێر دەستی ناكەون. 

راستە بازاڕەكە بۆ كەلوپەلی میسرییە، بەڵام كەلوپەلی چینیش دەبینران. بازرگانێكی هەولێر لە پێشانگەكە كە حەزی نەكرد ناوی ئاشكرا بكرێت، هەڵسەنگاندنی بۆ پێشانگەكە كرد و گوتی یەكێك لە كێشەكانی ئەو پێشانگەیە ئەوەیە كۆمپانیاكان میسرین، بەڵام هەندێك لە بەرهەمەكان میسری نین و لە چینەوە هێنراون. ئەو داوای لە حكوومەت كرد بیر لەو حاڵەتە بكاتەوە و مەرج بۆ كۆمپانیاكان دابنێت".

بەڵام بەڕێوەبەری پێشانگەكە ئەمە بە شتێكی ئاسایی هەژمار دەكات. عەبدوڵا ئەحمەد بەڕێوەبەری پێشانگەی نیودەوڵەتیی هەولێر بۆ "وشە" روونی كردەوە ئەوەی لە بازاڕەكە زاڵە، كەلوپەلی میسرییە و لەوانەیە هەندێك كەلوپەلی چینیش ببینڕیت كە پێوەندی بە تایبەتمەندیی كۆمپانیاكانەوە هەیە.



لە پێشانگەكە یەكێك لەو بابەتانەی هەندێك خەڵكی لە دەوری خۆی كۆ كردبووەوە، بریتی بوون لە خستنەڕووی خشڵ و جوانكاری. یەكێك لە كڕیارەكان كە پێ دەچوو بە باشی خشڵەكان بناسێت، بە وردی سەیری جۆری خشڵەكانی دەكرد. ئەو گوتی بەرهەمەكان بەشێكی لە هەولێریش هەن كە نرخیان هەرزانترە، بەڵام بەشەكەی تر لە هەولێر نییە و نرخەكەشی گونجاوە. وەك باسی كرد جۆرە گوارەیەك لە نێو خشڵەكان خراوەتە ڕوو كە خۆی پێشتر لە دوبەی بە ٢٠٠ دۆلاری كڕیوە، كەچی لە كۆمپانیاكە بە ٥٠ دۆلارە.

رەنگە یەكێك لە هۆكارەكان بۆ ساردبوونی بازاڕەكە بەراورد بە ساڵی رابردوو ئەوە بێت كە پارساڵ ١٠٠ كۆمپانیای میسری بەشدارییان كردبوو، بەڵام ئەمساڵ ٣٠% لە ژمارەی كۆمپانیاكان دابەزیوە. تەنگژەی دارایی و شەڕی داعش بە گوتەی عەبدوڵا ئەحمەد بە هۆكاری سەرەكی هەژمار دەكرێت.



ئەوەی لەو پێشانگەیە جێگەی بایەخ بوو ئەوەبوو كە زۆرێك لە كۆمپانیاكان گەشبین بوون بە داهاتووی كوردستان و دەیانگوت دۆخەكە لە كوردستان زۆر باشتر دەبێت.

بەڕێوەبەری گشتیی پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئەوەشی خستە ڕوو زۆرێك لە كۆمپانیاكانی میسر، حەزیان لە كوردستانە و كۆمپانیاكانیان خوازیاری پتەوكردنی پێوەندییە بازرگانییەكانە.


وشە - سلێمان تاشان