ئیتاڵیا..ڕێككه‌وتنێكی نێوان داعش و په‌یه‌ده‌ و ئه‌سه‌دی ئاشكرا كرد

:: AM:10:30:08/07/2017 ‌

پسپۆڕێكی ئابووری سووری نزیك لە ڕژێمی ئەسەد ئاشكرای كرد، پاڵاوگەكانی سووریا كە كەوتوونەتە ناوچەكانی ڕۆژهەڵات و باكوری ڕۆژهەڵات، بە نێوەندگیری لە نێوان داعش و پەیەدە و ڕژێمی ئەسەد، هەریەكەیان بە پشكی جیاجیا دوای دەرهێنانی نەوت لە پاڵاوگەكان دەیپاڵێون و بەشێكشی لێ هەناردە دەكەن.

ئەو پسپۆڕە كە ناوی خۆی ئاشكرا نەكردووە و لە كەرتی نەوتی سووریا ڕۆڵی بینیوە، بە ئاژانسی "ئاكی" ئیتاڵی ڕاگەیاندووە، پەیەدە كۆنتڕۆڵی بەسەر 50% نەوتی سووریا كردووە، بەڵام توانای پاڵاوتن و بەبازاڕكردن و فرۆشتنی نییە، لە 2015 هەوڵی دا پسپۆڕانی ئەو بوارە لە دەرەوەی سووریا بهێنێت، تا پاڵاوگەی بچووك بچووك دابمەزرێنێت، بەڵام سەركەوتوو نەبوو، چونكە كارەكە زۆر ئاڵۆز بوون، بۆیە لەگەڵ ڕژێمی ئەسەد گەیشتنە ڕێككەوتن، بۆ ئەوەی بەیەكەوە نەوتی ئەو كێڵگانەی ژێر دەستی پەیەدە لە پاڵاوگەكانی ژێر دەستی ئەسەد بپاڵێورێ، هاوكات بەشێكیشی لە ڕێی ڕووسیا و ئێرانەوە دەگاتە بەندەری بانیاس و دەفرۆشرێت.

سەرچاوەیەكی تر بە ئاژانسەكەی ڕاگەیاندووە، پەیەدە دەستی بەسەر كێڵگە نەوتییەكانی حەسەكە گرتووە، كە لە كێڵگە نەوتییەكانی "ڕومێلان، مالیكییە، سویدیە، كراتشۆك، جبسە و كەبیبە و تشرین" پێك هاتوون، لەو كێڵگانە ڕۆژانە 20 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنرێت، بە گشتی ڕۆژانە 250 هەزار دۆلار پەیەدە قازانجی لێ دەكات، بەر لە 2011ش ئەو كێڵگانە كۆی بەرهەمی ڕۆژانەیان 250 هەزار بەرمیل نەوت بوو.

سەرچاوەكە دووپاتی لەوە كردەوە، نەوتی كێڵگە نەوتییەكانی ژێر دەستی پەیەدە بە هەماهەنگی لەگەڵ داعش دەگەیەنرێتە پاڵاوگەكانی ژێر دەستی ڕژێم و نەوتی داعشیش دەگەیەنرێتە پاڵاوگەكان، ڕژێمی ئەسەد بەشێك لەو نەوتی خامە بۆ خۆی دەگێڕێتەوە لە بەرامبەر پاڵاوتنی و ئەوەی تریش دووبارە بۆ پەیەدە و داعش دەنێردرێتەوە، بەشێك لەو نەوتەش هەناردەی عێراق دەكرێ و لە بەسرەوە بۆ بازاڕەكانی دنیا هەناردە دەكرێت.

ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش كێڵگە نەوتییەكانی شاری دێرزووری لە بەردەستە كە ڕۆژانە 15 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەم دەهێنێت و پێشتر ڕۆژانە 100 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەم دەهێنا.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەكان والی پێشووی ڕەقەی ڕێكخراوی تیرۆریستی داعش بەرپرسی ڕێككەوتن و هەماهەنگی بوو لە نێوان داعش و ڕژێمی ئەسەد، بۆ ئەوەی گواستنەوەی نەوت بەشێوەیەكی ورد و بێ كێشە بۆ پاڵاوگەكان بەڕێوە بچێت.

لە كۆتادا پسپۆڕە ئابوورییەكە هێما بۆ ئەوەش دەكات، تا ئێستەش ڕژێمی ئەسەد بەرپرسە لە پرۆسەكانی نۆژەنكردنەوەی بیرەكان و بۆ دووبارە بەرزكردنەوەی توانای بەرهەمهێنانیان و بەو هۆیەوەش ڕژێمی ئەسەد 50 تا 75% نەوتی ئەو كێڵگانە بۆ خۆی دەبات، لە بەرامبەر نۆژەنكردنەوەی بیرە نەوتییەكان.




وشە - باز ئه‌حمه‌د