هەولێر.. 14 تۆمەتبار گیران

:: AM:11:43:30/10/2016 ‌

پۆلیسی هەولێر ڕای گەیاند كە 14 كەسیان بە تۆمەتی دروستكردنی كێشە و گرفت لەناو شاری هەولێر گرتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم، عەبدولخالق تەڵعەت بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەڤانیدا رای گەیاند كە مەفرەزەكانیان ژمارەیەك تۆمەتباریان لەناو شاری هەولێر گرتووە كە كێشە و گرفتیان دروست كردووە و ئاماژەی بە ژمارەیان دا و گوتی: 14 كەسن.

بەڕێوەبەری پۆلیس ئاماژەی دا كە تا ئێستە زیاتر لەو ژمارەیەیان دەستگیر كردووە، بەڵام هێشتا لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەوانی تردا كۆتای نەهاتووە، بۆیە هیچ زانیارییەكیان لەسەر بڵاو ناكەنەوە.

شەوانە تیمەكانی پۆلیسی هەولێر و هێزەكانی ئاسایش لە شەقامە سەرەكی و گەڕەكەكانی شاری هەولێر بڵاو كراونەتەوە تا باری تەناهیی شارەكە كۆنتڕۆڵ بكەن، بەڕێوەبەری پۆلیسی شاری هەولێر دەیخاتە ڕوو كە شار ئارامە و پۆلیسی شار هەمیشە لە چاودێریدایە تا ئەو ئارامییە وەك خۆی بمێنێتەوە.

لەبارەی تاوانی ئەو كەسانە گوتی: ئەو كەسانەی گیراون تاوانی كوشتن و دزیكردن و ھەڵكوتانە سەرماڵی خەڵكیان ئەنجام داوە و لەكاتی گرتنەكەیان، چەك و چەقۆ و پارە و مادەی بێھۆشكەریان پێ گیراوە.


وشە - كوردۆ شابان