حكوومەتی كوردستان بڕیاری دا... سیستەمی پاشەكەوتی مووچە نامێنێت

:: PM:12:12:09/07/2017 ‌
بڕیارە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت لەسەر مووچەی فەرمانبەران هەڵبگرێت و لەسەر سیستەمی بایۆمەتری مووچە دابەش بكات، بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستیش پشتڕاستی دەكاتەوە و دەڵێ، داوامان لێ كراوە لیستی مووچە بێ پاشەكەوت ئامادە بكەین.

هەفتەی رابردوو وەزارەتی دارایی لەگەڵ نوێنەرانی وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لەسەر پرسی مووچەی فەرمانبەران كۆ بووەوە، داوایان لێ كراوە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران كە لە مانگی ئەیلوول دابەش دەكرێت بێ پاشەكەوت ئامادەی بكەن.

بەگوێرەی زانیارییەكانی دەست "وشە" كەوتووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ماوەی سێ مانگی داهاتوودا تاوتوێی پێدانی مووچەی فەرمانبەران بكات و ئامادەكاری بكات بۆ پێدانی مووچەی مانگی ئەیلوول بەسیستەمێكی نوێ و لەسەر بنەمای بایۆمەتری، بۆ ئەمەش وەزارەتی دارایی رێنوێنیی گشتاندووە بۆ وەزارەتەكانی حكوومەتی هەرێم.

تا ئێستە فەرمانبەران بەسیستەمی حكوومەتی عێراقی مووچە وەردەگرن، بەگوێرەی سیستەمەكەش فەرمانبەران لەگەڵ وەرگرتنی دەرماڵە جێگیرەكان (دەرماڵەی بڕوانامە، خێزان و منداڵ) 39 دەرماڵەی تر لەژێر ناوی جیاواز وەردەگرن.

د. خاڵس قادر بەڕێوەبەری دیوانی وەزارەتی تەندروستی لە لێدوانێكی تایبەت بە "وشە" ئەوەی پشتڕاست كردەوە كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان پاشەكەوت لەسەر مووچە هەڵدەگرێ. لە كۆبوونەوەی نوێنەرانی وەزارەتەكان لەگەڵ وەزارەتی دارایی، داوا كراوە لیستی مووچەی مانگی حوزەیران كە لە مانگی ئەیلوول فەرمانبەران مووچەكە وەردەگرن، پاشەكەوت لە لیستی مووچەدا هەڵبگیردرێت، بەڵام فەرمانبەران وەك ئێستە مووچەكە وەردەگرن".

بەڕێوەبەری دیوانی وەزارتی تەندروستی روونی كردەوە، ئامانج لەو هەنگاوەی حكوومەتی هەرێم تاوتوێكردن و خۆ ئامادەكردنە بۆ داڕشتنی سیستەمێكی نوێی مووچە بەگوێرەی سیستەمی بایۆمەتری كە لەگەڵ مووچەی بنەڕەتی، فەرمانبەران تەنیا دەرماڵە جێگیرەكان وەردەگرن. گوتی، "سیستەمە نوێیەكەی وەزارەتی دارایی ئامادەی دەكات بۆ مووچەی مانگی ئەیلوول دەخرێتە كار و فەرمانبەران بە سیستەمە نوێیەكە مووچەكانیان وەردەگرن".

حكوومەتی هەرێمی كوردستان چوار مووچەی ساڵی 2015ی فەرمانبەران قەرزارە، هاوكات لە سەرەتای ساڵی 2016 پاشەكەوتی خستەسەر مووچەی فەرمانبەران و تا ئێستە بەردەوامە.




وشە - فه‌رمان سادق