گەندەڵی كەرتی دەرمان هەڕەشە لە ژیانی هاووڵاتییان دەكات

:: AM:09:32:10/07/2017 ‌

دوای ساڵی 2003 بازاڕەكانی دەرمان لە عێراق بە تەواوی بە ڕووی دەرمان و پێداویستی پزیشكی زۆربەی وڵاتان كرانەوە، دەرمانی زۆر لە وڵاتانی جۆراوجۆر بەردەوام دێنە عێراق، بەڵام بەشێكیان نرخیان زۆر هەرزانە و ئەمەش ئاماژە و بەڵگەی ڕوونە لەوەی بەهۆی گەندەڵی و تێكچوونی دەرمانەكەوەیە.

نازم هنداوی هاووڵاتییەكە و بە دەست ئازاری گەدەوە پەرێشان و نیگەرانە، ئەو دەڵێ پارەم نییە دەرمانی گرانبەها بكڕم، بۆیە ناچارم دەرمانی نرخ هەرزان بكڕم. پزیشكێكیش دەڵێ، ئەو دەرمانخانانە هیچ نیشانەیەكی بازرگانییان نییە  كە دەرمان بە نرخێكی هەرزان دەفرۆشن. دەرمانسازێكیش هێما بۆ ئەوە دەكات كە دەرمانەكان هیچ كاریگەرییان نییە و تەنیا لە ڕووی دەروونییەوە كاریگەری لەسەر نەخۆش دروست دەكەن و بەرەو چارەسەری دەبەن.

ژمارەیەكی زۆری خەڵكی عێراق لە دۆخێكی دەروونی نالەباردا دەژین، ئەوان پشت بە كڕینی دەرمانی زۆر هەرزان و بێ كوالێتی دەبەستن كە لە دەرمانخانەكاندا بڵاو بووەتەوە و سەرچاوەی هێنانیان بۆ عێراق ناڕوونە، دوای 2003 كۆمپانیاكانی هیندستان و ئێران و ئەوروپا و عەرەبی بازاڕێكی زۆرباشیان لە عێراق دۆزییەوە، بەهۆی ئەوەی عێراق ڕێگە دەدا هەر جۆرە دەرمانێك بە مەرجی زۆر ئاسایی بگەیەنرێنە عێراق، یەكێك لە بازرگانانی دەرمان دەڵێ، بازرگانی بەو جۆرە دەرمانانە قازانجێكی یەكجار زۆری لێ دەكەوێتەوە، جەنگ و كێشە تەناهییەكان بوونەتە هۆی زۆربوونی نەخۆشییەكان و برینداربوون، ئەمەش وا دەكات بازاڕ پێویستی زیاتری بە دەرمان بێت، بێگومان دەرمانە نرخ هەرزانەكانیش باشترین بازاڕ و زۆرترین كڕیاریان هەیە.

ئەو بازرگانە ناوی ئاشكرا نەكرد و دەڵێ، ماوەی 11 ساڵە لە بواری بازرگانی دەرمان كار دەكەم، هەموو جۆرە دەرمانێك لە عێراق باشترین بازاڕی دەبێ، بەتایبەت دەرمانەكانی گەدە و جومگەكان و دڵ و گورچیلە زۆرترین خواستی لەسەرە، ئەو دەڵێ بەگوێرەی ئەو بازاڕە گەرمەی دەرمان بێ لە عێراق، پێ دەچێ هەموو كەسێك لە عێراق نەخۆش بێ، تەنانەت گەنجەكانیش.

حوسێن تائی توێژەر و پسپۆڕ لە بواری دەروونناسی لەوبارەوە دەڵێ، هۆكاری دەروونی و شۆكبوون كاریگەری گەورەیان لەسەر نەخۆشكەوتنی مرۆڤ هەیە، بەپێچەوانەوەش كاتێك لە ڕووی دەروونییەوە مرۆڤ باوەڕ بەخۆی دەهێنێ كە بە خواردنی دەرمانێك چاك دەبێتەوە، ڕەنگە دەرمانەكە كاریگەریشی نەبێ و لە ڕووی دەروونی مێشك هان دەدرێ سیستەمی بەرگری لەش بەهێزتر بكات و چارەسەر ببێ.

ئەو دەروونناسە دەڵێ، ترس لە تەقینەوە و بینینی سوپا و میلیشیاكان و مەرگ و كوشتن، هەموو ئەوانە كاریگەری نەرێنی زۆر گەورەیان لەسەر منداڵ و كەسانی بە تەمەن بە تایبەتی دەبێت، ئەمانەش وا دەكەن لە ڕووی دەروونییەوە بڕووخێن و تووشی زۆر كێشە و نەخۆشی بن.

بەگوێرەی زانیارییەكان، خەڵك بەهۆی كەمدەرامەتی پەنا بۆ دەرمانە نرخ هەرزان و كوالێتی كەمەكان دەبەن، لەبارەی ئەو بازرگانانەش كە دەرمانی بێ كوالێتی دەهێننە عێراق، بەرپرسێك ئاشكرای كردووە، بازرگانەكان كەسانی سیاسی و سەر بە میلیشیاكانی حەشدی شەعبین، كەسێك هێزێكی گەورەی وەك میلیشیاكانی لە پشت نەبێ، بوێری ئەوە ناكات دەست لەو كارە مەترسیدارە وەربدات.





وشە - باز ئه‌حمه‌د