رائید فه‌همی سكرتێری كۆمیته‌ى ناوه‌ندی حزبی شیوعیی عێراق، له دیدارێكى "وشه"دا، بۆچوونی حزبه‌كه‌ی له‌باره‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسینی كورد راده‌گه‌یه‌نێت كه وه‌ك پره‌نسیپ باوه‌ڕیان پێیه‌تی بۆ گه‌لی كوردیش به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خۆیان.
فه‌همی دووپاتی ده‌كاته‌وه كه هه‌ر له زووه‌وه پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق له رێڕه‌وی ئاسایی ده‌رچووه و چه‌ندان كێشه و ته‌نگژه به دوای یه‌كدا هاتن.
*پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق به‌ره‌و كوێ هه‌نگاو ده‌نێت، ئاخۆ له عێراق پرۆسه‌یه‌كی سیاسی دروست و ئاسایی بوونی هه‌یه؟
هه‌ر له زووه‌وه پرۆسه‌ی سیاسی له عێراق له رێڕه‌وی ئاسایی ده‌رچووه و چه‌ندان كێشه و ته‌نگژه ده‌ستیان به‌دوای یه‌كداهاتن كردووه، هۆی سه‌ره‌كی ئه‌و كاره‌ش بۆ ئه‌و بنه‌مایانه ده‌گه‌ڕێته‌وه كه له‌سه‌ری بنیات نراون كه ده‌بوو هاوبه‌شی بووایه، به‌ڵام ئه‌و له‌سه‌ر بنه‌مای به‌ش به‌شێنه‌ی تایفی و ئه‌تنی بنیات نرا، ئه‌وانه‌ش وایانكرد ئه‌و به‌ش به‌شێنه بچێته بنیاتی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌ت و بیكاته نادروست و له هه‌موو روویه‌كه‌وه فه‌شه‌لی پێ بێنێ.
دۆخه‌كه له ساڵانی دواییدا گه‌یشته ئاستی كه‌ڵه‌كه‌بوونی ته‌نگژه‌كان و دۆخه‌كه به‌ره‌و ته‌نگژه‌یه‌كی گشتی چوو كه هه‌موو كایه‌كانی ده‌وڵه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان و دامه‌زراوه مه‌ده‌نییه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سه‌ربازیشی به تایبه‌تی ته‌شه‌نه‌كردنی گه‌نده‌ڵی گرته‌وه، بۆیه ئه‌و بنیاته‌ی پرۆسه‌ی سیاسی ئه‌وه‌ی سه‌لماند كه نه‌ك توانای نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی نییه، به‌ڵكو به‌رهه‌مهێنه‌ری گه‌نده‌ڵییه و به‌شێوه‌یه‌ك له شێوه‌كان بووه‌ته داینگه‌یه‌ك بۆ گه‌نده‌ڵكاران، ئه‌وه‌ش بووه‌ته راستییه‌كی به‌ڵگه‌نه‌ویست، بۆیه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ پرۆسه‌كه راست بكه‌ینه‌وه، پێویسته هه‌موو پێكهاته‌كانی عێراق به‌شداری بكه‌ن و شێوازی به‌شداریكردنه‌كه‌ش له بنیاتنان و به‌ڕێوه‌بردنی ده‌وڵه‌ت له‌سه‌ر بنه‌مای هاوڵاتیبوون بێ نه‌ك ته‌نیا به‌شداریكردن كه ره‌نگه بۆ به‌ش به‌شێنه‌ی حزب و پێكهاته بگۆڕێت، هه‌ر ئه‌وه‌بوو ئێمه‌ی گه‌یانده ئه‌و دۆخه‌ی كه هه‌یه.
بۆیه بۆ قۆناغی دوای نه‌مانی داعش ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ عێراق سه‌قامگیر بێت و بگه‌ڕێته‌وه ره‌وتی ئاسایی خۆی له گه‌شه‌سه‌ندن، ناكرێت كاره‌كان له چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی سیاسی‌دا به‌هه‌مان شێواز به‌ڕێوه ببرێت، چونكه به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی سیاسی به‌و رێگه‌یه فاشیله و پێویسته راست بكرێته‌وه.
*له سایه‌ی ئه‌و هه‌موو ته‌نگژانه‌ی له عێراق هه‌ن و ئه‌و قۆناغه سه‌خته‌ی چاوه‌ڕوانی ده‌كات، ئاخۆ خاوه‌ن بڕیاره‌كان له عێراق ده‌توانن ئه‌و قۆناغه كۆنترۆڵ بكه‌ن؟
به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر بنه‌مای بنیاتی سیاسی و تایفی، فه‌شه‌لهێنانی سه‌لمێنرا و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ریان مانای وایه كه له فه‌شه‌لهێنان به‌رده‌وامین، بۆیه پێویسته په‌نا بۆ لۆجیكێكی تر ببه‌ین ئه‌ویش هاووڵاتیبوونه، واته به‌بێ بوونی فره هاووڵاتیبوون به‌پێی لایه‌ندارییان كه زیانی هه‌یه و ترازان قووڵ ده‌كاته‌وه و زیانیش به دادوه‌ری كۆمه‌ڵایه‌تی ده‌گه‌یه‌نێ.
تا ئێسته‌ش به كرده‌نی به‌شێك له هێزه‌كان كه دروشمی ده‌وڵه‌تی مه‌ده‌نییان هه‌ڵگرتووه، كه‌چی له‌ژێره‌وه كار بۆ دروستكردنی بارسته‌ی تایفی ده‌كه‌ن، بۆیه پێویسته ئه‌و دووڕوویه به راشكاوانه رووبه‌ڕوویان بكرێته‌وه، چونكه ناكرێ دوای ئه‌و هه‌موو نه‌هامه‌تییه دووباره بۆ هه‌مان بنه‌مای پێشوو بگه‌ڕێینه‌وه كه ناتوانێ كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكات، ئه‌وانه‌شی له‌سه‌ری سوورن، هۆكه‌ی ئه‌وه‌یه ته‌نیا سه‌رمایه‌ی سیاسی ئه‌وانه و هیچ ده‌ستكه‌وتی ئه‌رێنییان نییه، هه‌ر ئه‌وه‌شه ته‌حه‌دای گه‌وره بۆ هه‌ڵبژاردنی داهاتوو كه وێستگه‌یه‌كی گرنگی گۆڕانكارییه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێ دۆخه‌كه بگۆڕین.
بیرۆكه‌ی هاووڵاتیبوون كێشه‌كانمان چاره‌سه‌ر ده‌كات، به‌ڵام كامه‌ن ئه‌و هێزانه‌ی ده‌توانن ئه‌و لۆجیكه پێڕه‌و بكه‌ن، ئاخۆ لایه‌نه ده‌سه‌ڵاتداره‌كان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن، به‌شێكیان د‌رك به‌وه ده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێ هه‌نگاو به‌و ئاراسته باوێن و به‌شێكیان دركی پێ ده‌كه‌ن، به‌ڵام وای ده‌بینن كه ئه‌گه‌ر ئه‌و لۆجیكه واز بێنن بنكه‌ی جه‌ماوه‌رییه‌كه‌یان له ده‌ست ده‌ده‌ن، چونكه هه‌موو گوتاری سیاسیی خۆیان له‌سه‌ر ئه‌و بنه‌مایه بنیات ناوه، بۆیه به بڕوای خۆم ئه‌وه كڕۆكی ئه‌و ته‌حه‌دایه‌یه كه له قۆناغی دوای داعش رووبه‌ڕووی ده‌بینه‌وه، بۆیه پێویسته چاكسازی سه‌ره‌كی له سیاسه‌ت و بنیاتی ده‌وڵه‌ت بكرێ.
*ئاخۆ ئه‌و گۆڕانكارییه‌ی باسی لێوه ده‌كه‌ی پێویست به جموجۆڵێكی جه‌ماوه‌ری ناكات له رێگه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان یان ورووژاندنی شه‌قام و خۆپێشاندان بۆ پاڵه‌په‌ستۆ خستنه سه‌ر سیاسه‌توانان بۆ ناچاركردنیان بۆ گۆڕانكاری؟
پێویسته جه‌ماوه‌ر جووڵه بكات، به‌ڵام لێره‌دا به‌رپرسیاریه‌تی ده‌كه‌وێته ئه‌ستۆی ئه‌و لایه‌نانه‌ی جموجۆڵ به جه‌ماوه‌ر ده‌كه‌ن كه پێویسته پڕۆژه‌یان هه‌بێت، ئێمه‌ش له‌وانه‌ین كه جموجۆڵ ده‌كه‌ین، به‌ڵێ ئێسته لایه‌نی ده‌ستڕۆیشتووی سیاسی هه‌یه نایانه‌وێ گۆڕان روو بدات و له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه، بۆیه پێویسته هاوسه‌نگی هێز بگۆڕین، به‌ڵام كێ ده‌یه‌وێ گۆڕانكاری بكرێ؟ به‌پێی ئه‌وه‌ی دیاره زۆرینه‌ی خه‌ڵك زیانیان پێگه‌یشتووه كه خزمه‌تگوزاری نییه و لێره‌وله‌وێ له نه‌جه‌ف و ناسرییه خۆپێشاندان ده‌كرێت، واته جه‌ماوه‌ر جموجۆڵی هه‌یه، به‌ڵام به‌ئاستی پێویست نییه كه هاوسه‌نگی هێز بگۆڕێ.
به‌گشتی به‌شێكی زۆری خه‌ڵك بێزاره و زیانی پێ گه‌یشتووه و بێده‌نگه كه متمانه‌ی به‌وه نییه كه ئه‌گه‌ر بچێته سه‌ر شه‌قامیش هیچ له دۆخه‌كه بگۆڕێ، یان ئه‌وه‌تا چاوه‌ڕوانی رزگاركه‌رێك ده‌كات، بۆیه ئه‌وانه هه‌مووی ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ن رێگری له جموجۆڵی جه‌ماوه‌ری ده‌كه‌ن كه ببنه هێزێكی كاریگه‌ر و پاڵنه‌ر بۆ گۆڕانكاری، ئه‌گه‌رچی له هه‌مانكاتدا ئاماژه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر زیانه‌كه گه‌یشته به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان و وه‌ك پێویست ئاماده كران، ئه‌وان ئاماده‌ن بۆ جموجۆڵكردن و ئه‌گه‌ر ئه‌و جموجۆڵه به‌شێوه‌یه‌كی رێكخراویش نه‌كرێت، ئه‌وه ته‌قینه‌وه روو ده‌دات كه هه‌ندێك جار توندوتیژی له‌گه‌ڵدا ده‌بێت و پێشێلكاری تیادا روو ده‌دات.
*له سایه‌ی بانگه‌شه‌ی سوننه بۆ به‌هه‌رێمكردن و كورد بۆ جیابوونه‌وه و شیعه بۆ زۆرینه‌ی سیاسی، ئاخۆ ئه‌وانه ئاماژه نین بۆ ئه‌وه‌ی عێراق له به‌رده‌م ترازان و دابه‌شبوونه؟
ترازانی عێراق مه‌ترسییه‌كی به‌رده‌وامی هه‌یه، به‌ڵام ئێسته هه‌ست ده‌كه‌م بیرۆكه‌كه زیاتر دوور كه‌وتووه‌ته‌وه، چونكه داعش مه‌ترسی بوو بۆ هه‌مووان له عه‌ره‌ب و كورد و زیانی به هه‌مووان گه‌یاند، بۆیه دوژمنێكی هاوبه‌ش ئه‌وانی یه‌كخست، ئه‌و پرۆسه‌یه زیاتر له دوو ساڵی خایاند و به‌شێك له به‌سته‌ڵه‌كی نێوانیانی توانده‌وه و متمانه‌ی بۆ گه‌ڕاندنه‌وه و زه‌وینه‌یه‌كی له‌باری بۆ كاری هاوبه‌ش ره‌خساند، وه‌ك هاریكاری نێوان پێشمه‌رگه و سوپای عێراق له جه‌نگه‌كان و قوربانیدانی هاوبه‌شیان له‌و ناوه‌دا.
له رووی نێوده‌وڵه‌تیشه‌وه ئه‌و پڕۆژانه‌ی باسیان له دابه‌شكردنی عێراق و دروستكردنی قه‌واره‌ی نوێ ده‌كرد، پاشه‌كشه‌یان كرد، ئه‌وه‌ش له دوای بینینی مه‌ترسی تیرۆریستان و درككردن به‌وه‌ی وڵاتان له دوای ترازانیان بۆشایی و پشێوی دروست ده‌بێت، بۆیه ئه‌وان خۆیان له شكاندنی سنووره‌كان پاراست، چونكه ئه‌نجامه‌كانی له به‌رژه‌وه‌ندی ئه‌واندا نییه، هاوكات پێویسته ئه‌و وڵاتانه‌ی فره پێكهاته و ئاینن، وه‌ك خۆیان بمێننه‌وه و هه‌مووان مافی خۆیان وه‌ربگرن.
*بۆچوونی ئێوه له‌باره‌ی مافی چاره‌ی خۆنووسینی كوردستان و بڕیاری ریفراندۆم چییه؟
وه‌ك پره‌نسیپ ئێمه باوه‌ڕمان به مافی چاره‌ی خۆنووسین هه‌یه، له‌وانه بۆ گه‌لی كورد به دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی خۆیان، وه‌ك حزبی شیوعی له كۆنه‌وه پاڵپشتی له مافه‌كانی سیاسی و رۆشنبیریی كورد ده‌كه‌ین و له‌وانه‌یش مافی چاره‌ی خۆنووسین، به‌درێژایی ته‌مه‌نی ده‌وڵه‌تی عێراق ئه‌و مافه په‌ره‌ی سه‌ند بۆ فیدراڵیی و ئێسته‌ش كوردستان به كرده‌نی له دۆخێكی زیاتر له فیدراڵیدایه و نزیكه له كۆنفیدراڵیی، راسته ئه‌مڕۆ ئه‌و شێوازه دووچاری كێشه بووه‌ته‌وه كه هه‌ندێكیان هه‌مان ئه‌و كێشانه‌ن گه‌لی عێراق به‌ده‌ستییه‌وه ده‌ناڵێنێ، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا جۆراوجۆر و فره‌هۆكارن، به‌ڵام به بڕوای ئێمه به هاوشانی هه‌مووان ده‌توانرێ چاره‌سه‌ر بكرێن.
دوای ئه‌وه ده‌توانرێ ده‌وڵه‌تی كوردی یان كوردستانی به‌شێوازێكی سروشتی له دایك بێت كه ده‌یان ساڵه چاوه‌ڕوان ده‌كرێت، له‌باره‌ی ریفراندۆمه‌وه كه وه‌ك بارزانی له قسه‌كانیدا باسی لێوه ده‌كات كه گفتوگۆكان له‌گه‌ڵ به‌غدا پێویستیان به كات هه‌یه، لێره‌دا كێشه‌كه له كوێیه، كێشه‌كه له واده‌ی ئه‌نجامدان و ئه‌و گوتاره‌دایه كه ئێسته هه‌یه، چونكه گوتارێكی دیاریكراو هه‌یه یاریده‌ده‌ر نییه و له به‌رامبه‌ردا وا ده‌خوێنرێته‌وه كه تۆ ده‌ته‌وێ سوود له‌و دۆخه‌ی وه‌ربگری كه له عێراقدا هه‌یه، بۆیه ئه‌گه‌رچی مافی خۆشته، به‌ڵام كاتی گونجاوی خۆی هه‌یه.
دووه‌م ئه‌و هه‌نگاوانه‌ی له‌باره‌ی ریفراندۆم و سه‌ربه‌خۆیی ده‌هاوێژرێ كه ئامانجی كۆتای له هه‌ر شێوازێكی نوێ بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی بوونی ده‌وڵه‌ت، پێویسته هه‌نگاوێكی باشتر بێت بۆ گه‌لی كوردستان كه له دوو ده‌یه‌ی دواییدا ده‌ستكه‌وتی باشیان به‌ده‌ست هێناوه و شانازی پێوه ده‌كه‌ن، كه‌چی ئێسته دۆخێكی سه‌خت له كوردستان هه‌یه و تۆ كه هه‌نگاوێكی گه‌وره‌تر به‌ره‌و ده‌وڵه‌ت داوێیت، پێویسته دۆخێكی باشتر دروست ببێت.
هه‌رچی كات و ساتی ریفراندۆمه ئێمه به ناگونجاوی ده‌بینین، چونكه داعش كۆتای پێ نه‌هاتووه و كێشه‌كانی ئابووری و سیاسی له هه‌رێم و عێراق به‌رده‌وامن و وڵاتانی دراوسێ ئاماده نین بۆ قبووڵكردنی بیرۆكه‌كه و هه‌ڕه‌شه ده‌كه‌ن و وڵاتانی دنیا خۆیان له‌و پرسه ده‌پارێزن.
بڕیاری ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ناوخۆیییه و له هه‌رێم بڕیاری له‌باره‌وه ده‌درێت، به‌ڵام ده‌مه‌وێ بڵێم كاردانه‌وه‌كان له به‌رامبه‌ریدا چی ده‌بن، ئه‌گه‌ر به كۆكی و لێكگه‌یشتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ناوه‌ندا بكرێ، ئه‌وه به‌شێوه‌یه‌ك ده‌بێت و ئه‌گه‌ر جیا له‌ویش بكرێت شتێكی تر و هه‌ریه‌كه‌یان حیسابی خۆی هه‌یه، بۆیه به‌ر له راپرسییه‌كه هانیان ده‌ده‌ین به‌ره‌و بوونی وتوێژێكی رژد له‌گه‌ڵ به‌غدا و گه‌یشتن به لێكتێگه‌یشتن بڕۆن، واته به‌ر له ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بۆچوونی یه‌كتر بزانن نه‌ك دوای پرۆسه‌كه، جیا له‌وه‌ش مه‌ترسییه‌كه لێره‌وه‌یه كه به‌شێك له میدیاكانی عێراق به‌و پاساوه زمانێكی شۆڤینی له به‌رامبه‌ر كورد به‌كار دێنن و ده‌یانه‌وێ ناكۆكی نه‌ته‌وه‌یی له نێوان كورد و عه‌ره‌ب دروست بكه‌ن.
*له سایه‌ی به سه‌ربازیكردنی كۆمه‌ڵگه‌ی عێراق، چۆن ده‌ڕواننه داهاتووی ئه‌و وڵاته، چۆن ده‌ڕواننه حه‌شدی شه‌عبی و بوونی رۆڵی سیاسیی ئه‌وان؟
ئێسته جه‌نگ له دژی داعش به‌رده‌وامه و ره‌نگه هه‌ره‌سهێنانی سوپا و هێزه ته‌ناهییه‌كانی بوونی چه‌ند هێزێكی تری وه‌ك حه‌شدی شه‌عبی پێویست كردبێت، به‌ڵام مه‌ترسییه‌كه له‌وه‌دایه كه به‌سه‌ربازیكردنی به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵگه بكرێت، واته ناكرێت جیا له دامه‌زراوه ته‌ناهییه‌كانی سه‌ربه حكوومه‌ت هێزیتری چه‌كداری هه‌بێت كه بنه‌ماكانی ده‌وڵه‌ت له‌رزۆك ده‌كه‌ن.
هه‌رچی حه‌شدی شه‌عبییه بۆ قۆناغی دوای داعش، ئێسته رێككه‌وتنێك له‌وباره‌وه هه‌یه كه له چوارچێوه‌ی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت شوێنیان بۆ بكرێته‌وه، ئه‌گه‌رچی شێواز و ورده‌كاری ئه‌و مانه‌وه‌یان پێویسته دیاری بكرێت، هه‌روه‌ها دوای ئه‌و هه‌نگاوه پێویسته ئه‌ندامانی حه‌شدی شه‌عبی پێوه‌ندییان به گرووپه‌كانی خۆیانه‌وه نه‌مێنێ كه ئێسته تیایدان.
ده‌ستوور رێگه به بوونی چه‌كداری و كاری سیاسی نادات، واته ئه‌و هێزانه‌ی حه‌شد دێنه ناو هێزه چه‌كداره‌كان بۆیان نییه كاری سیاسی بكه‌ن، هه‌روه‌ها ئه‌و حزبانه‌شی باڵی سه‌ربازییان هه‌یه ناكرێت به‌و شێوه‌یه بمێننه‌وه، چونكه به‌پێی یاسای حزبه‌كان و ده‌ستوور پێویسته له‌كاتی هه‌ڵبژاردن ئه‌و حزبانه پێوه‌ندییان به باڵی سه‌ربازی ببڕن، چونكه بوونی باڵی سه‌ربازی له‌كاتی هه‌ڵبژاردنه‌كان پاڵه‌په‌ستۆ دروست ده‌كات و هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر دیموكراسی و سه‌قامگیری وڵات ده‌كات.