وێنەی ترەمپ و پوتین خرایە سەر مۆبایلی نۆكیاوە

:: PM:12:36:10/07/2017 ‌

كۆمپانیایەكی ڕووسی تایبەت بە بواری بەرهەمهێنانی مۆبایلە تایبەتەكان، دەستی كرد بە بەرهەمهێنانی مۆبایلێكی زۆر ناوازە و تایبەتی نۆكیا3310 كە ناوی "كاڤیار"ی لێ نراوه‌ و بە زێڕ ڕووپۆش كراوە و لە پشتەوەی وێنەی ڤلادیمێر پوتینی سەرۆكی ڕووسیا و دۆناڵد ترەمپی سەرۆكی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكای لێ دراوە.

ئەو كۆمپانیایە مۆبایلی زۆر ناوازە و گرانبەها دروست دەكات لە كانزای زۆر گران و تایبەت، بۆیە ئەو مۆبایلە لە ڕۆژی دیدارەی ترەمپ و پوتین لە هەینی ڕابردوو 7 تەمووز/یۆلیۆ بڵاو كرایەوە و ڕێككەوتنی 7/7/2017 و ناوی شاری هامبۆرگی لەسەر نووسراوە و ئاماژە بە كۆبوونەوەی G20 كراوە كە لە ئەڵمانیا بەڕێوە دەچێت.

دیدارەكەی ترەمپ و پوتین لە پەراوێزی لووتكەی وڵاتانی جی 20 بە یەكەم دیداری هەردوو سەرۆك دێ، دوای ئەوەی ترەمپ لە 20 كانوونی دووەم/یەنایەری ئەمساڵ پۆستی سەرۆكایەتی ئەمەریكای وەرگرت.

ڕۆژی هەینی حەوتی ئەم مانگە كارەكانی كۆبوونەوەی لووتكەی 20 وڵاتە پیشەسازییەكە لە شاری مامبۆرگی وڵاتی ئەڵمانیا دەستی پێ كرد، لە هەمان سات ئەو مۆبایلە خرایە بازاڕەوە كە نرخەكەی دوو هەزار و 500 دۆلاری ئەمەریكییە و بە زێڕ وێنەی هەردوو سەرۆكی ئەمەریكا و ڕووسیا ڕووپۆش كراوە.

بەشەكانی تری مۆبایلە بە مادەی تیتانیۆمی گرانبەها ڕووپۆش كراوە، كە بەوە ناسراوە بەرگەی هەموو دۆخێك دەگرێ و زۆر بەهێزە و بە ئەستەم تێك دەشكێت.

سەرچاوە/سكای نیوز.



وشە - باز ئه‌حمه‌د