دوای دەست پێكردنی هێرش بۆ ڕزگاركردنی مووسڵ لە رۆژی 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر، هاووڵاتییانی ژێر دەستی داعش دوای زیاتر لە دوو ساڵ و چوار مانگ لە زەبر و زەنگ و دۆزەخی تیرۆریستان ڕزگاریان بوو.
پێگەی "ئیندیپێندت"ی بەریتانی راپۆرتێكی وێنەیەكی بڵاو كردووەتەوە و تێیدا ئاوارەكانی مووسڵ لە رۆژهەڵات و باكوری مووسڵ و لە میحوەری باشووری مووسڵیش بەسەر دەكاتەوە.
ئەو وێنانەی پێگە بەریتانییەكە كە تایبەتن و بڵاوی كردوونەتەوە، لە ڕووخسار و سیمای ئاوارەكان شەكەتی و ئازاری قورس دەبینرێ، بەڵام سەرەتای ئومێد و هیوا بۆ داهاتووش لە ناخیاندا چەكەرەی كردووە، دوای ئەو ماوە زۆر كە لە ژێر دەستی تیرۆریستان بەرگەیان گرت.
بەگوێرەی دوا ئاماری رێكخراوە مرۆیییەكان زیاتر لە هەزار كەس تا ئێستە لە میحوەرەكانی رۆژهەڵات و باكوری مووسڵ ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، هەروەها لە میحوەری باشووریش بەشێكی زۆری خەڵكی ئاوارە بوون، لە رۆژئاواش خەڵكی مووسڵ بەرەو سووریا رۆیشتوون و لەوێ لە ناوچەی ئەلهەولی پارێزگەی حەسەكە كەمپیان بۆ كراوەتەوە.
لە سەرەتای هاتنی داعش بۆ مووسڵ زیاتر لە 350 هەزار هاووڵاتیی شارەكە ئاوارەی هەرێمی كوردستان بوون، ئێستەش پێشبینی دەكرێ نزیكەی 750 هەزار هاووڵاتی تر ئاوارەی شارەكانی كوردستان بن بۆ ئەو مەبەستەش حەوت كەمپ بۆ پێشوازی لە ئاوارەكان ئامادە كراوە.
رۆژی 10ی حوزەیران/یۆنیۆی 2014 دوای ڕاكردنی نزیكەی 60 هەزار چەكدار لە چوار فیرقەی سەربازی سوپای عێراق و پۆلیسی ناوخۆیی شارەكە، تەواوی شاری مووسڵ كەوتە دەستی تیرۆریستانی داعش و پاش ئەوەی شارەكە داگیر كرا، ئەبوبەكر بەغدادی سەرۆكی رێكخراوی تیرۆریستی داعش لە مزگەوتێكی مووسڵ پەیامی بڵاو كردەوە و پاشان تیرۆریستان بەرەو ناوەڕاست و باشووری عێراق پێشڕەوییان كرد.
لە سەرەتاكانی مانگی ئاب/ئۆگستسی 2014، تیرۆریستان بەرەو كوردستان گەڕانەوە و پەلاماری ناوچە كوردستانییەكانیان دا بەرەو هەولێر هاتن و شارۆكەی مەخموور و گوێڕیان كۆنتڕۆڵ كرد، بەڵام لە شەوی 10 ئاب/ئۆگستسی 2014، فڕۆكە جەنگییەكانی ئەمەریكا هاتنە وەڵام و یەكەم بۆردمانیان لە مەخموور و گوێڕ بۆ سەر تیرۆریستان ئەنجام دا.
رۆژی دووشەم 17 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر لە درەنگانی شەودا حەیدەر عەبادی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستپێكی هەڵمەتی رزگاری شاری مووسڵی ڕاگەیاند و بۆ بەیانییەكەی هێزی پێشمەرگە لە میحوەری خازر دەستیان بە پێشڕەوی كرد و توانییان تا نیوەڕۆ نۆ گوند لە تیرۆریستان پاك بكەنەوە ، هاوكات لە میحوەری گوێڕ-مەخموور و میحوەری گەیارەش هێزەكانی عێراق پێشڕەوییان كرد و هەڵمەتەكان لایەن هێزەكانەوە رۆژ دوای رۆژ بەردەوام دەبن و بازنەی گەمارۆدانی تیرۆریستان لە مووسڵ سات دوای سات بچووكتر دەبێتەوە.
مووسڵ دووەم گەورەترین شاری عێراقە و یەكێكە لە شارە مێژوویییە بەناوبانگەكانی ناوچەكە و بەگوێرەی ئاماری 2013 ژمارەی دانیشتووانی، زیاتر لە دوو ملیۆن كەس دەبێت و هەریەك لە پێكهاتەكانی عەرەبی سونە و كورد و توركمان و مەسیحی و كوردانی ئێزیدی و شەبەك تێیدا نیشتەجێن، زێی دیجلە بەنێو شارەكە تێپەڕ دەبێت و كردوویەتی بە دوو بەشەوە و بە بەشی ڕاست و چەپی شارەكە ناوزەد كراوە.
سەرچاوە/ ئیندیپێندت.