دوای گەیشتنی وەجبەیەك برنجی هیندی بەسەرچوو كە مێروو لێی داوە بەمەبەستی دابەشكردنی بەسەر هاووڵاتییان لە چوارچێوەی پسوولەی خۆراكدا، وەزارەتی بازرگانی پێشنیازی كردووە برنجەكە پاك بكرێتەوە و دابەش بكرێ، بەڵام لێژنەی نەزاهەی پەرلەمان رازی نییە.
ئەمڕۆ یەكشەم تەڵاڵ زەوبەعی سەرۆكی لێژنەی نەزاهەی پەرلەمانی عێراق رای گەیاند كە پەرلەمان لێژنەیەكی لێكۆڵینەوەی لە هەردوو لێژنەی نەزاهە و ئابووری پێك هێناوە و ئەوان دوای لێكۆڵینەوە بڕیاری دەست بەسەرداگرتنی ئەمباری ژمارە یەكیان داوە كە مێروو لە برنجەكەی داوە و بڕەكەی چوار هەزار و 700 تۆنە لە كۆی 41 هەزار تۆن كە لە رێگەی كەشتییەكەوە هاتوون.
زیاتر گوتی، لێژنەی نەزاهە مێوانداری هەموو لایەنە پێوەندیدارەكانی وەزارەتی بازرگانی و پشكنەری گشتی كردووە و لێژنەكە راپۆرتی خۆی دەداتە پەرلەمان بۆ لێپرسینەوە لە كەمتەرخەمان، دووپاتی كردەوە كە وەزارەتی بازرگانی پێشنیازی كردووە كە دەتوانن لە رێگەی بەهەڵمكردنەوە برنجەكە لەو مێرووانە رزگار بكەن و دابەشی سەر هاووڵاتییانی بكەن.
پێشتر وەزارەتی بازرگانی عێراق رەتی كردەوە كە ئەو برنجە لە رێگەی گرێبەستەكانی ئەوانەوە هاتبێت كە بەچەندان رێوشوێن تێپەڕ دەبێت و پشكنینی وردی بۆ دەكرێت، ئەوەشی هەیە لەلایەن چەند كەسێكەوە هێنراوە بەمەبەستی ناوزڕاندنی گرێبەستەكانی بازرگانی.
لای خۆیەوە دوێنێ سەلمان جومەیلی وەزیری پلاندانانی عێراق كە وەزارەتی بازرگانی بە وەكالەت بەڕێوە دەبات رای گەیاند كە ئەو بارە برنجە مێروو لێداوەی لە 21ی مانگی رابردوو دۆزرایەوە رێوشوێنی یاسایی لە بەرامبەر وەرگیراوە و پەرلەمانتاران بۆ مەبەستی سیاسی و تایبەت دەیانەوێ بابەتەكە گەورە بكەن، هەروەها ململانێی بازرگانیشی تیادایە كە وەزارەتی بازرگانی باجەكەی دەدات.
وشە/غەد پرێس-و: مەحموود ئیسماعیل