ئێران لە ڕووی یاساییەوەش عێراق وەكخۆی لێ دەكات

:: PM:02:23:30/10/2016 ‌

ئەمڕۆ بەئامادەبوونی هەریەك لە دادوەر میدحەت مەحموود سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری لە عێراق و ئایەتوڵا سادق لاریجانی سەرۆكی دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە بەغدا، سەرۆكی داواكاری گشتیی ئێران و هاوتا عێراقییەكەی یاداشتێكی لێكگەیشتنیان بۆ هاریكاری دادوەری و یاسایی و نەهێشتنی تیرۆر ئیمزا كرد.

بەپێی یاداشتەكە هەردوو وڵات لە بارەی دادوەری لە بواری نەهێشتنی تیرۆر و قاچاخ و ئاودیوكردن بەهەموو شێوەكانی، لەوانەش قاچاخی چەك و بازرگانی بەمرۆڤ هاوكاری دەكەن.

هەروەها یاداشتەكە دووپات لە هاریكاری لە بواری مافی مرۆڤ دەكاتەوە لەوانە مافی منداڵ و ئافرەت لەسەر بنەمای رێنوێنییەكانی ئیسلام، لەپاڵ راهێنان بە دادوەرانی عێراق لە ئێران. 

دەسەڵاتی دادوەری عێراق لای خۆیەوە لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كە هەریەك لە لاریجانی و مەحموود لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەش لە سەروبەندی كۆبوونەوەیان لە بارەگەی دەسەڵاتی دادوەری لە بەغدا بە ئامادەبوونی گەورە بەرپرسانی دادوەری هەردوو وڵات، یاداشتێكی هاریكارییان لە بواری دادوەری ئیمزا كرد.

زیاتر گوتی، ئەو یاداشتە درێژكراوەی رێككەوتننامەكانی پێشتری نێوان هەردوو وڵاتە لە 2012، مەحموود روونی كردەوە، گرنگترین بڕگەكانی یاداشتەكە پێوەستە بە هاریكاری لە بواری نەهێشتنی تیرۆر و قاچاخی چەك و پارە و تاوانی رێكخراو و تاوانەكانی پێوەست بە بواری تەناهی و دابینكردنی مافی قوربانیان و پەرەپێدانی توانای دادوەری و داواكاری گشتی.

بەر لە ئیمزاكردنی یاداشتەكە، هەریەك لە لاریجانی و مەحموود وتوێژ و كۆبوونەوەیان ئەنجام دا و ئەو پرسانەیان یەكلا كردەوە، لەو كاتەی لاریجانی دوێنێ شەموو بەسەرۆكایەتی شاندێكی باڵای ئێران گەیشتە بەغدا.

سەرچاوە: غەد پرێس، ئیرنا




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل