له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا نزیكه‌ى حه‌وت هه‌زار رووداوى هاتوچۆ له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى هاتوچۆى هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانى تۆمار كراون، به‌و هۆیه‌وه نزیكه‌ى 17 هه‌زار كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و بریندار بوون. ئه‌و ژماره‌یه زیاتره له كۆى گشتیى ژماره‌ى ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى له سه‌ره‌تاى شه‌ڕى داعشه‌وه تا ئێسته شه‌هید و بریندار بوون. زیانه‌كانی ئابووریش له له‌كاركه‌وتنى سه‌رووى 13 هه‌زار ئۆتۆمبێلدا، به ملیۆنان دۆلار ده‌خه‌مڵێنرێت.
رووداوه‌كانى هاتوچۆ له كوردستاندا
به‌گوێره‌ى ئه‌و ئاماره فه‌رمییانه‌ى "وشه" له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى هاتوچۆى كوردستانه‌وه ده‌ستى كه‌وتووه، له ماوه‌ى ساڵانى 2015-2916دا شه‌ش هه‌زار و 967 رووداوى هاتوچۆ له سنوورى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى هاتوچۆى هه‌ولێر، دهۆك و سلێمانى تۆمار كراون.
رائید فازڵ حاجى گوته‌بێژى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى پۆلیسى هاتوچۆى هه‌ولێر ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات، له ساڵى 2015دا له پارێزگاى هه‌ولێر هه‌زار و 157 رووداوى هاتوچۆ تۆمار كراوه، به‌ڵام له ساڵى 2016دا رێژه‌كه بۆ هه‌زار و 270 رووداوى هاتوچۆ به‌رز بووه‌ته‌وه.
ساڵى 2015 له سنوورى پارێزگاى دهۆك هه‌زار و 223 رووداوى هاتوچۆ تۆمار كراوه، به‌ڵام له ساڵى رابردوودا هه‌زار و 118 رووداوى هاتوچۆ تۆمار كراوه. ئه‌وه‌ش به‌گوته‌ى رائید ئازاد ته‌ها به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى پۆلیسى هاتوچۆى دهۆك.
له سنوورى پارێزگاى سلێمانى، رووداوه‌كانى هاتوچۆ هاوشێوه‌ى هه‌ولێر و دهۆك به‌رزن، له ساڵى 2015دا 974 رووداوى هاتوچۆ و له ساڵى 2016دا رێژه‌كه بۆ هه‌زار و 225 رووداوى هاتوچۆ به‌رز بووه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ش به‌پێى ئامارێكى فه‌رمیى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى هاتوچۆى پارێزگاى سلێمانى كه به‌رده‌ست "وشه" خراوه.
جۆرى رووداوه‌كانى هاتوچۆ
به‌گوێره‌ى داتاكانى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى پۆلیسى هاتوچۆ له هه‌رێمى كوردستاندا، زۆرینه‌ى هه‌ره زۆرى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له شێوه‌ى پێكدادانن، به‌دواى ئه‌ودا وه‌رگه‌ڕانى ئۆتۆمبێل و چه‌ند حاڵه‌تێكى سووتانى ئۆتۆمبێل و لێدانى هاووڵاتییان یان خۆكێشان به شۆسته و عه‌موود و... هتد
له كۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له سنوورى پارێزگاى دهۆك له ساڵى 2015دا، 966 رووداوى پێكدادان، 170 رووداوى وه‌رگه‌ڕان، 87 رووداوى لێدان بوون، به‌ڵام له ساڵى 2016دا 867 رووداوى پێكدادان، 188 رووداوى وه‌رگه‌ڕان، پێنج حاڵه‌تى سووتانى ئۆتۆمبێل و 120 لێدان تۆمار كراوه.
له‌كاتێكدا له كۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له سنوورى پارێزگاى سلێمانى له ساڵى 2016دا، 639 رووداوى پێكدادان، 315 وه‌رگه‌ڕان، 221 رووداوى لێدان و شێلان، 47 هه‌ڵدێران و شه‌ش حاڵه‌تى سووتانى ئۆتۆمبێل تۆمار كراوه.
به‌گوێره‌ى به‌دواداچوونه‌كانى "وشه"، له كۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له سه‌رتاسه‌رى هه‌رێمى كوردستان له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا، سه‌رووى شه‌ش هه‌زار رووداوى پێكدادان تۆمار كراوه، كه لانى كه‌م 12 هه‌زار ئۆتۆمبێل له‌و رووداوانه‌دا تووشى زیان بوون، له‌كاتێكدا نزیكه‌ى هه‌زار ئۆتۆمبێلى تر به‌هۆى رووداوه‌كانى تر‌ى هاتوچۆ له شێوه‌ى وه‌رگه‌ڕان و لێدان و سووتان تووشى تێكچوون و له‌كاركه‌وتن بوونه‌ته‌وه، به‌وه‌ش له ماوه‌ى دوو ساڵدا سه‌رووى 13 هه‌زار ئۆتۆمبێل له رووداوه‌كانى هاتوچۆدا زیانیان به‌ركه‌وتووه یان به‌ته‌واوه‌تى تێك چوون.
قوربانییانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ
به‌گوێره‌ى ئه‌و داتایانه‌ى "وشه" له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانى هاتوچۆى كوردستان وه‌ریگرتووه، ژماره‌ى قوربانییانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له ماوه‌ى ساڵى 2016 به‌راورد به ساڵى 2015 به‌ره‌و هه‌ڵكشان چووه.
له كۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له ساڵى 2015ى سنوورى پارێزگاى دهۆك، 181 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه كه 140 كه‌سیان له ره‌گه‌زى نێرینه و 41 كه‌سیان له ره‌گه‌زى مێیینه بوون، له‌پاڵ برینداربوونى سێ هه‌زار و 825 كه‌سى تر، به‌ڵام له رووداوه‌كانى هاتوچۆ له ساڵى 2016دا 194 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و سێ هه‌زار و 725 كه‌سى تر بریندار بوون.
له رووداوه‌كانى هاتوچۆى ساڵى 2015ى سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، 111 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و هه‌زار و 39 كه‌سى تر بریندار بوون، به‌ڵام له ساڵى 2016دا به‌كۆى گشتى 245 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و هه‌زار و 513 كه‌سیش بریندار بوون.
هه‌رچى پێوه‌ندى به قوربانییانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له سنوورى پارێزگاى سلێمانى هه‌بێت، له ماوه‌ى ساڵى 2015دا، 215 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و دوو هه‌زار و 725 كه‌س بریندار بوون، له‌كاتێكدا به‌كۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له ساڵى 2016ى پارێزگاى سلێمانى، 206 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و دوو هه‌زار و 808 كه‌سیش بریندار بوون.
به‌و پێیه له كۆى گشتى رووداوه‌كانى هاتوچۆ له 2015-2016 له سه‌رانسه‌رى هه‌رێمى كوردستاندا، هه‌زار و 152 كه‌س گیانیان له ده‌ست داوه و 15 هه‌زار و 632 كه‌س بریندار بوون، له كاتێكدا به‌شێك له برینداره‌كان به له‌ده‌ستدانى به‌شێك له جه‌سته‌یان تووشى كه‌مئه‌ندامى بوون. به‌وه‌ش ژماره‌ى گشتى قوربانییانى رووداوه‌كانى هاتوچۆى دوو ساڵى رابردوو له كوردستاندا، زیاتره له ژماره‌ى شه‌هید و بریندارانى شه‌ڕى داعش له ماوه‌ى سێ ساڵى رابردوودا، چونكه ژماره‌ی شه‌هید و برینداری شه‌ڕه‌كه نه‌گه‌یشتووه‌ته 10 هه‌زار كه‌س.
زیانه داراییه‌كانی رووداوه‌كانى هاتوچۆ
رووداوه‌كانى هاتوچۆ زیانێكى گه‌وره‌ى ئابوورى و دارایى به هاووڵاتییانى هه‌رێمى كوردستان ده‌گه‌یه‌نن. له كاتێكدا سه‌رووى 13 هه‌زار ئۆتۆمبێل له رووداوه‌كانى دوو ساڵى هاتوچۆدا تووشى شكان و له‌كاركه‌وتن بوونه‌ته‌وه، وه‌ك خاوه‌نكارانى ناوه‌نده‌كانى چاككردنه‌وه‌ى ئۆتۆمبێل له هه‌ولێر ئاماژه‌ى بۆ ده‌كه‌ن، زیانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ ساڵانه ملیۆنان دۆلار تێچوویهتى.
فه‌رهاد عه‌زیز فیته‌ر له ناوچه‌ى پیشه‌سازیى باشوور له هه‌ولێر، بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، رووداوه‌كانى هاتوچۆ به ڕێژه و قه‌باره‌ى جیاجیا زیان به ئۆتۆمبێل ده‌گه‌یه‌نن، به‌گشتى له رووداوه‌كانى رێگه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى شاردا به‌هۆى تیژڕه‌وییه‌وه، زیانى گه‌وره به‌ر ئۆتۆمبێله‌كان ده‌كه‌وێت كه هه‌ندێك جار تواناى چاككردنه‌وه‌یان نییه و به پێچه‌وانه‌وه له رووداوه‌كانى ناو شاردا زیانى كه‌متر به‌ر ئۆتۆمبێله‌كان ده‌كه‌وێت.
فیتهرهكه ده‌ڵێ، "ئۆتۆمبێله‌كانى ئێسته‌ى هه‌رێمى كوردستان به‌گشتى ئۆتۆمبێلى نوێن، به شكانى هه‌ر پارچه‌یه‌كیان پارچه‌ى نوێیان بۆ داده‌نرێته‌وه، ئه‌وه‌ش جگه له ده‌ستحه‌قى چاككردنه‌وه، تێچووى كڕینى پارچه‌یه‌كى نوێش زیاد ده‌كات".
روونى ده‌كاته‌وه، "هه‌ر ئۆتۆمبێلێك كه تووشى رووداوى هاتوچۆ ده‌بێت، به تێچووى باغهچى، بۆیاغچى و فیته‌ره‌وه له كه‌مترین ئاستدا 200 دۆلار تێچووى چاككردنهوهیهتى، له كاتێكدا ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له رووداوه گه‌وره‌كاندا زیانیان به‌رده‌كه‌وێت، سه‌رووى دوو تا سێ هه‌زار دۆلار تێچووى چاككردنه‌وه‌یان ده‌بێت، ئه‌وه جگه له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى هه‌ر چاك ناكرێنه‌وه و پارچه پارچه ده‌كرێن".
ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى له رووداوه‌كانى هاتوچۆدا زیانیان به‌رده‌كه‌وێت، سه‌ره‌ڕاى چاككردنهوهش، به‌ڵام پاره‌یه‌كى زۆر له نرخى پێشوویان داده‌به‌زێت. وه‌ك نیاز به‌كر یه‌كێك له خاوه‌نكارانى پیشانگه‌ى ئۆتۆمبێل له هه‌ولێر ئاماژه‌ى بۆ ده‌كات.
ئه‌و به"وشه" ده‌ڵێ، "ئۆتۆتۆمبێلێكى ئاسایى ئه‌گه‌ر ته‌نیا یه‌ك پارچه‌ى زیانى به‌ركه‌وتبێت، چاك بكرێته‌وه و بۆیاغى تێبكه‌وێت، چه‌ند سه‌ت دۆلار له نرخى راسته‌قینه‌ى داده‌به‌زێت، به‌ڵام ئۆتۆمبێلێك زیان به دینگهكانى یان به‌شى سه‌ره‌وه‌ى بگات، پاش چاككردنهوهش هه‌زاران دۆلار له نرخى راسته‌قینه‌ى داده‌به‌زێت، ئۆتۆمبێلێكى وه‌رگه‌ڕاو ئه‌گه‌ر نرخى راسته‌قینه‌ى 20 هه‌زار دۆلار بێت، پاش چاككردنه‌وه له باشترین حاڵه‌تیشدا 10 هه‌زار دۆلار ناكات".
ئه‌گه‌ر وا دابنرێت له كۆى ئه‌و 13 هه‌زار ئۆتۆمبێله‌ى له ماوه‌ى دوو ساڵى رابردوودا له رووداوه‌كانى هاتوچۆدا زیانیان به‌ركه‌وتووه، 10 هه‌زار له ئۆتۆمبێله‌كان زیانى كه‌میان به‌ركه‌وتووه و تێچووى چاككردنه‌وه‌ى هه‌ریه‌كێكیان ته‌نیا دوو سه‌ت دۆلار بووه، تێچووى گشتى ئه‌و ئۆتۆمبێلانه له چاككردنه‌وه‌دا دوو ملیۆن دۆلار ده‌بێت، له كاتێكدا ئه‌و سێ هه‌زار ئۆتۆمبێله‌ى زیانى گه‌وره‌یان به‌ركه‌وتووه ئه‌گه‌ر هه‌ریه‌كێكیان تێچووى چاككردنه‌وه‌یان به سێ هه‌زار دۆلار دابنرێت، به‌تێكڕا نۆ ملیۆن دۆلار زیانه‌كه‌یان بووه، ئه‌وه‌ش جگه له سه‌تان هه‌زار دۆلار كه نرخى ئۆتۆمبێله چاككراوهكانیشدا داده‌به‌زێت.
ئیبراهیم كه‌نعان شاره‌زاى ئابوورى، له‌و رووه‌وه به"وشه" ده‌ڵێ، "ئه‌و زیانه داراییه‌ی به‌هۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆ دروست ده‌بێت، به‌شێكى له‌سه‌ر بودجه‌ى حكوومه‌ت ده‌كه‌وێت وه‌ك خه‌رجییه پزیشكییه‌كان له چاره‌سه‌ركردنى بریندارانى رووداوه‌كانى هاتوچۆ و به‌شێكى له گیرفانى خاوه‌ن ئۆتۆمبێله‌كان ده‌كه‌وێت".
ئه‌و ده‌ڵێ، "رووداوه‌كانى هاتوچۆ یه‌كێك له هۆكاره‌كانى چوونه‌ده‌ره‌وه‌ى پاره‌یه له ناوخۆى كوردستانه‌وه بۆ ده‌ره‌وه، ئه‌وه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه كه كۆى ئه‌و كه‌لوپه‌ل و پارچه و كه‌ره‌ستانه‌ى له چاككردنه‌وه‌ى ئۆتۆمبێلدا به‌كار ده‌هێنرێن، له ده‌ره‌وه‌ى كوردستانه‌وه هاورده ده‌كرێن و له ناوخۆدا بوونیان نییه".
وه‌ك سه‌رتیپ كه‌مال یه‌كێك له‌و خاوه‌نكارانه‌ى له ناوچه‌ى پیشه‌سازیى باكور پارچه‌ى ئۆتۆمبێل ده‌فرۆشێت بۆ "وشه"ى روون كرده‌وه، كه‌لوپه‌لى ئۆتۆمبێل له چین، كۆریا و چه‌ند وڵاتێكى كه‌نداوه‌وه بۆ كوردستان هاورده ده‌كرێت، ئه‌وه جگه له‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى به‌هۆى رووداوه‌كانى هاتوچۆوه به‌ته‌واوه‌تى له‌كار ده‌كه‌ون و تواناى چاككردنه‌وه‌یان نییه و جارێكى تر ته‌نیا سوود له‌و پارچانه‌یان وه‌رده‌گیرێته‌وه كه زیانى به‌رنه‌كه‌وتووه.
خاوه‌نكاره‌كه ده‌ڵێ، "له ناو ئه‌و پارچانه‌ى له ناوچه‌كانى پیشه‌سازیى كوردستاندا ده‌فرۆشرێن، پارچه‌ى ئه‌سڵى و ماركه‌ى ئه‌و كۆمپانیایه‌ى ئۆتۆمبێله‌كه‌ى به‌رهه‌م هێناوه بۆ ئه‌و ئۆتۆمبێلانه‌ى ئێسته له كوردستاندا كاریان پێ ده‌كرێت، له 400 دۆلاره‌وه بۆ هه‌زار دۆلار و زیاتریش هه‌ڵده‌كشێت، له‌كاتێكدا پارچه‌ى ره‌ش كه به‌پێى ره‌نگى ئۆتۆمبێله‌كه بۆیاغ ده‌كرێته‌وه، به‌ڵام ئۆتۆمبێله‌كه زیاتر عه‌یبدار ده‌كات و له نرخى كه‌م ده‌كاته‌وه به دوو سه‌ت دۆلار و زیاتر ده‌كڕدرێت".