ئەفغانستان.. حەوت ژن و منداڵ كوژران

:: PM:03:23:30/10/2016 ‌

ئەمڕۆ یەكشەم 29ی ئۆكتۆبەر/تشرینی یەكەم، لە ناوچەی باغلانی ناوەندیی لە باكوری ئەفغانستان، حەوت هاووڵاتیی سڤیل كە هەموویان ژن و منداڵن، بە هۆی بەركەوتنی ماڵەكەیان بە گولـلە هاوەن (قازیفە)یەك، گیانیان لە دەست دا.

لەوبارەیەوە جاوید بەشارە گوتەبێژی پۆلیسی باغلان بە ئاژانسی خاوەرمیانەی لۆكاڵیی راگەیاندووە، ئەمڕۆ یەكشەم ماڵێكی نیشتەجێ لە گوندێكی سەر بە باغلانی ناوەندیی، كەوتووەتە بەر گولـلە هاوەنێك و ئەمەش بووەتە هۆی كوژرانی حەوت كەسی سڤیل، كە هەموویان ژن و منداڵن و برینداربوونی منداڵێكی تریش.

هاوكات گوتەبێژەكەی پۆلیس رای گەیاندووە، كە گولـلە هاوەنەكە لەلایەن بزووتنەوەی تیرۆریستیی تاڵیبانەوە ئاراستە كراوە و هاوێژراوە.

بەڵام لە بەرامبەردا تا ئێستە نە بزووتنەوەی تیرۆریستیی تاڵیبان و نە هیچ گرووپ و لایەنێكی تر بەرپرسیارێتیی خۆی لە ئەنجامدانی هێرشەكە رانەگەیاندووە.

جێی ئاماژەیە ناوچەی باغلان ماوەیەكی درێژە ململانێ و پێكدادانی هێزە تەناهییەكانی حكوومەتی ئەفغانستان و ئەو بزووتنەوە تیرۆریستییەی تێدا بەردەوامە.

سەرچاوە: سپوتنیك


وشە - ئه‌ همه‌د كه‌یفی