زانایانی زانكۆی "تۆمسك"ی ڕووسیا شاشەیەكی مۆبایلە زیرەكەكانیان پەرە پێدا، كە دەتوانێ بەكارهێنەرانی مۆبایلەكە بە تەواوی پارێزراو بكات لەو تیشكی كاروموگناتیسی و ئەو تیشكە زیانبەخشانەی كە بەهۆی پێوەندی بەستنی لە تۆڕەكانی مۆبایلەوە دەردەچێ، كۆنتڕۆڵیان بكا و ڕێگر بێ لەوەی زیانیان بۆ مرۆڤ هەبێت.
زانایان دەڵێن، توانیمان شاشەیەكی نەرمی موگناتیسی نانۆیی دروست بكەین كە دەتوانی تەواوی تیشكە زیانبەخشەكانی كاروموگناتیسی هەڵمژێ و لەناوخۆیدا كۆنتڕۆڵی بكات و ڕێگر بێ لەوەی ئەو تیشكانە هیچ زیانێك بە مرۆڤ بگەیەنن. هیچ ڕێگری و كێشەیەكیش لە گەیشتنی پێوەندییە تەلەفۆنییەكان بەیەكتر ناكات و كاریگەری نەرێنی لەسەر دانانێت.
ئاماژەی بەوەش دەدەن، كە لەگەڵ بڵاوبوونەوە و بەكارهێنانی مۆبایلە زیرەكەكان و مۆبایل بەگشتی، مەترسییەكانی ئەو تیشكە زیانبەخشانە بۆ سەر ژیان و تەندروستی مرۆڤ زیاتر دەبێ، بۆیە پەرەپێدان و بەكارهێنانی ئەم جۆرە شاشەیە زۆر سوود بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت، ڕێگر دەبێ لە تووشبوون بە شێرپەنجە و ئازاری مێشك.
بەگوێرەی ئامارەكانی ڕێكخراوی تەندروستی جیهانی مۆبایل ئێستە بووەتە مەترۆسییەكانی گەورە لەسەر تەندروستی مرۆڤ و زیانەكانی هیچ كەمتر نییە لە گازە كوشندەكان كە لە ئۆتۆمبێلەكان دەردەرێن.