چوار تیرۆریستی ئێرانی لە سعوودیە گیران

:: PM:03:34:30/10/2016 ‌

وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە ئاشكرای دەكات، چوار هاوڵاتی ئێرانی لەلایەن دەزگ تەناهییەكانی ئەو وڵاتەوە گیراون كە دەستیان هەبۆ لە كردەوەی تیرۆریستیدا.

ئەمرۆ یەكشەم، 30 تشرینی یەكەم/ ئۆكتۆبەر وەزارەتی ناوخۆی سعوودیە رای گەیاند، چوار هاووڵاتیی ئێرانی كە پێشتریش ناویان لە لیستی تیرۆریستانی ئەو وەزارەتەدا بووە، لەكاتی داڕشتنی پیلانێك بۆ ئەنجامدانی كردەوەی تیرۆریستی لەلایەن دەزگە تەناهییەكانی سعوودیەوە گیراون.

رۆژنامەی ئەلوەتەنی سعوودیە لە راپۆرتێكدا ئەو گیراوانەی بە تیرۆریست ناو بردووە و لەزاری بەرپرسێكی دەزگەی هەواڵگری سعوودیەوە رای گەیاندووە، ئەو چوار تیرۆریستە لەلایەن كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ تێكدانی ئاسایشی نەتەوەیی سعوودیە رەوانە كراون و پێشتریش لە چەند كردەوەیەكی تیرۆریستیدا بەشداریان كردووە و ناویان لەناو لیستی تاوانبارانی سعوودیەدا هەبووە.

زیاتر روون كراوەتەوە یەك لەو تیرۆریستانە لەلایەن دادگەی باڵای سعوودیەوە سزای بەسەردا سەپاوە و فایلی یەكی  تر لەمانە گەیوەتە دادگە و دوو كەسەكەی تر ئێستە لەلایەن دەزگە تەناهییەكانەوە لەژێر لێكۆڵینەوەدان.

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی ناوخۆی سعوودیەوە هیچ ئاماژەیەك بە ناو و رەگەزی ئەو گیراوە ئێرانییانە نەكراوە و تا ئێستە كۆماری ئیسلامیی ئێران هیچ هەڵوێستێكی فەرمی لەو بوارەوە دەرنەبڕیوە.

ساڵی رابردوو بەهۆی لەسێدارەدانی شێخ نەمر، مەرجەعی شیعەكانی لایەنگری ئێران لە سعوودیە، هەوادارانی سوپای پاسداران و پێڕەوانی هێڵی "ئیمام" هەڵیان كوتایە سەر كۆنسوڵخانەی سعوودیە لە تاران و ئاگریان تێبەر دا، لە دوای ئەو رووداوە گرژیی نێوان سعوودیە و ئێران گەیشتە بەرزترین ئاستی مێژوویی خۆی.

سعوودیە ئێرانی بە دنەدانی هاووڵاتییە شیعەكانی خۆی تۆمەتبار كرد و رای گەیاند، ئێران دەیەوێ لە رێگەی چەند مەرجەعێكی ساختەوە پشێوی بخاتە ناو هاووڵاتییانی شیعە و سونەی سعوودیەوە، لە بەرامبەردا كۆماری ئیسلامیی ئێران سعوودیەی بە هاوپەیمان و هاودەستی ئەمەریكا و ئیسڕائیل ناو برد.

سەرچاوە/عەرەبیە- ئیسنا


وشە - هیدایه‌ت جان