پیاوێک لە سلێمانی دوای ئەوەی ژنەکەی دەمرێت, بە چوار مانگ هاوسەرگیرییهكی نوێ دەکاتهوه و ژیانی شەش منداڵەکەی دەخاتە دەستی باوەژنەوه، حەوت ساڵ دواتر، ژنی سێیەمیش دێنێت و بۆ ئهمهیان منداڵەکانی جێ دێڵێت و لەگەڵ دوو ژنەکەیدا دەچێت بۆ یەکێک لە گوندەکانی سەربە پارێزگای سلێمانی و لەوێ دەژین.
"ئارام" ئەو پیاوەی خاوەنی شەش منداڵە، دوای ئەنجامدانی دوو هاوسەرگیری، دەستبەرداری منداڵەکانی دەبێت و لەگەڵ دوو ژنەکهیدا كه هیچیان دایكی منداڵهكان نین، جگهرگۆشهكانی بەجێ دێڵێت، بۆیه منداڵەکانی لە سلێمانی بەتەنیا دەژین و خۆی ژنهكانیشی دهچنه ئهو گوندهی كهسوكاری ژنهكهی لێی نیشتهجێن.
"شیلان" کچه گەورەی ئارام، شایەتی هەموو ئەو کارانەیە کە باوکی بەرامبەر بە ئەو خوشک و براکانی و تەنانەت دایکیشی ئەنجامی داوە. بۆ "وشە" چیرۆکی ژیانی ماڵی خۆیان بهوه دهست پێ دهكات كه دایكی بەهۆی نەخۆشی شێرپەنجەوە کۆچی دوای دەکات، دوای تێپەڕبوونی چوار مانگ بەسەر پرسەکەیدا، ئارام ژنی دووهمی هێنا، بهڵام لهگهڵ منداڵهكانی دهژییان و رێگهی به باوهژن دابوو به ئارهزووی خۆی ههڵسوكهوت لهگهڵ ئێمه بكات.
شیلان كه كهس جێی دایكی بۆ ناگرێتهوه به خهمی لێپرسراوێتی شهش منداڵهوه كه خۆی بووه به دایك و باوكیش بۆیان دهڵێ "کفنی دایکم زەرد نەبووبوو، من و خوشک و براکانم جلی ڕەشمان دانەکەندبوو، باوکم بڕیاری ژنهێنانی دا، دوای دوو مانگ چوو بۆ داوای دوو ژن، بەڵام ڕێک نەکەوت، دواتر لەڕێگەی هاوڕێیەکیەوە (خەدیجە)ی ناسی و هاوسەرگیریان کرد، بۆ ئێمە هەموو شتێک زۆر تازەبوو، هەرچەندە هیچ پێویستیمان بەو نەبوو لە هیچ ڕوویەکەوە چونکە ئێمە گەورە بووین، بچووکەکەمان ئەوکاتە تەمەنی ١٠ ساڵ بوو، بەڵام ئەو لە باوەژنیەتی خۆی نەکەوت، ئێمە بە کچ و کوڕەوە وەک خزمەتکار لەبەردەستیدا کارمان دەکرد".
"باوکم هەموو شتێکی دەبینی و بێدەنگ بوو، خەدیجە بوو بە دایكی کچێک، باوکم ڕۆژانە هەزار جار ئێمەی دەکرد بەقوربانی ئەو کچەی، تا چەند ساڵێک بەم شێوەیە بەردەوام بوو، دواتر خەدیجە تووشی ڕووداوێک هات و باوکم دووبارە نەیتوانی وەفاداری بنووێنێت بۆ ئهویش، ژنێکی تری هێنا' شیلان وای گوت.
"تریفە" ژنی سێیەمی ئارام و کچی پووری خەدیجە، بە تەمەن پێنج ساڵ لە شیلانی کچە گەورەی ئارام بچووکترە، به گوتهی شیلان "لەکاتی نەخۆشکەوتنی خەدیجەدا پێوەندی خۆشەویستی لەگەڵ ئارام دروست دەکات و دواتر هاوسەرگیری دەکەن".
ئهو كچه كه سهری له بێوهفایی باوكی سڕ ماوه، ئهوه دهخاته ڕوو كه "باوکم تریفهی خواست، ئێمە کە لە کاتی نەخۆشکەوتن و پێش نەخۆشی باجیەکەماندا ئازاری زۆرمان چەشتبوو، ئیتر توانای ئەوەمان نەمابوو چیتر قبووڵی ئەو ناهەقیانە بکەین، هەموومان گەورە بووین و براکانم خاوەن کار بوون و زانکۆیان تەواو کرد، بەڵام من و دووخوشکەکەم باجیەکەمان لەبەر خزمەتی خۆی لە خوێندن دەری كردین، ئێمە هەر شەشمان لەناو خۆماندا بڕیارماندا ژنی تازهی باوکم قبووڵ نەکەین، چونکە ئەو دووجار خراپتر بوو، بۆیە داوامان لە باوکم کرد بەجیا بژین، ئەویش زۆر بێ ویژدانانە وەک بڵێی دەمێک بوو چاوەڕوانی بڕیارێکی لەو شێوەیەی دەکرد ڕازی بوو".
"وتی بەڵام بە مەرجێک لە هەموو میراتیەک بێبەشتان دەکەم، ئێمە بێ بیرکردنەوە ڕازی بووین، چونکە خوێنمان بە خراپی ئەوان تیا نهمابوو، دوو هەفتەی پێچوو باوکم خانووەکەمانی بە هەموو ناوماڵەکەوە فرۆشت و ئێمەش کەوتینە سەر شهقام، تا خانوومان بەکرێ گرت و ماڵمان دانا لە ماڵی پورمان بووین، باوکیشم لە خۆشگوزەرانی خۆیدا دەژیا لەگەڵ بووکی تازە لە تورکیا بوون" شیلان وای گوت.
ئێسته ئارام لەگەل دووژنەکەیدا لەو گوندە نیشتەجێیە کە کەسوکاری هەردوو ژنەکەی لێ نیشتەجێن، شیلان ئاماژە بەوە دەکات کە پێوەندیان لەگەڵ باوکیان تەنیا ئەوەندەیە کە پارەی لێ ببڕێت داوا له كوڕهكانی دهكات پارهی بدهنێ.
هەولێر/ئیڤان عەبدولڕەحمان