مانگی داهاتوو مانگێكی چارەنووسسازە بۆ بازاڕی نەوت

:: PM:03:54:30/10/2016 ‌

مانگی تشرینی دووەم چەند رۆژێكی ماوە دەست پێ بكات و بڕیارە تیایدا كۆمەڵێك كۆبوونەوەی گرنگ لەبارەی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بەڕێوە بچێت. كۆبوونەوەكانی ١٧، ٢٥ و ٣٠ مانگەكە دیاری دەكەن وڵاتان دواجار پلانێك بۆ پاڵپشتیكردنی نرخی نەوت دادەنێن یان داهاتووی نرخی نەوت دەسپێرنە قەدەری گۆڕانكارییە ئابوورییەكانەوە.

ماوەیەكە نرخی نەوت لە ژێر كاریگەریی رێككەوتنی ئۆپێكدایە هەڵبەز و دابەز دەكات. هەرجۆرە هەواڵێكی دڵخۆشكەر لە رێككەوتنی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك بە هاوكاریی رووسیا كاریگەریی هەبووە لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت و پێچەوانەكەشی نرخی نەوتی دابەزاندووە.

گرنگترین كێشەی بازاڕی نەوت لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا بریتی بووە لە بەرزبوونەوەی ئاستی بەرهەمهێنان لە سەرووی پێداویستییەكانی بازاڕ. كاتێك نرخی نەوت گەیشتە سەرووی ١٠٠ دۆلار، وڵاتانی بەرهەمهێنەری نەوت كەوتنە ركابەریكردنی یەكتر بۆ ئەوەی لەو بازاڕەدا زۆرترین سوودیان پێ بگات و پەرەیان بە كەرتی بەرهەمهێنانی نەوت دا، ئەوان لەوە بێ ئاگا بوون خەریكن خۆیان بە دەستی خۆیان بازاڕی بەرهەمەكەیان سووك و چرووك دەكەن.



هیچ وڵاتێكی ئەندامی ئۆپێك بەگوێرەی ئەو پلانە نەجووڵایەوە كە پێشتر وڵاتانی ئۆپێك لەسەری رێك كەوتبوون و بازاڕەكەیان لە نێوان خۆیاندا دابەش كردبوو، كاتێك ئێرانیش سزای ئابووریی بەسەردا سەپێنرا و ئاستی بەرهەمهێنانەكەی دابەزی، وڵاتانی تر ئەو دەرفەتەشیان قۆستەوە و ویستیان ئەو بۆشایییە پڕ بكەنەوە چونكە هێشتا بازاڕ پێویستی بە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر بوو.

لە لایەكی ترەوە لە ئەمەریكاش دەرهێنانی نەوت لە قووڵایی چینی بەردینی زەوی كە بە نەوتی شێل ناسراوە و دەرهێنانی هەر بەرمیلێكی زیاتر لە ٦٠ دۆلار خەرج هەڵدەگرێت، گەشەی پێ درا و بەرهەمهێنانی نەوت هێندەی تر بەرز بووەوە و گەیشتە ئاستێك بازاڕی نەوت تێر بوو و ئەوجا نەوتی زیادە دەمایەوە كە كەس نەیدەكڕی و دەبوو بە نرخێكی كەمتر بفرۆشرێت. ئەو رەوتە لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ەوە دەستی پێ كرد.

هەڵبەت هەندێك وڵاتی تر بەمەبەست و بۆ شكستپێهێنانی نەوتی شێل نەوتی زۆریان خستە بازاڕەوە. سعوودیە یەكێك لەو وڵاتانە بوو كە ویستی لە بایەخی نەوتەكە كەم بكاتەوە و هەوڵەكانیشی تا رادەیەك كاریگەری هەبوو چونكە كاتێك نرخی نەوت گەیشتە خوارووی ٦٠ دۆلار و دواتر شۆڕ بووەوە بۆ خوارووی ٣٠ دۆلار، كۆمپانیاكانی دەرهێنانی نەوتی شێل چیتر نەیانتوانی خۆ رابگرن و بەناچار كارەكانیان راگرت كە دواتر تا رادەیەك بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی لێ كەوتەوە.



فاكتەرێكی تر كە كاریگەریی بەرچاوی هەبووە لە سستكردنی بازاڕی نەوتی دنیا، بریتی بووە لە پاشەكشەی ئابووری چین و لاوازی گەشەی ئابووری دنیا. كارگەكانی پیشەسازی هەرچەندە جووڵەیان باشتر بێت، ئەوا پێویستی زیاتریان بە نەوتی خاو هەیە، بۆیە دوای سستبوونی جووڵەی ئابووری ئاستی داخوازی نەوت دابەزی.

بۆ چارەسەركردنی ئەو پرسە و پەرەپێدان بە نرخی نەوتی دنیا، وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لە سەرەتای ئەمساڵەوە چەندان كۆبوونەوەیان رێك خستووە  و هەنگاوەكانیشیان تا رادەیەك كاریگەری هەبووە لە بەرزكردنەوەی نرخی نەوت.

بەگوێرەی رۆیتەرز دوایین كۆبوونەوەی وڵاتانی ئەندامی ئۆپێك لە رۆژانی پێنجشەم و هەینی رابردوو لە نەمسا كرا، بەڵام نەیانتوانی هیچ بڕیارێكی یەكلاكەرەوە بدەن.

كۆبوونەوەكە بۆ مانگی داهاتوو هەڵگیراوە تا بتوانن بە رێككەوتنێكی گشتگیر بگەن. بڕیارە كۆبوونەوە سەرەكییەكە لە ٣٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت، بەڵام پێنج رۆژ بەر لە دەستپێكردنی كۆبوونەوە فراوانەكە، بەرنامە هەیە لە نەمسا دووبارە كۆ ببنەوە و زەمینەی گفتوگۆ و دانوستان بۆ دانانی بڕیاری كۆتای سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت دەربكەن و دیاری بكەن هەر وڵاتە و دەبێت چ بڕە نەوتێك بەرهەم بێنێت.

ئەو وڵاتانە لە هەوڵدان  لەگەڵ ئەو وڵاتانەش هەماهەنگی بكەن كە ئەندامی ئۆپێك نین. دەگوترێت هەر ١١ ئەندامی ئۆپێك جگە لە ئێران رەزامەندییان دەربڕیوە بڕیاری كۆتا بدرێت، بەڵام لەبەر پێداگری ئێران بۆ بەردەوامبوون لە بەرهەمهێنانی نەوتی زیاتر و ئامادەنەبوونی سعوودیەش لەمەڕ هەڵاواردنی هیچ وڵاتێك لە بڕیارەكە، بێ دەرەنجام كۆتای پێ هاتووە.

لە دانیشتنی ئەمجارەیان جگە لە ١١ وڵاتەكەی ئۆپێك هەر یەك لە وڵاتانی كازاخستان رووسیا، ئازەربایجان، بەرازیل و بولیڤیاش بەشدار بوون.



هەڵبەت كێشەكە تەنیا ئێران و سعوودیە نییە، بەڵكو عێراقیش سەرەتای هەفتەی رابردوو داوای كرد لەو پلانە هەلاوێردرێت بۆ ئەوەی پەرە بە بەرهەمهێنانی نەوت بدات و قەرەبووی زیانەكانی جەنگی داعش بكاتەوە. هێشتا ئەو داواكارییەی عێراقیش قبووڵ نەكراوە.

رۆژی هەینی لە ژێر كاریگەریی بێ دەرەنجامبوونی كۆبوونەوەكە، نرخی نەوت نزیكەی دۆلار و نیوێك دابەزی، بەڵام دواتر هەڵكشا بۆ سەرووی ٥٠ دۆلار.

لە ١٧ی مانگی تشرینی دووەم، بڕیارە لە كۆنفرانسی وزەی قەتەریش وڵاتانی ئۆپێك دووبارە پرسی سنوورداركردنی بەرهەمهێنانی نەوت بورووژێننەوە و بەو پێیە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ مانگێكی گرینگ دەبێت بۆ بازاڕی نەوت و ئەگەر وڵاتان بە بڕیاری كۆتا بگەن و هەر كامێكیان بە گوێرەی پشكی خۆیان نەوت بەرهەم بێنن، ئەوا دەبێت بە پاڵپشتییەكی گرنگ بۆ نرخی نەوت و هەموو ئەو وڵاتانە تیایدا سوودمەند دەبن كە پێشتر بەهۆی دابەزینی نرخەكە زیانیان بەركەوتبوو.

هەندێك میدیای ئەوروپیش باسیان لەوە كردووە پوتین لە دانیشتنی ٢٥ی مانگ رۆڵی سەرەكی دەبینێت لە رازیكردنی وڵاتان بۆ پلانەكە. زانیارییەكە هێشتا لە لایەن رووسیاوە پشتڕاست نەكراوەتەوە. رووسیا ئێستە رۆژانە سەرووی ١٠٠ ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەم دێنێت كە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا بێ وێنە بووە و یەكێك لە نیگەرانییەكانی رووسیاش لە هاوكاریكردنەكە ئەوەیە ئەگەر بڕی بەرهەمهێنانی نەوت دابەزێنێت، ئەوا یەكسەر بە نەوتی شێلی ئەمەریكا پڕ دەكرێتەوە. 



ئەوەی لە بازاڕی نەوتدا جگە لە هەنگاوەكانی ئۆپێك پاڵپشت بووە بۆ نرخەكەی، لە هەمان كاتدا پێشبینییەكان بۆ بەرزبوونەوەی ئاستی داواكاری نەوت لە بازاڕەكانی دنیا بۆ ساڵی ٢٠١٧ تا رادەیەك كاریگەری خستووەتە سەر نرخی نەوت. ئەگەر وڵاتانی ئۆپێك بڕیاری یەكلاكەرەوە بدەن، ئەوا لانی كەم دەتوانن رێگری لە دابەزینی نرخی نەوت لە ٥٠ دۆلار بكەن و ئەگەر رووداوە ئابوورییەكانی تر یارمەتییان بدات، ئەوا دەتوانن ببنە هۆی هەڵكشانی نرخی نەوت.


وشە - سلێمان تاشان