سكرتێری گشتیی دامەزراوەی مافی مرۆڤی عێراق ئاشكرای كرد، بڕیاری قەدەغەكردنی خواردنەوە كهوولییەكان، پێچەوانەی ئازادییەكانی مرۆڤە و كۆت و بەندكردنی ئازادییەكانە، جگەلەوەی زۆرێك لە پیاوانی ئاینیش دەخۆنەوە، بۆیە ئەم بڕیارە پەیوەست نییە بە ئاینەوە.
وەلید حلی ڕای گەیاند، یاسای قەدەغەكردنی خواردنەوە كهوولییەكان پێچەوانەی مافی مرۆڤ و كۆت و بەندكردنی ئازادییەكانە، جگەلەوەش زیانی ئابووری بە عێراق دەگەیەنێت و یارمەتیدەر دەبێ بۆ دروستبوونی قاچاخ و بڵاوبوونەوەی خواردنەوە كهوولییەكان بەشێوەیەكی نایاسایی.
هەروەها گوتی، زۆرێك شێخ و پیاوانی ئاینی عێراق خۆیان خواردنەوە كهوولییەكان دەخۆنەوە، یان منداڵەكانیان هۆگری خواردنەوە كهوولییەكانن، بۆیە پێویست ناكات موزایەدە بەسەر خەڵكەوە بكەن.
سكرتێری گشتیی دامەزراوەی مافی مرۆڤ لە عێراق داوای لە سەرۆكایەتی كۆمار كرد، كە ئەو یاسایە بەو شێوەیە پەسەند نەكەن، چونكە ئەمە دەبێتە پەیامێكی مەترسیدار بۆ كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، پێویستیشە مەرجەعە ئاینییەكان و زانایانی ئاینی دوور كەونەوە لەو موزایەداتانە، چونكە ڕوونە ئامانجیان كۆكردنەوەی دەنگە لە هەڵبژاردنەكان.
رۆژی 22 تشرینی یەكەم/ئۆكتۆبەر پەرلەمانی عێراق بە زۆرینەی دەنگ یاسای داهاتی شارەوانییەكانی پەسەند كرد و یەكێك لە بڕگەكانی یاساكان كڕین و فرۆشتن و بەرهەمهێنانی خواردنەوە كهوولییەكان قەدەغە دەكات.
سەرچاوە/ سكای پرێس.