تەندروستی سۆران: هیچ حاڵەتێكی ئایدز تۆمار نەكراوە

:: AM:10:39:14/07/2017 ‌
دوای دەنگۆی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی كەمی بەرگری لەش "ئایدز" لە دەڤەری سۆراندا، بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی سۆران رەتی دەكاتەوە كە هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی ئایدز لە سنووری شارۆكەی سۆران، 115 كم لە  باكوری ڕۆژهەڵاتی شاری هەولێر تۆمار كرابێت.

ئایدز نەخۆشییەكی كوشندەیە و كار دەكاتە سەر بەرگریی لەش و رێگە ئاسان دەكات بۆ ئەوەی بەهۆی نەمانی ئەو بەرگرییەوە لەش تووشی دەیان نەخۆشی كوشندە بێت، كە لە ئاكامدا كۆتایی بە ژیانی تووشبووەكە دەهێنێ و ئێستە لە جیهاندا دەیان ملیۆن كەس بەو نەخۆشییەوە دەناڵێنن و چەندین ملیۆنیش بەهۆی ئەو نەخۆشییەوە گیانیان لەدەست داوە .

ئەو دەنگۆیانە بەهۆی ئەوەوە دێت كە دەروازەیەكی نێودەوڵەتی لە نێوان كوردستان و ئێران لە سنووری دەڤەری سۆراندا بوونی هەیە و ژمارەیەك ئافرەتی ئێرانی و بیانی لە شارۆكەكە كار دەكەن.

د . مەقسوود ئیسماعیل بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران بە " وشە"ی راگەیاند،  خۆشبەختانە تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی ئایدز لە سنووری بەڕێوەبەرایەتی تەندرووستی سۆران تۆمار نەكراوە و تەواوی ئەو دەنگۆیانە رەت دەكەینەوە.

نەخۆشی ئایدز زیاتر لەو كەسانە بڵاو دەبێتەوە كە هەڵگری ئەو نەخۆشیە بن و لە وڵاتێكی تر روو لە كوردستان و سۆران بكەن، بۆیە ئێمە بە هەماهەنگی بنكەی ئیقامە لە نێو بەڕێوەبەرایەتی پشكنینی ئایدز بۆ ئەو كەسانە دەكەین كە هاتوونەتە كوردستان هەروەها ئەوەی هاوسەرگیری پێك دێنێت، بەڵام تا ئێستە ئەو حاڵەتە لە سۆران تۆمار نەكراوە، بەڕێوەبەری تەندروستی سۆران وای گوت.

ئەو بەرپرسە دووپاتی دەكاتەوەكە دڵنیای خەڵكی دەڤەرەكەمان دەكەینەوە بەوەی هیچ حاڵەتێكی نەخۆشی ئایدز لە كەسانی ناوخۆی و بیانی تۆمار نەكراوە و ئەوانەی ئەو دەنگۆیانە بڵاو دەكەنەوە چاویان بە ئارامی كوردستان و پێشكەوتنی كوردستان هەڵنایەت.

ئاماژەشی كرد كە تیمێكی تایبەت بە پشكینینی نەخۆشی ئایدزمان هەیە و هەر كەسێكی بیانی هەڵگری نەخۆشی ئایدز بێت رەوانەی وڵاتەكەی دەكرێتەوە و ناهێلێن داخلی كوردستان و سۆران بیت.

شارۆكەی سۆران لە رووی كارگێڕیەوە سەر بە پارێزگەی هەولێرە و زیاتر لە 200 هەزار كەس لەو شارۆكەیە نیشتەجێیە.

سۆران/ موڕشید برادۆستی



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل