كاركردن لە دروستكردنی ڕێگە و تونێلی چیای هەیبەت سوڵتان وەستاوە

كاركردن لە پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگە و تونێلی چیای هەیبەت سوڵتان راگیراوە، لەكاتێكدا تەنیا 6%ی پڕۆژەكە جێبەجێ كراوە و ئێستەیش كۆمپانیای جێبەجێكار شوێنی كاركردنی بەجێ هێشتووە.

ڕۆژی 18ی ئەیلوولی ساڵی ٢٠١٣، بە ئامادەبوونی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، بەردی بناغەی دروستكردنی ڕێگە و تونێلی چیای هەیبەت سوڵتان لە كۆیە دانرا. بە ئامانجی كەمكردنەوەی جەنجاڵی ناوشار و كورتبڕی ڕێی كۆیە-سلێمانی-بیتوێن و پشدەر. 

پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگە و تونێلی چیای هەیبەت سوڵتان، بەدرێژایی دوو كیلۆمەتر و نیو بە گوژمەی  ١٥٩ ملیار و ٨٨٦ ملیۆن دینار دراوە بە كۆمپانیای ستراتۆسی ئێرانی. ئەو گوژمە پارەی بۆ ئەو پڕۆژەیە تەرخان كراوە، بەشێكە لە بودجە ستراتیژییەكانی هەرێمی كوردستان. بەگوێرەی ڕێككەوتننامەی نێوان كۆمپانیا و حكوومەت، دەبوو لە ئایاری ساڵی ٢٠١٦ تەواوی كارەكانی پڕۆژەكە بەكۆتا هاتبایە.

محەمەد مەهدی بەڕێوەبەری گشتیی ڕێگەوبانی هەولێر بە "وشە"ی ڕاگەیاند، دروستكردنی تونێل و ڕێی هەیبەت سوڵتان بەدرێژایی چوار كیلۆمەتر و نیو، بە كۆمپانیای ستراتۆسی ئێرانی دراوە كە دوو كیلۆمەتر و نیوی تونێلە و دوو كیلۆمەترەكەی تر ڕێگەیە و بەشێوەی دووسایدی دروست دەكرێ. ئەو پڕۆژەیە تایبەتمەندی جیاوازی هەیە و بە مانگی دەستكرد دیزاینی كراوە. 

روونی كردەوە، "پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگە و تونێلی چیای هەیبەت سوڵتان، یەكێكە لە پڕۆژە گرنگ و ستراتیژییەكانی كوردستان و درێژكراوەی ڕێی كۆیە-هەولێرە كە بڕیاربوو بە چوار قۆناغ تەواو بكرێ، بەڵام بەهۆی تەنگژەی دارایییەوە كۆمپانیاكانی بەرپرس كارەكانیان بەجێهیشتووە. تا ئێستەیش كۆمپانیای ستراتۆسی ئێرانی تەنیا 6%ی كارەكانی كردووە، چونكە سەرەتای دەستبەكاربوونی كۆمپانیای جێبەجێكار، تەنگژەی دارایی ڕووی لە هەرێمی كوردستان كرد و ئەمەش هۆكاری سەرەكی بوو بۆ سستی كارەكانیان و وازهێنان لە كاركردن".

دروستكردنی تونێل و ڕێی هەیبەت سوڵتان، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی ڕێگەوبانی هەولێر سەرپەرشتی دەكرێ. بەڕێوەبەری ڕێگەوبانی هەولێریش دەڵێ، "خیتام زەمانمان لە كۆمپانیاكە وەرگرتووە، لەكاتی كۆتاهاتنی تەنگژەی دارایی، دەست دەكەنەوە بە ئیشكردن. دەمانەوێ ئەو پڕۆژەیە بە زووترین كات تەواو بكرێ، چونكە سوود و قازانجێكی زۆر بە تەواوی شۆفێران و گەشتیاران دەگەیەنێ و دەبێتە هۆی بەیەكەوە بەستنی چەند شارێكی گەورەی كوردستان".

تەها ئەحمەد دانیشتووی كۆیە، ڕۆژانە بەبەردەوامی هاتوچۆی دەڤەری بیتوێن و پشدەر دەكات، بە بێزارییەوە بە "وشە" دەڵێ، "كۆیە بەردەوام قوربانی بووە، هیچ پڕۆژە و كارێكی لەكاتی خۆیدا بۆ تەواو نەكراوە، زۆربەی پڕۆژە خزمەتگوزارییەكانی شكستی خواردووە و كاركردن تێیدا وەستاوە".

زیاتر دەڵێ، "دروستكردنی ئەو تونێل و ڕێگەیە، پێداویستییەكی گرنگە بۆ شارەكە و دەروازەیەكی باشە بۆ بەیەكەوە گرێدانی كۆیە بە دەڤەری بیتوێن و پشدەر و تەنانەت سلێمانی، لەلایەك دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕێگە ناخۆش و سەختەكانی كۆیە-ڕانیە و كۆیە- دووكان/ كەلكەسماق، لەلایەكی تر دەبێتە هۆی كەمبوونەوەی ڕوودای هاتوچۆ كە ساڵانە ژمارەیەكی زۆر خەڵك بەهۆی خراپیی ڕێگەكان گیان لە دەست دەدەن و كەمئەندام دەبن".
پڕۆژەی دروستكردنی ڕێگە و تونێلی چیای هەیبەت سوڵتان، درێژكراوەی پڕۆژەی دووسایدی ڕێی نێوان كۆیە-هەولێرە، بەدرێژایی شەست كیلۆمەتر كە بڕیار بوو لە ساڵی  ٢٠١٦تەواوی كارەكانی پڕۆژەكە بەكۆتا بێ. 

عەباس فەتاح جێگری سەرۆكی لیژنەی  ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن لە پەرلەمانی كوردستان بۆ "وشە"ی روون كردەوە، لە سەرەتای بڕیاری دروستكردنی ڕێگە و تونێلی هەیبەت سوڵتان بە وردی بەدواداچوونیان بۆ پڕۆژەكە كردووە، بە ئامانجی بەردەوامبوونی كاركردن و خێرا ڕاپەڕاندنی كارەكانیان. "بەڵام بەداخەوە لەدوای ماوەیەكی كەم بەهۆی دروستبوونی تەنگژەی دارایی هەرێمی كوردستان، كۆمپانیاكە وازی لە كاركردن هێنا و نزیكەی ساڵێكیشە كۆمپانیای ناوبراو كەلوپەلەكانیان بردووەتەوە". 

جێگری سەرۆكی لیژنەی  ئاوەدانكردنەوە و نیشتەجێكردن كە هاوكات نوێنەری كۆیەیە لە پەرلەمانی كوردستان، دەڵێ "نزیكەی مانگێك لەمەوبەر، لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی وەزیران قسەم كرد و دووپاتم كردووەتەوە كە ئەم ڕێگە و تونێلە، بایەخی گرنگ و ستراتیژی هەیە، دەروازەیەكی گەورەیە بۆ بەیەكەوە بەستنی شارە گەورەكانی كوردستان، بۆیە پێویستە هەوڵی رژد بدرێ بۆ تەواوكردنی پڕۆژەكە. ئەویش گوتی هەوڵ دەدەین و بەدواداچوون دەكەین، ئەوەی پێمان كرا دەیكەین".



وشە - تایبه‌ت


AM:11:28:14/07/2017




ئه‌م بابه‌ته 6385 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



زۆرترین خوێنراو‌
بابەتی پێوه‌ندار ‌