بەغدا دەستی بەسەر كەلوپەلی ئەنفالكراواندا گرتووە

:: AM:11:54:14/07/2017 ‌
بەغدا دەستی بەسەر سەدان پارچە كەلوپەل و بەڵگەنامەی شەهیدان و ئەنفالكراونی كوردستاندا گرتووە، وێڕای گێڕانەوەی بەشێكیان، هێشتا زۆری تر ماوە و لایەنە پێوەندیدارەكان دەڵێن، بەغدا ئاستەنگ بۆ هێنانەوەیان دروست دەكات.

فوئاد عوسمان گوتەبێژی وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم، بە"وشە"ی راگەیاند، بڕێكی زۆر كەلوپەلی ئەنفالكراوان و شەهیدان لە كاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكاندا كەوتوونەتە لای دەستەی مافی مرۆڤی عێراق و دواتر بە وەزارەتی شەهیدانی حكوومەتی عێراقی دراون.

عوسمان دەڵێ‌، "بەشێك لە كەلوپەلەكانمان هێناوەتەوە كە لە جلوبەرگ و تەسبیح و ناسنامە و چەندان شتی جۆراوجۆر پێك دێن و لەكاتی هەڵدانەوەی گۆڕەكان دۆزراونەتەوە، ئێستە ئەو كەلوپەلانە لە هەرێم و لە مۆنۆمێنت و چەند شوێنێكی تر پارێزراون، هەوڵیش دەدەین ئەوانەی ماون بهێنرێنەوە".

"ئەو كەلوپەلانەی هێنراونەتەوە هەر كامیان كە ناسراوەتەوە كاری پاككردنەوەی بۆ كراوە و رەوانەی شوێنی خۆی كراوە، بۆ نموونە ئەو كەلوپەلانەی لەگەڵ پرووسكی بارزانییەكان دەرهێنراون، لەگەڵ پرووسكەكان بۆ سنووری خۆیان رەوانە كراونەتەوە، ئەوانەی پێوەندییان بە شەهیدانی هەڵەبجەوە هەبووە، بۆ هەڵەبجە رەوانە كراونەتەوە"، گوتەبێژەكەی وەزارەت وای گوت.

روونی كردەوە، "ئێستە عێراق بەبیانووی ئەوەی ئەو كەلوپەل و بەڵگەنامانەی لەگەڵ پرووسكەكان دۆزراونەتەوە كەلوپەلی نیشتمانین و پێوەستن بە بابەتی نیشتمانییەوە، دەیەوێت لە بەغدا بمێننەوە و رێگرە لە گێڕانەوەیان".

رەنگین عەبدوڵا ئەندامی لیژنەی كاروباری شەهیدان لە پەرلەمانی عێراق، بۆ "وشە" ئاماژەی دا، "ئەوانە بەڵگەنامە و دیكۆمێنتی گرنگن بۆ ئێمە و نەتەوەكەمان وەك ناسنامەن بۆ ئەو كارەساتانەی بەسەر كورد هاتوون، بۆیە بەهەر شێوەیەك بێت دەبێت بۆ كوردستان بێنە گێڕانەوە".

رەنگین دەڵێ‌، "حكوومەتی عێراق نایەوێت ئەو كەلوپەلانە بۆ كوردستان بنێرێتەوە، بەڵام هەوڵەكان بەردەوامیان هەیە، بەڵام ساڵی رابردوو كاروانی یەكەمی كەلوپەلەكان گەڕێنرانەوە، ئەوەی ماوەتەوە ئاسانترە".

"حكوومەتی عێراق رەزامەندی لەسەر ئەوە داوە كەلوپەلەكان ببرێنەوە كوردستان، بەو مەرجەی هەر كاتێك عێراق پێویستی پێیان هەبوو، بتوانێت كاریان لەسەر بكات و سوودیان لێ وەربگرێت" رەنگین وای گوت.

پەری نووری بەڕێوەبەری گشتیی گۆڕە بەكۆمەڵەكان لە وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالكراوانی حكوومەتی هەرێم بۆ "وشە"ی روون كردەوە، "ماوەیەكە سەرقاڵین و نەمانتوانیوە كاروانێكی تر لەو كەلوپەلانە بهێنینەوە كە زیاتر لە 500 پارچە دەبن".

ئەو دەڵێ‌، "لەگەڵ هێنانەوەیان دەست دەكرێت بە رێكخستن و پاككردنەوەیان و دانانی ژمارە و كۆد لەسەریان، ئەو كەلوپەلانە وەك بەڵگەی تاوان بەكار دەهێنرێن، هەر كەلوپەلێك ناو و كۆد و فۆرمی تایبەتی خۆی بۆ دادەنرێت و هەڵدەگیرێت".

بەڕێوەبەری گۆڕە بەكۆمەڵەكان باسی لەوەش كرد، "بەداخەوە تا ئێستە مۆزەخانەیەكی گەورە و تایبەتمان نییە بۆ هەڵگرتنی ئەو كەلوپەلانە بەشێوەیەكی زانستی".

هەڵە بجە/ سەلام هانەدنی







وشە - وشه‌