داهاتى مانگانه‌ى پارێزگاى سلێمانى 90 ملیار دیناره و ناگه‌ڕێته‌وه ناو خه‌زێنه‌ى حكوومه‌ت. بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان ده‌ڵێت، به‌شێكى كه‌مى ئه‌و داهاته دیاره و ئه‌وه‌ى تر كۆمپانیاكانى حزب ده‌ستى به‌سه‌ردا ده‌گرن، به‌ڵام یه‌كێتى هه‌م داهاته‌كه به كه‌متر ده‌زانێت و هه‌م ده‌ڵێت ته‌واوى داهاتى سلێمانى ده‌چێته‌وه بۆ حكوومه‌ت.
پرسى داهاتى ناوخۆیى پارێزگاى سلێمانى تا ئێسته به نادیارى ماوه‌ته‌وه و زانیاریى دژ به یه‌ك له لایه‌ن هێزه سیاسییه‌كانه‌وه ده‌گوترێن. به‌پێى زانیارییه‌كانى به‌رده‌ست "وشه"، داهاتى مانگانه‌ى خاڵه سنوورییه‌كانى باشماخ و په‌روێزخان 27 ملیار دیناره، هه‌روه‌ها له سه‌یرانبه‌ن دوو ملیار، فڕۆكه‌خانه‌ى سلێمانى یه‌ك ملیار و 500 ملیۆن و سنووره‌كانى تر ملیارێك دینار داهاتى مانگانه‌یانه. هاوكات داهاتى به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كان، هاتوچۆ مانگانه پێنج ملیار دینار، كاره‌با حه‌وت ملیار، شاره‌وانى چوار ملیار و شوێنه‌كانى تریش چوار ملیار دینار. به‌ڵام داهاتى مانگانه‌ى به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانى سلێمانی به 45 ملیار دینار ده‌خه‌مڵێنرێت.
هاوژین یاسین ئه‌ندامى فراكسیۆنى گۆڕان له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، بۆ "وشه"ـى ئاشكرا كرد، "له بڕى زیاتر له 90 ملیار دینارى داهاتى مانگانه‌ى سلێمانى به‌شێكى ڕه‌مزى بۆ حكوومه‌ت ده‌نێردرێت و ئه‌وه‌ى تریشى دیار نامێنێت".
ئه‌و ده‌ڵێ، "هه‌وڵى زۆر ده‌ده‌ین بزانین ئه‌و داهاته كێ ده‌یبات و چی لێ دێت، به‌ڵام تا ئێسته نه‌مانزانیوه و ئه‌وه‌ى ئاشكرایه ئه‌وه‌یه كۆمپانیا حزبییه‌كان ده‌ست به‌سه‌ر ئه‌و داهاته‌دا ده‌گرن."
ساڵى رابردوو لیژنه‌یه‌كى سێ كه‌سى بۆ لێكۆڵینه‌وه له داهاتى سلێمانى پێك هێنرا، به‌ڵام دواى دوو هه‌فته ئه‌و لیژنه‌یه هه‌ڵوه‌شایه‌وه و هیچ لیژنه‌یه‌كى تریش بۆ به‌دواداچوونى ئه‌و پرسه پێك نه‌هات. ڕزگار حه‌مه ئه‌ندامى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى له فراكسیۆنى یه‌كێتى، ده‌ڵێت، "داهاتى مانگانه‌ى سلێمانى 20 ملیار دیناره و سه‌رجه‌مى یان ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ى حكوومه‌ت یا به ئاگادارى ئه‌وان خه‌رج ده‌كرێت".
رزگار به"وشه"ـى گوت، "ئێمه كه داواى لامه‌ركه‌زى ده‌كه‌ین، بۆ ئه‌وه‌یه داهاتى سلێمانى بۆ خۆى خه‌رج بكرێ، ئێسته ئه‌گه‌ر داهاته‌كه نه‌گه‌ڕێنرێته‌وه، ئه‌وا داواى ئه‌و لامه‌ركه‌زییه‌ته‌مان نه‌ده‌كرد، ئه‌و قسانه دوورن له ڕاستییه‌وه، داهاتى سلێمانى ده‌چێته وه‌زاره‌تى دارایى و به‌كار دێنێت".
له به‌دواداچوونی "وشه"دا و به‌پێی هه‌ندێك زانیاری و ئامار كه لای بزووتنه‌وه‌ی گۆڕانه‌وه ده‌ست "وشه" كه‌وتوون، ده‌رده‌كه‌وێت داهاتی سلێمانی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ولێر، به‌ڵكو ته‌نیا به نووسراو و وه‌سڵ وه‌زاره‌تی دارایی له بڕی داهاته‌كه و چۆنێتی به‌كارهێنانی ئاگادار ده‌كرێته‌وه.
دانا جه‌زا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی، به"وشه" ده‌ڵێ، "داهاتى سلێمانى 20 ملیار دیناره و ئه‌و پاره‌یه هه‌ر له سلێمانی خه‌رج ده‌كرێته‌وه و ناگه‌ڕێته‌وه بۆ هه‌ولێر".
یه‌كێتى و گۆڕان به هاوبه‌شى پارێزگاى سلێمانى به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌ڵام وه‌ك گۆڕان ئاماژه‌ى پێ ده‌دات، ئه‌وان هیچ ئاگادارى داهاتى سلێمانى نین و به گوته‌ى خۆیان چه‌ند جارێكیش ئه‌و پرسه‌یان له‌گه‌ڵ یه‌كێتى كردووه‌ته‌وه، به‌ڵام هیچ وه‌ڵامێكیان وه‌رنه‌گرتووه‌ته‌وه.
جه‌زا گوتى، "وه‌سڵه‌كانی باج و داهات ناگه‌ڕێنه‌وه بۆ وه‌زاره‌تی دارایی و هه‌ریه‌كه له به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی هاتوچۆ و شاره‌وانی و ئاو، 40%ی داهاتی خۆیان خه‌رج ده‌كه‌نه‌وه، به‌ڵام سلێمانی مانگانه به گشتی پێویستی به 70 ملیار دیناره".
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال