بازرگانانی شیعە كڕیاری گەنمی جووتیارانی كوردستانن

:: PM:12:22:15/07/2017 ‌


بەهۆكاری ئەوەی ئەمساڵ وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕێكی كەم لە گەنمی جووتیارانی كوردستان وەردەگرێت، جووتیارانی سنووری یەكەی كارگێڕیی گەرمیان و هەرێمی كوردستان ناچارن گەنم و دانەوێڵەیان لە بازاڕەكاندا ساغ بكەنەوە.


رۆكان حەمید جووتیارێكی سنووری كەلار بۆ "وشە" ئاماژەی دا، زیاتر لە تۆنێك گەنمی بە بازرگانانی عەرەب فرۆشتووە و گەنمەكەی بە 100 هەزار دینار كەمتر لە نرخی حكوومی بە بازرگانانی شیعە فرۆشتووە.


ئەو باسی لەوە كرد كە دەیان جووتیاری تر بڕێكی دیاریكراو گەنمیان بە بازرگانانی شیعە فرۆشتووە. سەڵاح محەمەد نوێنەری وەزارەتی بازرگانیی حكوومەتی عێراق بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ ئەمساڵ لە سنووری گەرمیان تەنیا بۆمان هەیە 13 هەزار تۆن گەنم لە جووتیاران وەربگرین.


ئەو دووپاتی كردەوە، رێژەكە لەلایەن وەزارەتی بازرگانییەوە دیاری كراوە بۆ هەموو هەرێمی كوردستان و دەبێت 442 هەزار تۆن گەنم وەربگیرێت، بۆیە جووتیاران بەشێك لە گەنمیان لە بازاڕ ساغ دەكەنەوە


هیدایەت جەوهەر ئەندامی لقی گەرمیانی یەكێتیی جووتیارانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، لەكاتێكدا ١٣ هەزار تۆن گەنمیان لێ وەردەگیرێت، بڕی بەرهەمهێنانی گەنم سێ هێندە زیادی كردووە.


بەگوتەی ئەو بەرپرسە لە سەرەتای مانگی شەشەوە جووتیارانی گەرمیان دەستیان كردووە بەفرۆشتنی گەنم. بازرگانان بە نرخی 100 هەزار دینار كەمتر لە نرخی وەزارەتی بازرگانی، واتە بە 400 هەزار دینار دەفرۆشن.


گەرمیان / سەبری هۆرینی 



وشە - سلێمان تاشان