پێنجوێن دەبێتە سیمبولی تەندروستیی كوردستان

:: PM:01:53:15/07/2017 ‌

بەهۆی هاوسنووری شارۆكەی پێنجوێن لەگەڵ شارەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان و ئێران، یەكێك لەو كارە مەترسیدارانەی كە هاووڵاتییانی پێنجوێن و سنووری پارێزگای سلێمانیش پێوەی دەناڵێنن، هاوردەكردنی خۆراك و ئەو كەلوپەل و شمەكانەیە كە لەو وڵاتەوە دەهێندرێتە خاكی هەرێم، چونكە زۆربەیان وادەی بەكارهێنان و كۆتاهاتنیان بەسەرچووە، لەو چوارچێوەیەشدا و لەپێناوی پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان و دابینكردن و پاراستنی ئاسایشی خۆراك، بۆ یەكەم جار لە پێنجوێن، پڕۆژەی "زۆنی دابینكردنی ئاسایشی خۆراك و پاراستنی سەلامەتی تەندروستی هاووڵاتییان" راگەیەنرا و كەوتە بواری جێبەجێكردنەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ی تەمووز، د. سەعید ئەحمەد سەرپەرشتیاری پڕۆژەی برەودان بە سەلامەتی كوالێتی خۆراك لە پێنجوێن بە "وشە"ی راگەیاند، پڕۆژەكەمان لە چەند بەش پێك هاتووە، هاوكات هەر لە ناوەڕۆكەكەدا رێنوێنیی تایبەت دانراوە بۆ ئەو كەسانەی بەشدارن و خاڵیان پێ دەدرێت و بەپێی پڕۆژەكە، نمرە دەدرێتە ئەو كەسەی كە بەشدارە، بۆ ئەوەش سەرەتا پێویستە خولێكی تایبەت بە سەلامەتی خۆراك ببینێت، دواتریش بڕوانامەی بەشداربوونی پێ دەدرێت.

زیاتر روونی دەكاتەوە، قۆناغی كۆتای پڕۆژەكە خۆی دەبینێتەوە لەوەی ئەو شوێنانە كە دیاری كراون، بۆ خەڵك ئاشكرا دەكرێت و پاشانیش لیژنەی تایبەتی بۆ دەنێرین تا چێكی خاڵەكان بكاتەوە تا بزانرێت تا چەند خاوەن دووكانەكان و شوێنەكان جێبەجێیان كردووە".

"بەپێی پڕۆژەكە هەریەك لە خاوەن دووكان و رێستۆرانت و كەبابخانە و گۆشتفرۆشەكان و شیرینیفرۆشەكان و سۆپەرماركێتەكان دەگرێتەوە، ئەوەش یەكەم جارە لە سنوورەكەدا و بگرە لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستانیش جێبەجێ دەكرێت، خاوەن دووكان و سوپەرماركێتەكان پابەندنەبوونی خۆیان بە رێنوێنییەكان پێشان داوە." سەعید ئەحمەد وای گوت.

ئامانجی سەرەكی پڕۆژەكە، دروستكردنی زۆنێكە بۆ سەلامەتی خۆراك لە شارۆكەكەیاندا و هاندانی دووكاندارەكانیشە، كە خۆیان بەشێك بن لە تیمی پاراستنی هاووڵاتییان لە خۆراك و بەكارنەهێنان و دووركەوتنەوە لە كاڵای خراپ.

لەبارەی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی پڕۆژە تەندروستییەكەوە د. سەعید دووپاتی دەكاتەوە، جێبەجێكردنی پڕۆژەكە بەچەند قۆناغێك بەڕێوە دەچێت، قۆناغی یەكەمیان بریتییە لە دابەشكردنی نزیكەی 50 خاڵ بەسەر دووكانەكان و ئەو خاڵانەش تایبەتن بە بواری رەچاوكردنی سەلامەتی خۆراك لەو شمەك و مادد خۆراكییانەی دەیفرۆشن، خاڵەكانیش لە شەش قۆناغدان كە دابەش كراوە بەسەر دەرەوە و ناوەوەی بیناكە، هەروەها ئەو شوێنەی شتەكانی تیا دانراوە و دەفرۆشرێت، جگە لەوەش خاڵ دیاری كراوە بۆ ئەو بەركەوتەیەی بەر مادە خۆراكییەكان دانراوە.

زانا رەحمان قایمقامی شارۆكەی پێنجوێن بە"وشە"ی راگەیاند، بۆ پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییانی ناوچەكەمان، دوای راوێژ و گفتوگۆیەكی چڕ لەگەڵ لێپرسراوی بەڕێوەبەرایەتی ڤێتێنەری پێنجوێن، بیرمان لەوە كردەوە كە چی بكرێت بۆ ئەوەی بتوانین باشتر بایەخ و گرنگی بە تەندروستی هاووڵاتییانمان بدەین و بیانپارێزین، لەهەر ئەگەرێك كە بەهۆی مادە خۆراكییەكانەوە دووچاری دەبن.

زیاتر دەڵێ، لە ئێستەدا دەستمان كردووە بە ئەنجامدانی پڕۆژەیەكی بواری تەندروستی كە پێوەندی راستەخۆی بەهاووڵاتییان و بەتایبەتیش خاوەنكار و پیشەكانەوە هەیە، ئەویش بەناونیشانی (دیاریكردنی زۆنی سەلامەتی خۆراك و پاراستنی تەندروستی هاووڵاتییان)، كە بە شێوەیەكی گشتی پڕۆژەكە پێك هاتووە لە دەستنیشانكردنی ژمارەیەكی زۆر دووكان لەناو شارۆكەكەماندا، كە ئامانج لێی دیاریكردن و دروستكردنی ناوچەیەكی دڵنیایییە و تایبەتە بە سەلامەتی خۆراك.

قایمقامی پێنجوێن ئاماژە دەدات، لە رێی جێبەجێكردن و خستنە بواری كرداری سەلامەتی خۆراكەوە، مەبەستمانە ناوچە و شوێنەكانی تری كوردستان چاو لەم كارەی ئێستەی پێنجوێن بكەن و گرنگی بە تەندروستی هاونیشتمانییان بدرێت.

بەپێی لێدوانی زانا رەحمان، ئەو پڕۆژەیە ئارەزوومەندانەیە و خاوەن دووكان و سۆپەرماركێتەكان، پابەندبوون بەرێنوێنییەكانەوە، كە ئامانجی پڕۆژەكە دروستكردنی زۆنێكە بۆ سەلامەتی خۆراك و هاندانی دووكاندارەكانیشە كە خۆیان بەشێكن لە تیمی پاراستنی هاووڵاتییان لە خۆراك و كاڵای خراپ.

مام رەحیم پێنجوێنی ماركێتی لە بازاڕی پێنجوێن هەیە و بە "وشە" دەڵێ، وەك بەشداربوویەكی پڕۆژەكە، زۆر خۆشحاڵم بتوانێت لە رێی دابینكردن و فرۆشتنی بەرهەمە خۆراكییەكانی ناو دووكانەكەم خزمەتێكی بچووك بەدانیشتووانی پێنجوێن بكات.

ئەوەشی گوت، گرنگی پڕۆژەكە لەوەدایە كە لە یەك كاتدا دەتوانێ هەم دووكانداران و هەم خەڵكیش سوودمەندبن بەوەی كە مادەی خۆراكی پاك و خاوێن و تەندروست بدەینە خەڵك و هەروەها خەڵكیش هەم لەرووی تەندروستی دڵنیا دەبن و هەمیش زیاتر متمانەیان بەو بەرهەمانە دەبێت، كە دووكاندارەكان دەیفرۆشن.

شارۆكەی پێنجوێن لەرووی كارگێڕییەوە سەر بەپارێزگای سلێمانییە و نزیكەی 96 كیلۆمەتر لێوەی دوورە و دەكەوێتە باكوڕ خۆرهەڵاتی سلێمانییەوە، لە شارەدێیەكانی ناڵپارێز و گەرمك و زیاتر لە 250 گوند پێك دێت و ژمارەی دانیشتووانەكەشی لە ئێستەدا نزیكەی 50 هەزار كەس دەبێت.

پێنجوێن/ رێبین پێنجوێنی

 



وشە - هیدایه‌ت جان