هۆندا دوو ملیۆن ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكان دەكێشێتەوە

:: PM:02:23:15/07/2017 ‌


بەهۆی کێشەیەک لە پاتریی ئۆتۆمبێلەكانی و مەترسی گڕگرتنی، كۆمپانیای هۆندای ژاپۆنی بڕیاری كشاندنەوەی دوو ملیۆن و 100 هەزار ئۆتۆمبێل دەدات.

بڕیارەكەی كۆمپانیای هۆندا، دوای بەدەست گەیشتنی چوار راپۆرت دێت لە گڕگرتنی بزوێنەری ئۆتۆمبێلەكانی لە وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و راپۆرتێكی تریش لە كەنەدا كە هۆكارەكەی بۆ هەستیاری پاتری ئۆتۆمبێلەكان دەگەڕێتەوە دەرچووە.

كریس مارت گوتەبێژی كۆمپانیای هۆندا رای گەیاند كە كۆمپانیاكە بڕیاری داوە بە كشاندنەوەی ملیۆنێك و 150 هەزار ئۆتۆمبێل لە بازاڕەكانی ئەمەریكا لە جۆری هۆندا ئاكورد، مۆدێل 2013 تا 2016. ئەوەشی گوت "ملیۆنێك ئۆتۆمبێلی تریش لە بازاڕەكانی تری جیهانی دەكێشینەوە".

بەگوێرەی زانیارییەكان، كۆمپانیای هۆندا لە ماوەی رابردوودا سێ هەزار و 972 داواكاری لەلایەن بەكارهێنەرانی هۆندا لە ئەمەریكا بەدەست گەیشت كە داوای گەرەنتی لە كۆمپانیاكە دەكەن.

جێی باسە كۆمپانیای هۆندا، لە ساڵی 2013وە لقی لە شاری هەولێر كردووەتەوە، یەكێكیش لە پڕ فرۆشترین ئۆتۆمبێلەكانی لە جۆری هۆندا ئاكوردە.

وشە/ فەرمان سادق
سەرچاوە/ رۆیتەرز

 







وشە - هیدایه‌ت جان