حزبەکانی رۆژهەڵات گومانیان لە کۆنگرەکەی کەنەکە هەیە

:: PM:04:50:15/07/2017 ‌


"کەنەکە" لە سلێمانی كۆبوونه‌وه‌ی راوێژی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان بەڕێوە دەبات و بۆ بەشداری پێکردنیان سەردانی سەرجەم لایەنەکانی رۆژهەڵاتی كوردستانی کردووە، بەڵام پێنج لایەنی سەرەکی رۆژهەڵات بە "بڕیارێکی هاوبەش" بەشدارییان ره‌ت كرده‌وه‌. ئەندامێکی سەرکردایەتی کۆمەڵە دەڵێ، بەهۆی ئەوەی کۆبوونەوەکە لە خزمەت ئەجێندای پەکەکەدایە و روون نییە ئامانجی چییە، بڕیارماندا بەشداری نەکەین.

بەیانی ئەمڕۆ شەموو 15ی تەمووز کۆنگرەی نەتەوەیی کورد "کەنەکە" لە شاری سلێمانی /215كم باشووری هه‌ولێر/ کۆنفرانسێکی راوێژکاری لەژێر ناوی "كۆبوونه‌وه‌ی راوێژی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان" رێک خست و لە راگەیەندراوەکەیدا ئاماژەی بەوە دابوو نوێنەر و لایەنی سەرجەم بەشەکانی کوردستانیان بانگهێشت کردووە بۆ بەشداریکردن تیایدا و دۆخی سیاسیی هەرچوار پارچەی کوردستان لەو کۆنفرانسەدا دەخەنە ڕوو. به‌ڵام پێنج لایەنی سەرەکی رۆژهەڵات کە پێک هاتوون لە (حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران "حدکا" و کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، حزبی دیموکراتی کوردستان، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، کۆمەڵە باڵی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران) بە بڕیارێکی هاوبەش بەشداریان لەو کۆبوونەوەیەی کەنەکەدا نەکردووە و پێیان وایە "ئامانجەکانی ئەو کۆنفرانسە ناڕوونە و لە خزمەت ئەجێندای لایەنێکی دیاریکراو"دایە.

ئیدریس کولاهدوزی ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران کە هاوکات بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەو حزبەیە لە سلێمانی، بۆ "وشە" رای گەیاند كه‌ ئەوان بەشداری کۆبوونەوەکەیان نەکردووە وهۆکه‌ی بۆ ئەوە دەگەڕێنێتەوە، کاتێک شاندی کەنەکە بۆ بانگهێشتکردنیان سەردانی بارەگای سەرکردایەتی کۆمەڵەیان کردووە، لە لێدوانەکانیاندا ناڕوونییەک هەبووە و ئامانجیان لە بەستنی کۆنفرانسێکی لەو شێوەیە لەو کاتەدا ناڕوونە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، "پێش کۆبوونەوەکە شاندێکی کەنەکە هاتنە بارەگای کۆمەڵە و لەبارەی کۆنگرەی راوێژی نەتەوەیی گفتوگۆیان لەگەڵ کردین، ئێمە تێبینی خۆمان هەبوو لەسەریان، لەبەرئەوەی بەرنامە و ئەجێنداکەیان ناڕوون بوو، بۆیە دواتر تاوتوێی بابەتەکەمان کرد و لەگەڵ لایەنەکانی تری رۆژهەڵات گفتوگۆمان لەسەر کرد و پێکەوە هەموومان بە گونجاومان نەزانی بەشداری تیادا بکەین".

لەبارەی ئەو ناڕوونییانەی لە لێدوانی نوێنەرانی کەنەکە لەلایەن کۆمەڵەی شۆڕشگێڕانەوە بەدی کرابوو، بەرپرسی پێوەندییەکانی ئەو حزبە لە سلێمانی دووپاتی دەکاتەوە، "دۆخی ئێستەی هەرێم کە بەرەو ریفراندۆم و سەربەخۆیی هەنگاو دەنێت، کۆنگرەیەکی راوێژی کە ئەگەری هەیە ئەو بابەتە بورووژێنێت، کۆمەڵێک گومانی دروست کردووە لای ئێمە، بۆیە پێمان گونجاو نەبوو بەشداری تیادا بکەین".

"ئێمە لە رۆژهەڵات باوەڕمان بە فرەچەشنی و ئازادی هەیە و هەموو حزبێکی رۆژهه‌ڵات دەتوانێت چالاکی و خەبات لە رۆژهەڵات بکات، بۆیە بابەتەکە پێوەندی بەوەوە نییە ئەو کۆنگرەیە کام لایەن بانگهێشت دەکات، بەڵکو ئەجێندای کەنەکەیە کە باوەڕیان بە پرسی دەوڵەت و دەوڵەت/نەتەوە نەما کاریگەری کردە سەر ئەوەی ئێمە بەشداری لە کۆبوونەوەکانیان نەکەین و ئەگەر بە راشکاوی باسی لێ بکەین، کەنەکە سەربە ئەجێندایەکی دیاریکراون لە بەشێکی تری کوردستان و ئەو خۆهەڵقورتانەی دەکرێن دروست نییه‌" کولاهدوزی وای گوت.

لە ماوەی دەستبەکاربوونی کەنەکە تا ئێستە چەندان جار لەلایەن حزبەکانی رۆژهەڵاتەوە ئاگادار کراونەتەوە کە بۆیان نییە بەبێ ئاگاداری لایەنە سەرەکییەکانی رۆژهەڵات هیچ کۆنگرە و کۆنفرانسێکی تایبەت بەو بەشەی کوردستان رێک بخەنز ساڵی رابردوو کەنەکە لە سوید کۆنفرانسێکی بۆ بڕیاردان لەسەر دۆخی رۆژهەڵات و خەبات لەو بەشەی کوردستان رێک خستبوو کە تەنیا پژاک تیایدا بەشداری کردبوو /به‌شی رۆژهه‌ڵاتی په‌كه‌كه‌/یه‌، لایەنەکانی رۆژهەڵات بە تێکڕا ئەو کۆنفرانسەیان بایکۆت کرد.

کولاهدوزی ئەو کۆنگرەیەی ئەمڕۆ لە سلێمانی لەلایەن کەنەکە بەڕێوە چوو بە دەستوەردانی پەکەکە لە کاروباری باشووری کوردستان ناو دەبات و دەڵێ، ئێمە وەک لایەنە سەرەکییەکانی رۆژهەڵات پێمان وایە کەنەکە بەرنامە و ئەجێندای پەکەکە جێبەجێ دەکات.

دووپاتی دەکاتەوە، ئێمە دەتوانین یارمەتیدەری یەکتر بین، بەڵام ناتوانین دەستوەردان لە بەشەکانی تری کوردستاندا بکەین، چونکە هەر بەشێک لە کوردستان تایبەتمەندی خۆی هەیە و هەر پارچەیەک سرووشت و پێگەکەی بە جۆرێکە تەنیا خۆی دەتوانێت نوێنەرایەتی ئەو بەشە بکات، نەک نوێنەر دابتاشرێت بۆ بەشەکانی تری کوردستان.

کۆبوونەوەکەی کەنەکە لە سلێمانی لەژێر ناوی "كۆبوونه‌وه‌ی راوێژی نه‌ته‌وه‌یی كوردستان" بەیانی ئەمڕۆ دەستی پێ کرد و بڕیارە بۆ ماوەی دوو رۆژ بەردەوام بێت. بەپێی لێدوانی رێکخەرانی ئەو کۆبوونەوەیە تا ئێستە تەوەری گفتوگۆ و ئامانجەکانی ئەو کۆبوونەوەیە روون نییە و تەنیا ئاماژە بەوە دراوە، کۆبوونەوەکە بۆ راوێژکردنە لەسەر پرسە نەتەوەییەکان.

کەنەکە یان کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان لە 24ی گوڵانی ساڵی 1999 لە کۆنفرانسێکدا بە ئامادەبوونی 700نوێنەر و میوانی كورد و بیانی لە شاری ئەمستەردامی پایتەختی ھۆلەندا وەکو دامه‌زراوه‌یه‌کی سیاسییه‌ له‌ سه‌ر ده‌سپێشخه‌ریی پارتی کرێکارانی کوردستان ڕاگەیێندرا. ئەو دامەزراوەیە حوکمی په‌رله‌مانی هەیە بۆ پەكەكە و خاوه‌نی دوو سه‌رۆکه‌ و به‌ شێوه‌ی هاوسه‌رۆکی بەڕێوە دەبرێت کە یه‌کیان ژن و یه‌کیان پیاوە.



وشە - هیدایه‌ت جان