بەرهەمی كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور لە زیادبووندایە

:: PM:07:38:15/07/2017 ‌

ماوەی زیاتر لە یەك ساڵە كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور دەستی بەكار كردووە و بەرهەمی رۆژانەی ئەو كارگەیە زیادی كردووە و رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار قووتوو دۆشاو بەرهەم دێنێت.

جاسم محەمەد سەرپەرشتیاری كارگەی دۆشاوی شارەزوور بۆ "وشە" گوتی، پێشتر بەرهەمی دۆشاوەكەمان لە ئێرانەوە دەهێناو لە قووتوومان دەنا، بەڵام ئێستە خۆمان و بە تەماتەی دەشتی شارەزوور بەرهمی دۆشاوەكە بەرهەم دێنن و رۆژانەش 50 بۆ 60 هەزار قتوو دۆشاو بەرهەم دێنین.

زیاتر گوتی، داوامان لە حكوومەتی هەرێم كردووە بۆ ئەوەی هاوكارمان بێت و ئێمەش بتوانین پێداویستی ناوخۆ پڕ بكەینەوە، كە داوكارییەكی ئێمە دابینكردنی سووتەمەنی و مانگانەش كرێیەكان لەسەر كە نزیكەی 50 ملیۆنە بۆمانی دابین بكات، بەڵام تا ئێستە بۆمان جێبەجێ‌ نەكراوە.

محەمەد ئاشكرای كرد، لە پلانماندایە ساڵی داهاتوو شەربەتی ترێ و هەناریش بەرهەم بێنن كە ئامێری و پێداویستی تایبەتمان بۆ دروستكردنی ئەو دوو شەربەتەش هێناوەتە ناو كارگەكە و ئامادەیە.

رونی ، زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی لە دەشتی شارەزوور بۆ ئەمساڵ بە تەماتە دەچێنین و بەرهەمەكەی دەكەینە دۆشاو و بەرهەمی تەماتەی جووتیارانی سنوورەكەش وەردەگرین بە نرخێكی گونجاو كە لە هەفتەی داهاتوودا نرخێكی لەسەر دیاری دەكەین.

كارگەی دۆشاوی تەماتەی شارەزوور رۆژانە 50 بۆ 60 هەزار قووتووی دۆشاوی 800 گرامی بەرهەم دێنێت كە دەگاتە زیاتر لە 18 ملیۆن قووتوو لە ساڵێكدا، لە كاتێكدا پێداویستی ناوخۆ بە دۆشاوی تەماتە ساڵانە نزیكەی 50 ملیۆن قووتووە.

وشە/ سەلام هانەدنی


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل