ئاوی چەند گەڕەكێكی سلێمانی بۆ خواردنەوە ناشێت

:: PM:10:25:15/07/2017 ‌

چەند ڕۆژێك دەبێ و ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی تێك چووە و ڕەنگەكەی گۆڕاوە، بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانیش هۆشداری دەداتە هاووڵاتییان لە بەكارهێنانی ئەو ئاوە بۆ مەبەستی خواردنەوە.
 
سەربەست عوسمان، بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئەمڕۆ شەموو بە "وشە"ی ڕاگەیاند، ڕەنگی ئاوی خواردنەوەی چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی گۆڕدراوە و چاودێریمان خستووەتە سەر بنكەكانی دابەشكردنی ئاو تا بزانین ئەو كێشەیە چۆن دروست بووە.
 
ئەوەشی گوت، هەر ئەو ئاوەی كە دەدرێتە چەند گەڕەكێكی شاری سلێمانی، هیچ كێشەی نییە و هاووڵاتییان بە ئاسایی بەكاری دێنن بۆ خواردنەوە، بەڵام لە چەند گەڕەكێك ئەو كێشەیە دروست بووە و نازانین هۆكارەكەی چییە، داواشمان لە هاووڵاتییان ئەوەیە كە بۆ خواردنەوە بەكاری نەهێنن تا ئەو كێشەیە چارەسەر دەكرێت.
 
عوسمان روونی كردەوە، پێ دەچێت ئەو كێشەیە بەهۆی شكانی بۆڕی ئاو كە لەلایەن كۆمپانیایەك یان ماڵێكەوە ڕوو دەدات و سەرئەنجام كێشەی ئاوی خواردنەوە بۆ ئەو گەڕەكانە دروست دەبێت.
 
بەڕێوەبەری ئاوی سلێمانی ئاماژەی كرد كە زیاتر كێشەكە بۆ ئەو گەڕەكانەیە كە كەوتوونەتە نێوان سلێمانی و گەڕەكی ڕاپەڕین، ئەوان كێشەی ئاوی خواردنەوەیان بۆ دروست بووە و ئاوەكە ڕەنگی گۆڕاوە.
 
سەرچاوەی ئاوی خواردنەوەی شاری سلێمانی و شارۆكەی چەمچەماڵ و ناوچەكانی دەورووبەری لە ڕێگەی هێڵی یەكەم و دووەمی ئاوی سلێمانی دووكان دابین دەكرێت.
 
لای خۆیەوە هێرش سەلیم، جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی بۆ "وشە" گوتی، ئەگەر پێكهاتەی ئاو هیچ بەكتریایەكی زیانبەخشی تێدا نەبێت كە كاریگەری خراپ لەسەر تەندروستی مرۆڤ دروست دەكات، بەڵكو گۆڕانی ڕەنگی ئاو یەكێكە لەو هۆكارانەی كە شیاوی خواردنەوە نییە و نابێت بەكار بهێنرێت بەمەبەستی خواردنەوە.
 
ئەوەشی گوت، كاتێك ڕەنگی ئاو لە ڕەنگە ئاساییەكەی خۆی دەگۆڕێت، پێوەندی بە ناو ئەو بۆڕییەوە هەیە كە ئاوەكەی پێدا دەڕوات، یان هەندێك جار بۆ تێكەڵبوونی بە ئاوی زێراب كە ئەوەش زۆر خراپە بۆ تەندروستی هاووڵاتییان.
 
جێگری بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستی سلێمانی دووپاتی كردەوە، یەكێك لە مەرجەكانی تەندروستی ئاو ڕەنگەكەیەتی، ئاو ڕەنگە ڕاستییەكەی خۆی لە دەست بدات، نا تەندروستییە، ئەگەر پێكهاتەی ئاوەكە بۆ پشكنین ڕەوانە كراو زانرا كە بەكتریای تیا نییە، بەڵام كە ڕەنگی گۆڕابوو بۆ خواردنەوە ناگونجێت.
 
سلێمانی/ هۆشیار عەلی





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل