پێشمەرگە دیلەكەی خەلیفان چۆن رزگار كراوە؟

:: PM:10:55:15/07/2017 ‌

ئەمڕۆ شەموو هەواڵی رزگاركردنی سەید ئەحمەد سورچی ئەو پێشمەرگەیەی لیوای 116ی سۆران كە ماوەیەك بەر لە ئێستە لە گوندی حلێوەی بچووكـ لە سنووری خورماتوو كەوتە دەست چەكدارانی داعش، لە میدیاكانەوە هاتە راگەیاندن، بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی رای گەیاند كە ئەوان لە ئۆپەراسیۆنێكدا پێشمەرگەكەیان رزگار كردووە، بەڵام راستی زانیارییەکە جۆرێکی ترە و ئەو بەرپرسە وەک ریکلام بۆ خۆی بەکاری دێنێ.

 ئەمڕۆ میدیاكانی كوردستان لە هەواڵێكی خۆش و بەپەلە لە فەرماندەكانی پێشمەرگە و ئیدارەی شارۆكەی خورماتوویان گواستووەتەوە كە سەید ئەحمەد سوورچی ئەو پێشمەرگەی ماوەیەك بەر لە ئێستە لە گوندی حلێوە كەوتە دەست چەكدارانی داعش، بە ئاڵوگۆڕكردن لەگەڵ ئەمیرێكی رێكخراوی داعش، ئازاد كراوە.

لای خۆیەوە لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی، رەتی دەكاتەوە رزگاركردنی پێشمەرگە دیلكراوەكە، دیل بەدیلی پێ كرابێت و ئەو ئاماژەی بۆ چۆنیەتی رزگاركردنی سەید ئەحمەد كرد كە لە ئەنجامی كردەوەگەلێكی هێزەكانیان بووە، بەڵام هیچ لایەنێکی سەربازی و پێشمەرگە ئەم زانیارییە پشتڕاست ناکەتەوە.

بەپێی سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانی "وشە" ئەو پێشمەرگە بە ناوبژیوانی چەند كەسێك لە هۆزەكانی شارۆكەی حەویجەی سەر بە پارێزگای كەركووك، كە تا ئێستە بەدەستی داعشەوەیە، لە بەرامبەر دەیان تۆن لە دەرمان و خۆراك ئازاد كراوە. لە کاتێکدا حەویجە لەژێر گەمارۆدایە و پرۆسەکە لە بەرژەوەندی داعش تەواو بووە و دەیان تۆن دەرمانیان دەست کەوتووە.

زیاتر دەڵێن، لاهور شێخ جەنگی بەرپرسی دەزگای زانیاری یەكێتی باسی كردەوەگەلی تایبەت دەكات، لەو كاتەی 63 دیلی پێشمەرگە لای تیرۆرستانە و نەیانتوانیوە تەنانەت یەک دانەیشیان ئازاد بکەن.

شایەنی باسە سەید ئەحمەد سورچی كە پێشمەرگەی فەوجی سێی لیوای 116 بوو، دانیشتووی گوندێكی سەر بە شارەدێی خەلیفانی سەر بە پارێزگای هەولێرە و شەوی 27 لەسەر 28ی ئایاری رابردوو لەكاتی هێرشێكی چەكدارانی داعش بۆسەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە گوندێكی باشووری خورماتوو، بەدیل گیرابوو.





وشە - تایبه‌ت