50 كۆگه‌ى عه‌مباركردنى سووته‌مه‌نى له سنوورى پارێزگاى سلێمانیدا هه‌ن و هیچ كام له‌و كۆگانه مۆڵه‌تیان نییه و نازانرێت هى كێن، له كاتێكدا ڕۆژانه سووته‌مه‌نى له‌ناو ئه‌و كۆگانهوه جووڵه‌ى پێ ده‌كرێت. ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاى سلێمانیش ده‌ڵێن له "به‌دواداچوون"دان.
سووتانى كۆگه‌یه‌كى سووته‌مه‌نى له‌ناو شارى سلێمانى له هه‌فته‌ى ڕابردوودا، ده‌ریخست له سنوورى پارێزگاى سلێمانیدا ٥٠ كۆگه‌ى سووته‌مه‌نى هه‌ن كه نه مۆڵه‌تیان هه‌یه و نه كه‌سیش ده‌زانێت هى كێن، له كاتێكدا سووته‌مه‌نى بۆ ناو ئه‌و كۆگهیانه و به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئاڵ‌وگۆڕیان پێ ده‌كرێت و هێنان و بردنهكانیش به تانكه‌ر ئه‌نجام ده‌درێن، زۆرینه‌ى كۆگهكانیش كه‌وتوونه‌ته ڕێى عه‌ربه‌ت /باشووری سلێمان/ و مێرگه‌پان /باكوری سلێمانی/.
عه‌لی حه‌مه‌ساڵح ئه‌ندامی په‌رله‌مانی كوردستان له فراكسیۆنى گۆڕان، بۆ "وشه"ى ئاشكرا كرد، له سنوورى پارێزگاى سلێمانى ٥٠ كۆگه‌ى عه‌مباركردنى سووته‌مه‌نى و وه‌ستانى تانكه‌رى سووته‌مه‌نى هه‌ن، به‌ڵام هیچ كام له‌وانه مۆڵه‌تیان نییه.
زیاتر ده‌ڵێ، "ڕۆژانه سه‌تان تانكه‌ری سووته‌مه‌نی به‌تاڵ ده‌كرێن، له هه‌ندێك شوێن ده‌ستكاری پێكهاته‌ی به‌نزینیشی تێدا ده‌كرێت، به‌ڵام هیچ كام له‌م گۆڕه‌پانانه مۆڵه‌تی شاره‌وانی و به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كانیان نییه و له‌ژێر چاودێریدا نین و نازانرێت به بڕیارى كێ ئه‌و سووته‌مه‌نییه دێنن و بۆ كێ و كوێ ده‌رى ده‌كه‌ن".
پارێزگاى سلێمانى له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له گۆڕان و یه‌كێتییه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت، ئه‌وه‌ش واى كردووه پشێوى كارگێڕیى دروست ببێت، ئه‌مه جگه له به‌رژوه‌ندییه حزبی و كه‌سییه‌كان له پرسى بازرگانیكردن به نه‌وت و سووته‌مه‌نییه‌وه.
غالب محه‌مه‌د سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و غاز له ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى سلێمانى، به"وشه"ـى ڕاگه‌یاند، ڕاسته ئه‌و كۆگهیانه هه‌ن و ئێسته سه‌رقاڵى دروستكردنى لیژنه‌یه‌كن بۆ به‌دواداچوونیان. ئه‌وه‌شی گوت، "تا به‌دواداچوون نه‌كه‌ین، هیچ زانیارییه‌كمان نییه و دواتر ئه‌نجامى بهدواداچوونهكهمان ڕاده‌گه‌یه‌نین."
"وشه" له به‌دواداچوونێكى مه‌یدانیدا بۆ لاى لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كان، بۆی ده‌ركه‌وتووه ته‌نیا پێنج له‌و كۆگهیانه مۆڵه‌تیان هه‌یه كه ئه‌وانیش حكوومه‌ت خۆى سه‌رپه‌رشتییان ده‌كات و كۆگهكانى تریش نه مۆڵه‌تیان هه‌یه و نه ده‌زگه پێوه‌ندیداره‌كانیش ده‌زانن هى كێن، ته‌نانه‌ت هه‌ندێكیان هێنده شاراوه‌ن یان له‌ناو باخ و ڤێلادان، لایه‌نه پێوه‌ندیداره‌كانیش نازانن شوێنه‌كانیان دیارى بكه‌ن.
لاى خۆشیه‌وه شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى لیژنه‌ى نه‌وت و گاز و سامانه سروشتییه‌كان له په‌رله‌مانى كوردستان، هۆشدارى بوونى سه‌تان كۆگه‌ى عه‌مباركردن و ده‌ستكاریكردنى سووته‌مه‌نى له كوردستان ده‌دات.
ئه‌و به"وشه"ـى گوت، "بازرگانییه‌كه هێنده گه‌وره بووه، هه‌ر كه‌سێك بچووكترین پاڵپشتى حكوومى یان حزبى هه‌بێت، ده‌توانێت ببێته خاوه‌ن كۆگه‌ى سووته‌مه‌نى به‌بێ ئه‌وه‌ى لێپرسینه‌وه‌ى له‌گه‌ڵدا بكرێت."
پێشى وابوو په‌ككه‌وتنى په‌رله‌مان و ناهاوسهنگبوونى حكوومه‌ت، هۆكارن بۆ زیادبوونى بازرگانیى نایاسایى به‌تایبه‌ت له بوارى وزه و نه‌وت و سامانه سروشتییه‌كاندا و ده‌ڵێت، "لێپێچینه‌وه‌ى رژد و لێكۆڵینه‌وه و سزادان نه‌بوو، هه‌موو كه‌سێك ده‌توانێت كارى نایاسایى ئه‌نجام بدات".
وشه/ سلێمانى- هه‌ستى كه‌مال