زیاتر له دوو ساڵه به‌هۆى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ریر، رێى هاتوچۆى گوند و ئاوایییه‌كانى نێوان هه‌ریر و باسرمه په‌كى كه‌وتووه. دانیشتووانى سنووره‌كه نیگه‌رانن و به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى باسرمه ئاشكراى ده‌كات، بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفته‌كه داواى یه‌ك ملیار دیناریان له ئه‌مه‌ریكاییه‌كان كردووه.
ئیبراهیم محه‌مه‌د دانیشتووى شاره‌دێى باسرمه، به"وشه"ى راگه‌یاند، كێشه‌ی ڕێی باسرمه و هه‌ریر ماوه‌ی دوو ساڵه به‌رده‌وامه و چاره‌سه‌ر نه‌كراوه، رێگه‌كه به‌هۆى دروستكردنى فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ریر داخراوه، دانیشتووانى باسرمه و گونده‌كانى تر ناچارن رێگه‌یه‌كى دوورى لاوه‌كى بگرنه‌به‌ر بۆ گه‌یشتن به شوێنى مه‌به‌ست.
شاره‌دێى باسرمه له رووى كارگێڕییه‌وه سه‌ربه شارۆكه‌ى شه‌قڵاوه‌یه له سنوورى پارێزگاى هه‌ولێر، جگه له سه‌نته‌ری شاره‌دێكه، له 54 گوند پێك هاتووه و ژماره‌ى دانیشتووانی 23 هه‌زار كه‌سن. له ساڵی 2007 به‌بڕیارێكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كراوه‌ته شاره‌دێ.
هیوا قادر دوكاندار له باسرمه، به"وشه" ده‌ڵێ، "به‌هۆى ناخۆشیى رێى نێوان باسرمه و هه‌ریر، شوفێر له‌كاتى گواستنه‌وه‌ى سه‌رنشینان و هاووڵاتییانى باسرمه، كرێى زیاتر له هاووڵاتییان وه‌رده‌گرن، ئه‌وانیش مافى خۆیانه، چونكه رێگه‌كه ئه‌وه‌نده ناخۆشه زیان به ئۆتۆمبیله‌كانیان ده‌كه‌وێت".
مام ره‌سووڵ خدر یه‌كێكه له پیره پیاوانى شاره‌دێى باسرمه، بۆ "وشه" باس له خراپى رێگه‌وبانى ئێسته‌یان ده‌كات به‌تایبه‌ت له‌كاتى هه‌بوونى نه‌خۆشى و حاڵه‌تى فریاكه‌وتندا و ده‌ڵێ، "له باسرمه نه‌خۆشخانه‌یه‌كى ئه‌وتۆ نییه، ئه‌و نه‌خۆشخانه‌ى پێویستیان به چاره‌سه‌رى خێرا هه‌یه، به‌هۆى خراپى و دووریى رێگه لاوه‌كییه‌كانه‌وه، تووشى كێشه و مه‌ترسى ده‌بنه‌وه".
له به‌رامبه‌رد سواره ئه‌كره‌م به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى باسرمه له سنوورى شه‌قڵاوه، به"وشه"ى راگه‌یاند، "له بنه‌ڕتدا رێگه‌كه تایبه‌ت بوو به فڕۆكه‌خانه و خه‌ڵكى باسرمه و ژماره‌یه‌ك گوند به‌ناو فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ریر هاتوچۆى هه‌ریر و شوێنه‌كانى تریان ده‌كرد، به‌ڵام ئێسته به‌هۆى به‌كارهێنانى فڕۆكه‌خانه به‌مه‌به‌ستى سه‌ربازى، رێگه‌كه گیراوه و وه‌ك پێشتر ناتوانن هاتوچۆى لێوه بكه‌ن".
فڕۆكه‌خانه‌ى هه‌ریر له ساڵانى رابردوو هیچ سوودێكى لێ وه‌رنه‌ده‌گیرا، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هاتنى داعش، بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیى هاوپه‌یمانانی لێ نیشته‌جێ كراوه و فڕۆكه‌خانه‌كه بۆ فڕۆكه‌ى سه‌ربازى به‌كار ده‌هێنرێت، هه‌مووى ته‌لبه‌ند كراوه و ناتوانرێ هاتوچۆى تێدا بكرێت.
به‌ڕێوه‌به‌رى شاره‌دێى باسرمه روونى كرده‌وه، "هاووڵاتییان به‌ته‌واوى په‌كى هاتوچۆیان نه‌كه‌وتووه و رێى جێگره‌وه هه‌یه و هاتوچۆى تێدا ده‌كه‌ن، به‌ڵام رێگه‌كه دوور و ناخۆشه بۆ هاتوچۆ، هاووڵاتییان و گوندنیشینان ده‌توانن به رێى مامه‌جه‌لكه-سیساوه، دواتر بۆ هه‌ریر، دواتر ده‌چێته‌وه فنوون و لۆفه‌كانى سپیلك و له‌وێوه بۆ هه‌ریر دێته‌وه".
ئه‌كره‌م ئاماژه‌شى به‌وه دا، "خه‌ڵك مافى خۆیانه داواى رێگه‌یه‌كى نزیك و خۆش بكه‌ن، ئێمه بۆ چاره‌سه‌ركردنى گرفتى رێى هاتوچۆى باسرمه و گونده‌كانى ده‌رخسته‌مان بۆ رێگه‌یه‌ك كردووه تا قیرتاو بكرێت، ئه‌و رێگه‌یه بڕى یه‌ك ملیار دینارى پێویسته و حكوومه‌تى هه‌رێم له‌سه‌ر ئه‌و بڕه پاره‌یه تا ئێسته ره‌زامه‌ندى ده‌رنه‌بڕیوه، داوامان له ئه‌مه‌ریكییه‌كان كردووه ئه‌و رێگه‌یه‌مان بۆ چاك بكه‌نه‌وه و ئه‌وانیش وه‌ڵامێكى دڵخۆشكه‌ریان نه‌داوینه‌ته‌وه".
دووپاتى كرده‌وه، "به‌هۆی فڕۆكه‌خانه‌وه، گونده‌كانى جمه‌سۆر، مه‌رزان، ته‌نگه‌بیر، ئازه‌ران، قاسمیه، باسرمه‌ى سه‌رێ، باسرمه‌ى خوارێ و چه‌ند گوندێكى تر له‌گه‌ڵ سه‌نته‌رى شاره‌دێى باسرمه كێشه‌ى هاتوچۆیان بۆ دروست بووه".
ئه‌و فڕۆكه‌خانه‌یه له سه‌رده‌می رژێمی به‌عس وه‌ك فڕۆكه‌خانه‌ی سه‌ربازی به‌كار ده‌هێنرا و له ساڵی (2003)ه‌وه ئه‌مه‌ریكا ئه‌و ناوچه‌یه وه‌ك باره‌گایه‌كی سه‌ربازی به‌كار دێنێ. ئه‌و ناوچه‌یه له شه‌ڕی عێراق و ئێرانیش به‌كار هات، نزیكه‌ی 115 كیلۆمه‌تر له ده‌روازه‌ی سنووری حاجی ئۆمه‌ران دووره.
باسرمه 15كم له شارۆكه‌ى شه‌قڵاوه و به‌دوورى 59كم له هه‌ولێری پایته‌خت هه‌ڵكه‌وتووه. پێشتر وه‌ك كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی زۆره‌ملێ دروست كراوه، خه‌ڵكی گونده‌كانی خۆشناوه‌تی و دۆڵی بالیسان و مێرگه‌سۆر و باڵه‌كایه‌تی و گونده‌كانی خه‌یلانی و شه‌به‌ك لێ كۆ كراوه‌ته‌وه.
وشه/ باسرمه- مورشید برادۆستى