نەتانیاهۆ و مەكرۆن لە پاریس کۆ دەبنەوە

:: AM:11:18:16/07/2017 ‌

ئەمڕۆ بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بۆ یادكردنەوەی قوربانییە جووەكانی فڕەنسا لەكاتی هێرشی ئەڵمانیای نازی، سەردانی فڕەنسا دەكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ی تەمووز، ئاژانسی هەواڵی BBC رای گەیاندووە، بنیامین نەتانیاهۆ سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل بۆ بەشداریكردن لە رێوڕەسمی یادكردنەوە و گرتنی بەكۆمەڵی جووەكانی فڕەنسا لەكاتی هێرشی ئەڵمانیای نازی و داگیركردنی ئەو وڵاتە لە ساڵی 1942، سەردانی فڕەنسا دەكات.

لەو رێوڕەسمەدا كە هەموو ساڵێك لە پاریس یاد دەكریتەوە، ئیمانوێل مەكرۆن سەرۆك كۆماری فڕەنسایش بەشداری دەكات و بڕیارە دوای رێوڕەسمەكە لەگەڵ نەتانیاهۆ كۆ ببێتەوە.

ساڵی 1942 زیاتر لە 13 هەزار جوو لە پاریس گیران و خرانە ناو یاریگەیەكی گەورەوە و لەوێڕا لەلایەن سوپای ئەڵمانیای نازییەوە گواسترانەوە ئۆردوگای ئاشویتس، بەڵام دوای كۆتاهاتنی شەڕەكە تەنیا 100 كەس لە كۆی ئەو جووە گیراوانە بە زیندوویی مانەوە.

لە فڕەنسا حزبە چەپەكان دژی بەشداری كردنی نەتانیاهۆن لە رێوڕەسمی یادكردنەوەی ئەو قوربانییانە و پێیان وایە بەشداریكردنی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیل پرسی قوربانییەكان بە سیاسیی دەكات.

ئەوە یەكەم سەردانی سەرۆك وەزیرانی ئیسڕائیلە بۆ فڕەنسا لەدوای دەستبەكاربوونی ماكرۆن وەك سەرۆك كۆماری ئەو وڵاتە و دیدارەكەیشیان یەكەم دیدار دەبێت كە دوو سەرۆكی فڕەنسا و ئیسڕائیل بەیەكەوە ئەنجامی دەدەن.

پێشتر ماكرۆن لەگەڵ مەحموود عەباس سەرۆكی حكوومەتی خۆبەڕێوەبەری فەڵەستین لە كۆشكی ئیلیزە كۆبوونەوەیەكیان ئەنجام دابوو و تیایدا داوای رێككەوتنی نێوان ئیسڕائیل و فەڵەستینی لە عەباس كردبوو و دووپاتی لەسەر كۆتاهێنان بە شەڕی نێوانیان كردبووەوە.

سەرچاوە/BBC



وشە - هیدایه‌ت جان