هەولێر 18 تۆن گۆشتی ماوەبەسەرچوو گیرا

:: AM:11:22:16/07/2017 ‌

لیژنە هاوبەشكانی قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەستیان بەسەر 18 تۆن جگەری قەدەغەكراو و گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گرت و قایمقامیش دەڵێ، لێكۆڵینەوەمان دەست پێ كردووە بۆ ئەوەی بزانین لە كوێوە هاتووە.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تەمووز، نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر بەوەكالەت بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، دوێنێ‌ لیژنە هاوبەشكانی قایمقامیەت دەستیان بەسەر 18 تۆن جگەری قەدەغەكراو گۆشتی ماوەبەسەرچوودا گرتووە.

قایمقامی قەزای ناوەندی هەولێر دەڵێت، ئەو بڕە گۆشت و جگەرەی دەستی بەسەردا گیراوە بەپێی ڕێنوێنییەكانی ژینگە و شارەوانی لە ناو بران، هەروەها خاوەی شوێنەكە سزا دراوە، ئێستە لێكۆڵینەوە دەستی پێ كردووە، بۆ ئەوەی بزانرێت ئەو گۆشت و جگەرە لە كوێوە هێنراوە ناو شاری هەولێر.

بەشی زۆری ڕێكخراوە تەندروستییە جیهانییەكان ڕۆژانە هۆشداری دەدەن لەسەر بەكارهێنانی جگەر و مەترسییەكانی بەتایبەت ئەگەر ماوەبەسەرچوو بێت، ڕاستەوخۆ ژەهراوی دەبێت، هیچ جگەرێكیش نابێت 72 سەعات بمێنێتەوە بۆ خواردن.



وشە - رامیار جەواد