ژنان لە هەولێر خۆیان ڕێك دەخەنەوە

:: AM:11:52:16/07/2017 ‌

ڕێكخراوی فریاگوزاری نیشتیمانی نەرویجی، خولێكی ڕاهێنان بۆ ئافرەتان لە چوارچێوەی پڕۆژەی سیدا/ دیموكراسی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ڕێكخستنی ژنان و بەدەرخستنی توانای ژنان ڕێك خست.

ئەمڕۆ یەكشەم 16ـی تەمووز، لۆزان بالیسانی ئەندامی ڕێكخراوی NPOی نەرویجی بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، ئامانجمان لە كۆكردنەوەی ئافرەتانی سەرجەم عێراق، تێگەیشتنە لە تواناكانیان و دواتر خستنەڕووی ئەو توانایانەیە.

زیاتر روونی دەکاتەوە، کۆمەڵگە پێویستی زۆری بە دەرخستن و بەکارخستنی توانای ژنان هەیە، بۆیە ئێمە هەوڵ دەدەین دوای تەواوبوونی ئەو وۆركشۆپە متمانە لای ئافرەتان دروست بكەین بۆ ئەوەی تواناكانیان لە چوارچێوەی كاری نوێ‌ و ئارەزوومەندانە بخەنە ڕوو.

لەو وۆركشۆپەدا زیاتر لە 20 ئافرەت لە هەشت وڵاتی جیاوازی دنیا بەشدارییان كردبوو و تیایدا هەریەكەیان نوێنەرایەتی وڵاتێكی دەكرد.

ڕێكخراوی NPAـە نەرویجی ڕێكخراوێکی خۆبەخشە و ساڵانە زیاتر لە 100 چالاكیی جۆراوجۆر لە بواری كۆمەڵایەتی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دەدات بۆ بەدەرخستنی توانای گەنجان و هێنانە پێشی ئافرەتان.



وشە - رامیار جەواد