ئەزموونی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دنیا باش و قبووڵ كراوە

:: PM:12:08:16/07/2017 ‌

ڕۆژی هەشتی ئەم مانگە، كۆمیتەی باڵای ریفراندۆمی سەربەخۆیی كوردستان كۆ بووەوە و بڕیاری دا شاند ڕەوانەی ئەوروپا و ئەمەریكا و وڵاتانی دراوسێ و بەغدا بكات. ئێوارەی ڕۆژی دووشەمی رابردوو شاندێكی كوردستان بەسەرپەرشتی مەسعوود بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان گەیشتە برۆكسلی پایتەختی بەلجیكا. دوو شارەزا و چاودێری سیاسی ئاماژە بەوە دەكەن، باشووری كوردستان بووەتە ئەمری واقیع و وڵاتان پێشوازی لە شاندەكانی دەكەن و مامەڵەی لەگەڵ دەكەن و پێشوازی لە پرسی ڕیفراندۆم دەكەن.

مامەڵەی وڵاتان لەگەڵ كورد گرنگی ژیاری هەیە
لەسەر پرسی پێشوازی و مامەڵەی ڕاستەوخۆی وڵاتان لەگەڵ كوردستان، ئەبوبەكر كاروانی نووسەر و چاودێری سیاسی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند،  خەبات و تێكۆشانی گەلی كوردستان و فرەوانبوونی قەوارەی قوربانییەكان و جینۆسایدكردنی كورد، ئەو ئاڵوگۆڕەش كە لە دوای ساڵی 1990ەوە لە كۆتاهاتنی جەنگی سارد لەسەر ئاستی دنیا چەند چەمكێكی نوێ هاتە ئاراوە، لەوانە سەروەری وڵاتان و ئەو سیستەمە نێودەوڵەتییەی لە ئارادایە، ئەو گۆڕانكارییانەی لە باشووری كوردستان لە 25 ساڵی ڕابردوو ڕووی داوە، هاوكات ئەو گۆڕانكارییانەیش لە ڕۆژئاوای كوردستان هەن، دوای ئەوەش پێوەندی بە شەڕی داعشەوە هەیە، ئەمانە هەمووی هۆكارن وڵاتان بەڕووی كورددا بكرێنەوە.

هەروەها گوتی، كورد ماوەی 20 ساڵە لە باشوور نیمچە دەوڵەتێكە و دیفاكتۆیەكە و ڕۆڵی هەبووە و بەشدارییەكی كاریگەری شەڕی تیرۆر و داعشی كردووە، ئێستەیش لە دنیادا تەنیا دەوڵەتەكان ڕۆڵ نابینن، بەڵكو كاراكتەرە نادەوڵەتییەكانیش وەك هەرێمی كوردستانیش ڕۆڵ دەگێڕن، ئەو دیفاكتۆیەی لە باشوور و ڕۆژئاوای كوردستان دروست بووە، وای كردووە دنیا ئامادە بێ پێشوازی لە كورد بكات و مامەڵەی لەگەڵدا بكات، هەڵوێستیان بگۆڕێ و گوێ لە داخوازییەكانی كورد بگرن. 

"گومانی تێدا نییە ئەو گۆڕانەی وڵاتان بەرامبەر بە كورد گرنگییەكی ژیاری هەیە، لە سەردەمی شۆڕش تەنیا دەزگە هەواڵگرییەكان پێشوازییان لە نوێنەری شۆڕش دەكرد، بەڵام ئێستە لەسەر ئاستێكی بەرز وەك نیمچە دەوڵەت مامەڵە لەگەڵ باشووری كوردستان دەكەن. بۆیە پێویستە كورد بەسەر ناكۆكییەكان زاڵ بێ و سوود لەو پێگە و مامەڵە و ئاڵوگۆڕانە وەربگرێ كە بەڕێوەن" كاروانی وای گوت.

ئەزموونی كوردستان لای وڵاتان قبووڵ كراوە
هەرچەندە لە ناوخۆ ڕەخنەی زۆر لە ئەزموونی كوردستان دەگیرێ، بەڵام بەلای وڵاتانی دەرەوە ئەزموونی كوردستان بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی تری ناوچەكە، ئەزموونێكی باش و قبووڵ كراوە. سۆران سێوكانی خوێندكاری دكتۆرا و چاودێری سیاسی، بە"وشە"ی ڕاگەیاند، 25 ساڵ لە حوكمڕانی كوردستان، وای كردووە ئەوەی ئێمە لە ناوخۆ لێی ناڕازین، لە دەرەوە تەواو پێچەوانە بێ، لە عێراقی عەرەبیدا ئەوە دووپات كراوەتەوە كە ئەزموونی كوردستان سەركەوتووە و بەخیلیشی پێ دەبرێ. 

بەگوتەی سێوكانی "عێراق لە واقیعدا بووەتە سێ پارچە و بەلای كەمەوە دوو پارچە، ئەمە واقیعێكە و دنیا قبووڵیەتی، لە دووبارە داڕشتنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆڵی هەیە، ئەو هەوڵە دیپلۆماسییەش كە سەرۆكی هەرێم دەستی پێ كردووە و هێزە كوردییەكانیش بە گشتی ڕۆڵی گەورەیان هەبووە لە ناساندنی دەنگی كورد بە وڵاتانی دنیا، هۆكارێكی تریش ئەوەیە بەهۆی ئەو شۆڕشەی زانیاری كە وڵاتانی دنیای داگیر كردووە، هەموو گەلانی ئازادیخواز پرسی كوردیان پێ ئاشنا بووە و پشتیوانی دەكەن. 



وشە - باز ئه‌حمه‌د