چێڵسی بەفەرمی داوای هیگواینی كردووە

:: PM:12:41:16/07/2017 ‌

یانەی چێڵسی ئینگلیزی بەفەرمی دەستەوارەی پێشكەش بە گۆنزالۆ هیگواینی هێرشبەری ئەرجەنتینی و یانەی یۆڤانتۆسی ئیتاڵی كردووە.

رۆژنامەی (زە سەن)ی ئینگلیزی بڵاوی كردەوە: یانەی چێڵسی لەسەر داوای راهێنەرەكەی ئەنتۆنیۆ كۆنتی ئیتاڵی داوای گرێبەستكردنی پێشكەش بە هیگواینی تەمەن 29 ساڵی كردووە.

هیگواین وەرزی رابردوو لە یانەی ناپۆلی ئیتاڵی پەیوەندی بە یانەی یۆڤانتۆسەوە كرد و لە یەكەم وەرزدا لە كۆی 55 یاریی لەسەرجەم پاڵەوانیەتییەكاندا 32 گۆڵی تۆمار كرد.

كۆنتی دەیەوێ بۆ وەرزی داهاتوو پشت بە هێرشبەرێكی شارەزا و بەتوانا ببەستێ دوای ئەوەی دییگۆ كۆستای هێرشبەری ئیسپانی بڕیاریدا ریزی یانەكەیان جێبێڵێ.

یانەكە بەنیازبوو لەم هاوینەدا گرێبەست لەگەڵ رۆمێلۆ لۆكاكۆی هێرشبەری یانەی ئێڤەرتۆنی ئینگلیزی ئیمزا بكات، بەڵام هەفتەی رابردوو یاریزانەكە بەفەرمی پەیوەندی بە یانەی مانچستەر یونایتدەوە كرد.

رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشدا كە دەستەوارە فەرمییەكەی یانەی چێڵسی بۆ هیگواین 88 ملیۆن پاوەن بووە و لە ئێستاشدا چاوەڕێی وەڵامی بەرپرسانی یانەی یۆڤانتۆس دەكات.
 




وشە - ئامانج ئه‌كره‌م