كۆلیسترۆڵی باش و خراپ چین؟

:: PM:01:18:16/07/2017 ‌

بەرزی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێن بە یەكێك لە ترسناكترین نیشانەكانی سەرهەڵدانی جەڵتەی دڵ و ئیفلیجی مێشك لە مرۆڤ دادەنرێت، هاوكات هاوسەنگی لە ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە رووی زانستی پزیشكییەوە بە بایەخەوە بەدواداچوونی بۆ دەكرێت لە هەوڵی گێڕانەوەی ئاستی كۆلیسترۆڵ بۆ ڕێژەی ئاسایی ئەویش لە ڕێی گۆڕانكاری لە شێوازی ژیان و بەكارهێنانی چارەسەر و پێدانی Statins كە بە یەكێك لە چارەسەرە باوەكان هەژمار دەكرێت بە مەبەستی كەمكردنەوەی ئاستی بەرزی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا.

كۆلیسترۆڵ بە جۆرێك لە چەوری خوێن دادەنرێت و‌ پێكهاتەی دیواری خانەكانی لەش پێك دەهێنێت، یەكێك لە سیفەتەكانی چەوری یاخود كۆلیسترۆڵ كە تێكەڵ بە خوێن نابن و لە ڕێی خوێنەوە ناگوازرێنەوە، بەڵكو لە ڕێی پێكهاتەی تایبەتی پرۆتینی ناسراو بە لیپۆپرۆتین Lipoprotein لە سوڕی خوێندا دەمێننەوە و لەكاتی پێویست دەگوازرێنەوە بۆ خانە و شانەكانی لەش و دواتر دەگەرێندرێنەوە بۆ جگەر لە ڕێی لیپۆپرۆتینی تایبەتەوە ناسراو بە ( High Density Lipoprotein HDL) و ( Low Density Lipoprotein LDL)، هاوكات بە مەبەستی زانینی بەرزی یاخود نزمی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا لە ڕێی پێوەری تاقیگەیی تایبەتەوە پێوانە بۆ ڕێژەی هەریەك لە لیپۆپرۆتینی باش HDL (بەرپرسە‌ لە كەمكردنەوەی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێن كە بە كۆلیسترۆڵی باش دەناسرێت) و خراپ LDL (بەرپرسە‌ لە زیادكردنی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێن كە بە كۆلیسترۆڵی خراپ دەناسرێت) دەكرێت.

بەپێی توێژینەوە پزیشكییەكان، بەرزی یاخود نزمی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا هیچ نیشانەیەكی ڕوونی لە جەستەی مرۆڤ دەرناكەوێت، هەر لەبەر ئەو هۆیەیە كە لێكەوتی خراپ و لەناكاوی لێ دەردەكەوێت وەك جەڵتەی دڵ و ئیفلیجی مێشك، هاوكات دەزگە تەندروستییەكان و پزیشكان بە بەردەوامی لە هەوڵی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییانن بەوەی كە پێویستە لە كەسانی سەروو تەمەنی ٤۰ ساڵی تەندروست‌ لە خۆراك و شێوازی ژیان دوو جار یاخود جارێك ساڵانە‌ پشكنین بۆ ڕێژەی كۆلیسترۆڵی باش و خراپی خوێن بكرێت، تا پێشبینی هەر كێشەیەكی تەندروستی نەخوازراو بكرێت و چارەسەری تایبەتی بۆ دابین بكرێت.

لە رووی زانستییەوە ناتەواوی یاخود بەرزیی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا بۆ چەند هۆكارێك دەگەڕێتەوە كە بریتین لە بەرزی ڕێژەی وزەی دەستكەوتوو لە خۆراك و بەرزی ڕێژەی كاربۆهێدرات و قەڵەوی و‌ ئەنجامنەدانی چالاكی وەرزشی و جگەرەكێشانی بەردەوام و خواردنەوە كحوولییەكان. هاوكات لەگەڵ كێشە تەندروستییەكانی جگەر و گورچیلە و بەرزی ڕێژەی كۆلیسترۆڵ بە شێوەیەكی بۆماوەییش لە هەندێ خانەوادە بوونی هەیە.

چارەسەری ڕێژەی بەرزی كۆلیسترۆڵ لە خوێندا بە چەند شێوازێك ئەنجام دەدرێت بە مەبەستی دووبارە دروستكردنەوەی هاوسەنگی و گەڕانەوەی بۆ دۆخی تەندروست، سەرەتا لە ڕێی گۆڕانكاری باشی شێوازی ژیان دەبێت لە خواردنی تەندروست و زیادكردنی ژەمەكانی خواردنی سەوزە و میوە و دووركەوتنەوە لەو جۆرە خواردنانەی كە ڕێژەی بەرزی چەوری و كاربۆهێدراتی تێدایە و ئامادەكردنی خۆراك لە ماڵەوە و بەدووركەوتن لە خواردەمەنییە ئامادەكراوەكان و ئەنجامدانی چالاكی وەرزشی بە شێوەیەكی بەردەوام و ڕۆیشتن بۆ 30 خولەك یا زیاتر لە پێنج ڕۆژی هەفتەیەكدا، هەروەها دووركەوتنەوە لە خواردنەوە كحوولییەكان و جگەرەكێشان. 

بەڵام ئەگەر ڕێژەی كۆلیسترۆڵ لە ئاستە ترسناك و هەرە بەرزەكان بوو، ئەوكات پزیشكی پسپۆڕ بڕیار لەسەر پێدانی چارەسەری Statins دەدات بە تایبەت بۆ ئەو كەسانەی نەخۆشیی درێژخایەنیان هەیە وەك نەخۆشیی شەكرە بە مەبەستی خێرا گێڕانەوەی ئاستی بەرزی كۆلیستڕۆڵی خراپی خوێن LDL بۆ ئاستێكی تەندروست.

به‌ریتانیا/ تۆڵه‌ فه‌ره‌ج.
* سەرچاوە: دەزگای Diabetes Digital Media



وشە - باز ئه‌حمه‌د