كۆمیته‌ى ریفراندۆم ئۆفیسی سكرتارییه‌ت و چه‌ندان لیژنه‌ى ده‌بێت
ئه‌ندامێكى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم ده‌ڵێ، ده‌رگه به ڕووى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى دانه‌خراوه و هه‌ردوولا له كۆمیسیۆن كار بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم ده‌كه‌ن. ئه‌بو كاروان سه‌رۆكى فراكسیۆنى حزبی شیوعی له په‌رله‌مانى كوردستان، له‌م چاوپێكه‌وتنه تایبه‌ته‌دا له‌گه‌ڵ "وشه" ئاشكرای ده‌كات كه كه‌ناڵى پێوه‌ندی له نێوان پارتى و گۆڕان هه‌یه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوانیان و پارتى ئاماده‌یه سه‌ردانى گۆڕان بكات. باسی له‌وه‌ش كرد "دواى گه‌ڕانه‌وه‌یان له ئه‌وروپا، شانده‌كه سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن و له‌گه‌ڵ كوتله‌كانى په‌رله‌مان و حكوومه‌تى عێراقی كۆ ده‌بنه‌وه".
پاساوی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى له ده‌ستنیشان نه‌كردنى نوێنه‌ریان دیاره، به‌ڵام یه‌كێتى شاندی له كۆبوونه‌وه‌كه بوو و دواتریش خوێندنه‌وه‌ى جیاوازی بۆ كرا. پرسیاره‌كه ئه‌وه‌یه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌وان چۆن خۆیان ناساند و بۆچى یه‌كێتى به‌فه‌رمی نوێنه‌ری ده‌ستنیشان نه‌كرد؟
ئه‌مه زیاتر پێوه‌ندی به بارودۆخى یه‌كێتیی نیشتمانیى كوردستان هه‌یه، لێدوانه‌كانى پێش و پاش كۆبوونه‌وه‌كه له‌لایه‌ن به‌رپرسانى یه‌كێتییه‌وه دوولایه‌ن بوو. ئه‌وان له كۆبوونه‌وه‌كه به رژدی و حه‌ماسه‌وه له‌گه‌ڵ كاركردندا بوون بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم، دكتۆر نه‌جمه‌دین گوتى ئێمه له كه‌ركووك چه‌ند هه‌نگاوێكمان ناوه بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم، كاك قوبادیش باسی رژدیى حكوومه‌تى كرد له‌سه‌رخستنى ریفراندۆم، له داهاتوودا ده‌رده‌كه‌وێ كێ له‌گه‌ڵ ریفراندۆمه و كێ له‌گه‌ڵیدا نییه.
كۆمیته‌كه ده‌ستنیشان كرا، ئایا ده‌رگه‌ی به‌ڕووى گۆڕان و كۆمه‌ڵ داخراوه بۆ ده‌ستنیشانكردنى نوێنه‌ریان؟
نه‌خێر ده‌رگه دانه‌خراوه، له كۆبوونه‌وه‌كه‌یش قسه له‌سه‌ر ئه‌وه كرا سه‌ردانى هه‌ردوولا بكرێت، هه‌وڵه‌كان به‌رده‌وام بێت تا هه‌ردوولایه‌ن به‌شداری بكه‌ن له ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم و سه‌رخستنى ریفراندۆمه‌كه. له به‌یاننامه‌كانی بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵى ئیسلامى نه‌یانگوتووه دژى ریفراندۆمین، به‌ڵام پێوه‌ستیان كردووه به كاراكردنه‌وه‌ى په‌رله‌مان، پرسی سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم و چاره‌سه‌ركردنى كێشه سیاسییه‌كان، ئه‌مه هه‌ڵوێستى حزبی شیوعییشه، به‌ڵام جیاوازیى ئێمه و ئه‌وان ئه‌وه‌یه ئێمه به‌شدارین و ئه‌وان پچڕاندوویانه.
له كۆبوونه‌وه‌كه قسه له‌سه‌ر ئه‌وه كرا بارزانى سه‌ردانی سلێمانى بكات بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان؟
نه‌خێر، به‌ڵام قسه له‌سه‌ر ئه‌وه كرا هه‌موو هه‌وڵێك بدرێت بۆ به‌شداریكردنى گۆڕان و كۆمه‌ڵ. بارزانى داوای كرد چۆن په‌رله‌مان كارا ده‌كه‌نه‌وه با بكرێت.
ئه‌ى ئه‌وه‌ى پێوه‌ندى به یاسای سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێمه‌وه هه‌بێت؟
ده‌توانرێت به‌رێككه‌وتنێكى هاوبه‌ش ئه‌و پرسه چاره‌سه‌ر بكرێت، گرفته‌كه له‌وه‌دایه لایه‌نه ناكۆكه‌كان پێشتر له‌گه‌ڵ یه‌كتر كۆ نه‌ده‌بوونه‌وه كه ئه‌مه گرێى ده‌روونى دروست ده‌كات. پاش سه‌ردانیكردنى كۆمه‌ڵى ئیسلامی، پارتى ئاماده‌یه سه‌ردانى بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان بكات و كه‌ناڵى پێوه‌ندیشیان له نێواندا هه‌یه، هاوكات هه‌ردوولا له كۆمیسیۆنى راپرسی و هه‌ڵبژاردنى هه‌رێم نوێنه‌ریان هه‌یه و به رژدی كار بۆ سه‌رخستنى ریفراندۆم ده‌كه‌ن.
دواى پێكهێنانى كۆمیته‌كه، راسته‌وخۆ شاندی ریفراندۆم سه‌ردانى یه‌كێتیى ئه‌وروپاى كرد به‌ر له‌وه‌ى هه‌یكه‌لیه‌تى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم ده‌ستنیشان بكرێت، له كۆبوونه‌وه‌كه قسه له‌سه‌ر هه‌یكه‌لیه‌تى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم كرا؟
به‌ڵێ قسه‌ى له‌سه‌ر كرا، به‌ڵام سه‌ردانه‌كه پێشتر واده‌كه‌ى ده‌ستنیشان كرابوو ده‌بوو بكرێت، پاش گه‌ڕانه‌وه‌یان هه‌یكه‌لیه‌تى ئه‌نجوومه‌نه‌كه و ئۆفیسى تایبه‌تی بۆ داده‌نرێت.
چه‌ند لیژنه‌ى ده‌بێت؟
لیژنه‌ى راگه‌یاندن، ته‌كنیكى له‌گه‌ڵ كۆمیسیۆنى راپرسی و هه‌ڵبژاردن، هاوئاهه‌نگی و گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى هه‌رێم، سه‌ردانیكردنى به‌غدا، وڵاتانى عه‌ره‌بی و لیژنه‌ی تریش به‌پێى پێویست. له هه‌موو لیژنه‌كاندا لایه‌نه به‌شداره‌كانى ئه‌نجوومه‌نى باڵاى ریفراندۆم نوێنه‌ریان ده‌بێت. جگه له‌مه، ئه‌نجوومه‌ن به‌رنامه‌یه‌كى ده‌بێت بۆ پێش ریفراندۆم كه چى بكات و به‌رنامه‌یه‌كى تریشی ده‌بێت بۆ دواى ریفراندۆم، چی بكات.
چ بنه‌مایه‌ك ده‌ستنیشان كرا وه‌ك پێوه‌ر بۆ سه‌ركه‌وتنى ریفراندۆمه‌كه؟
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گوتمان نابێت 50 كۆ یه‌ك وه‌ك پێوه‌ر ده‌ستنیشان بكرێت، به‌ڵام چه‌نده ده‌نگه‌كان زیاتر بن، كاریگه‌رى له‌سه‌ر نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى دنیا زیاتر ده‌بێت.
خه‌ڵك نیگه‌رانه، ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریى له‌سه‌ر ریفراندۆمه‌كه هه‌یه، له كۆبوونه‌وه‌كه هیچ بڕیارێكى له‌سه‌ر درا؟
وه‌ك بڕیار نا، به‌ڵام باس له‌وه كرا ئه‌گه‌ر دۆخى گوزه‌رانى خه‌ڵك به‌م جۆره بمێنێته‌وه، به‌جۆرێك له جۆره‌كان كاریگه‌رى ده‌بێت، به‌ڵام ناگاته ئاستى مه‌ترسی، چونكه خه‌ڵكى كوردستان به‌شی زۆری حزبین و پابه‌ندن به بڕیارى حزبه‌كانیان، بۆیه ئه‌گه‌ر حزبه‌كانى تریش بێنه ناو كۆمیته‌كه، ده‌نگه‌كان زۆر زیاتر ده‌بن.
ئێسته به‌ره‌ى ریفراندۆم و دژه ریفراندۆم دروست بووه و یه‌كتریش تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن، چى ده‌كه‌ن بۆ چاره‌سه‌ری ئه‌وه؟
ده‌بێت راگه‌یاندن چیتر به‌ره‌ى ریفراندۆم و دژه ریفراندۆم زه‌ق نه‌كاته‌وه، كۆده‌نگی كۆبوونه‌وه‌كه ئه‌وه‌بوو ئه‌و شێوازی راگه‌یاندنه به راست نازانرێت. وه‌ك حزبی شیوعی گوتمان زیاتر لایه‌نگرانى به‌ره‌ى ریفراندۆم تۆمه‌تى خیانه‌ت ده‌خه‌نه پاڵ به‌ره‌ى دژه ریفراندۆم، بۆیه ئه‌مه ناهه‌قییه و كاریگه‌ری هه‌یه ته‌نانه‌ت له‌سه‌ر پێوه‌ندییه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان، به‌ڵام به‌ره‌ی دژه ریفراندۆمیش تۆمه‌ت و جنێو ده‌ده‌نه ئه‌وانه‌ى پشتگیری ده‌كه‌ن، ئه‌مه‌ش نابێت و هه‌ڵه‌یه.
ئه‌گه‌ر بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان و كۆمه‌ڵ به‌شدار نه‌بن، ده‌توانن ریفراندۆم شكست پێ بێنن؟
له سیاسه‌تدا ئه‌سته‌م نییه، ئومێدم هه‌یه پێش ریفراندۆم كێشه‌كان چاره‌سه‌ر ده‌بن و ئه‌وانیش نوێنه‌ریان ده‌بێ له كۆمیته‌كه، چونكه هیچیان به‌یه‌ك نه‌كردووه به به‌راورد به‌وه‌ى پارتى و یه‌كێتى به‌یه‌كیان كردووه. بزووتنه‌وه‌ى گۆڕان داواى هه‌مواری یاسای سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم ده‌كات و ئه‌مه‌ش قابیلی گفتوگۆیه، گۆڕان كاتێ دوو پڕۆژه‌یاسای له په‌رله‌مان پێشكه‌ش كرد له‌باره‌ى پرسی سه‌رۆكایه‌تیى هه‌رێم، له‌گه‌ڵ پارتى له‌سه‌ر زۆر شت رێك كه‌وتن.
به‌گوێره‌ى یاسا په‌رله‌مان مه‌رجه‌عه، هه‌م كۆمیته‌كه و هه‌میش یاسایه‌ك نییه بۆ ریفراندۆم، ئه‌مه له‌رووى یاسایییه‌وه له سه‌نگی ریفراندۆمه‌كه كه‌م ناكه‌ته‌وه؟
ده‌بێت هه‌موو ده‌رگه نه‌رێنییه‌كانى سه‌ر ریفراندۆم دابخه‌ین، ئه‌گه‌ر ئه‌مه بكه‌ین سه‌ركه‌وتنى باشتر به‌ده‌ست ده‌هێنێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مه نه‌كرێت خاڵی نه‌رێنی دێته سه‌ر ریفراندۆمه‌كه و ده‌نگیش كه‌م ده‌هێنێت، بۆیه هه‌موو پاكێجهكان په‌یوه‌ستن به‌یه‌كه‌وه.
كه‌ی سه‌ردانى به‌غدا ده‌كه‌ن؟
دواى گه‌ڕانه‌وه له ئه‌وروپا، سه‌ردانى به‌غدا ده‌كات و له‌گه‌ڵ كوتله‌كانى ناو په‌رله‌مان، حكوومه‌ت و لایه‌نه سیاسییه‌كان كۆ ده‌بێته‌وه.
هیچ داوه‌تنامه‌یه‌كى تر له وڵاتانى تره‌وه به‌ده‌ستتان گه‌یشتووه؟
نه‌خێر، به‌ڵام كۆمیته‌كه خۆی داواكاری سه‌ردانیكردن پێشكه‌ش ده‌كات. به‌تایبه‌ت بۆ رووسیا، ئه‌مه‌ریكا، چین، توركیا، ئێران و وڵاتانى عه‌ره‌بی. ئه‌م سه‌ردانانه پێش ریفراندۆم ده‌كرێت، دواى ریفراندۆمیش سه‌ردان ده‌كرێت.